ماڵئاوا شەهید رزگار، شەهیدی سەروەریی یاسا

09:28 - 2024-03-03
ڕاپۆرت
2596 جار خوێندراوەتەوە

هەڵكەوت زەنگەنە*


ئەمجارەش، باس باسی ماڵئاواییە، برینی ئەمجارەشمان بە ئازار و ناخهەژێنە، بەڵام مایەی شانازی و سەربەرزییە، چونكە باسی شەهیدبوونی ئازیزێكی دیكەی بنەماڵەكەمانە و ئەمەش كاروانێكی بێ كۆتایە، ئەمە قەدەری بنەماڵە و ناوچە و وڵاتەكەمانە، كە هێشتا برینێكمان ساڕێژنابێت، برینێكی دیكە ناخ و دڵمان دەهەژێنێت. ئەمجارەش ئەگەرچی زۆر زەحمەتە، بەڵام باس باسی دواماڵئاوایی و شەهیدبوونی كاكە رزگارە.

یانزەیەمین شەهیدی خانەوادەكەی
شەهید رزگار شەهید ئەحمەد خەلیفە حەسەن زەنگەنە لە ساڵی 1980 لە گوندی (بنەكە)ی سەر بە ناحیەی قادركەرەم لە ناوچەی گەرمیان لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر لەدایكبووە. یانزەیەمین شەهیدی خانەوادەكەیەتی، بنەماڵەكەشی خاوەنی چەندین تێكۆشەر و شەهید و ئەنفالكراون.
لە تەمەنی 15 ساڵیدا و لە ساڵی 1995 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.
شەهید رزگار بەهۆی وەفاداریی بۆ كەسوكار و خانەوادە و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و خاك و گەلەكەی، هەر لە سەرەتای لاوێتی و لە تەمەنی 17 ساڵیدا و لە ساڵی 1997، كە ئەوكات بە ئاوارەیی لە شارۆچكەی تەیناڵ لە ناوچەی بازیان، ژیانیان بەسەر دەبرد، پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە فەرماندەیی حەوتی سلێمانی، بەبێ دابڕان بەردەوام بووە لە خەبات و تێكۆشان لەپێناوی ئازادی و سەرفرازیی گەلی كوردستاندا، لەو پێناوەشدا لە كاتی پڕۆسەی ئازادیی عیراق و رزگاركردنی شاری كەركوك، بەرگریكردن لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان، رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
پاشان گواستراوەتەوە بۆ هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، ماوەی زیاتر لە 11 ساڵیشە ئەركەكەی گواستراوەتەوە بۆ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و لەو ماوەیەدا و تاكاتی شەهیدبوونی، شەو و رۆژی خستبووە سەریەك و بە شاهیدی ئەفسەران و هاوڕێ و هاوپیشەكانی، كەسێكی دڵسۆز و پەرۆش بووە بۆ كارەكانی و بەسەركەوتوویی ئەركەكانی جێبەجێكردووە، هەر لەمیانی جێبەجێكردنی ئەركەكانی و لەپێناوی سەروەریی یاسادا لە ساڵی 2021، لە كاتی ئەركدا بە سەختی برینداربوو.
شەهید رزگار لە ساڵی 2005، ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو ژیان مەحموددا پێكهێناوە و دوو كوڕ و دوو كچی لەدوای خۆی بۆ خزمەتی نیشتمان بەجێهێشتووە بەناوەكانی كاكە رامیار لەدایكبووی ساڵی 2007، دادە سۆزیار 2011، دادە مینا 2017، كاكە رۆمان 2018.

خۆی و هاوسەرەكەی دووربوون لە نازی باوك
شەهید رزگار لەبەرئەوەی هەم خۆی، هەم هاوسەرە بەڕێزەكەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوكیان گەیشتبوونە كاروانی شەهیدان، بەو هۆیەوە لە سۆز و نازی باوك بێبەشبوون، بۆیە نازێكی زۆری دەبەخشییە منداڵەكانی و باوكێكی خەمخۆر و میهرەبان بوو بۆیان، بەڵام زۆر بەداخەوە ئێستا منداڵەكانیشی هاوشێوەی دایك و باوكیان، لە سۆز و نازی باوك بێبەشن.
كارەساتی ئەنفال لە ساڵی 1988، خەمێكی قووڵی بۆ خانەوادە و بنەماڵەی شەهید رزگار بەجێهێشت، خەمێك كە تاكۆتایی ژیان لەگەڵماندایە و هەرگیز لەبیر ناكرێت.
شەهید رزگار لەژیانیدا تووشی چەندین ناخۆشی و نەهامەتی بووە و خێزانەكەی 12 جار دەربەدەر و ئاوارەبوون، دوای شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1991 كاتێك لە شاری چەمچەماڵ لە ژیانێكی سەخت و بێ باوكیدا بوون، بەداخەوە كاكە بەختیاری برای لە تەمەنی 7 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییكردووە، هەروەها شەهید نەجات-ی برای لە تەمەنی 16 ساڵیدا و لە ساڵی 1999 گەیشتە كاروانی شەهیدان، لەكاتێكدا برینی لەدەستدانی ئەو ئازیزانە، لای پوورە نەدیم دایكی شەهید رزگار، كاكە ئەیوبی برای و دادە ئارەزووی خوشكە تاقانەكەی و خزم و دۆستان، هەمیشە برینێكی پڕ ئازار بوو، بەداخەوە شەهیدبوونی كاكە رزگاریش، خێزان و خانەوادە و بنەماڵە و خزمانی هێندەی تر بریندار كرد، برینێك كە هەرگیز ساڕێژ نابێت.

هەمیشە لە ریزی پێشەوە بوو  بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش
شەهید مفەوەز رزگار كەسێكی ئازاو چاونەترس بوو. هەمیشە لە ریزی پێشەوە بوو بۆ داكۆكی لە مافی گشتی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش و دڵسۆز و خەمخۆری هەمووان بوو.
 لە ساڵی 2023دا، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، رۆڵی بەرچاوی هەبوو بۆ هاندانی خەڵك بۆ دەنگدان و سەلماندنەوەی كوردستانیبوونی كەركوك.
لە بواری كۆمەڵایەتیشدا كەسێكی خۆشەویست و خاوەن رێز و پێگەیەكی دیار بوو، كوڕێكی دڵسۆز بۆ دایكی، برایەكی خەمخۆر بۆ خوشك و براكەی، هاوسەرێكی بەوەفا بۆ دادە ژیان و باوكێكی میهرەبان بۆ منداڵەكانی، هاوكات لەناو خزم و ئازیزان و تەنانەت هاوڕێ و هاوپیشەكانیدا، خۆشەویستی هەمووان بوو. لەڕووی دینداریشەوە، كەسێكی راستگۆ و لەخواترس بوو.
بەداخەوە كاكە رزگار شەوی 21\22ی1ی2024، لە كاتی ئەركی رەسمی و لەپێناوی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئارامی و بەرگریكردن لە سەروماڵی هاووڵاتیان، لە سلێمانی شەهیدكرا و ماڵئاوایی یەكجاریی لێكردین و گەیشتە كاروانی شەهید ئەحمەدی باوكی، شەهید نەجاتی برای، سێ مامی شەهیدی و شەش خاڵۆی شەهیدی و كاروانی شەهیدانی گەلەكەمان.
ئارام بنوو كاكە رزگار، چۆن تۆی ئازیز وەفاداربوویت بۆ هەمووان، دوای تۆش هەمووان بۆ تۆ بەڕاستی وەفادار و دڵسۆز بوون.
ئارام بنوو، كاكە گیان، هەموومان سەربەرزین بە ناوەكەت، بە ژیانی پڕ دەردەسەری و سەرفرازیت، تەنانەت هەموومان سەربەرزین بە شەهیدبوون و دواماڵئاواییت.
*پورزای شەهید

 

شەهیدان نەجات ئەحمەد، رزگار ئەحمەد، مەحمود محەمەد قارەمان شارۆچكەی تەیناڵ ساڵی 1997

ئەمڕۆ چلەی ماتەمینیی شەهید رزگار ئەحمەد حەسەن بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەكشەممە  2024/3/3، لە سلێمانی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی شەهید رزگار شەهید ئەحمەد خەلیفە حەسەن زەنگەنە، شەهیدی سەروەریی یاسا، بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمەكە سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر- هۆڵی چێوار بەڕێوەدەچێت.



بابەتە پەیوەندیدارەکان