ئا: فەرید دڵشاد
زیرەكی دەستكرد لە بابەتە گەرمەكانی رۆژە، هەموو جومگەكانی ژیانی مرۆڤی تەنیوە، لەو ساتەوەی مرۆڤ پێی خستۆتە سەر زەوی گۆڕانكاری لەم شێوەیە رووینەداوە، زیرەكی دەستكرد گۆڕانكاری ریشەی دەكات لە ژیانی مرۆڤەكاندا، لە نوێترین هەنگاویشیدا بە نووسن دەتوانێت ڤیدیۆ دروست بكات.
كۆمپانیای OpenAI مۆدێلێكی نوێی بەناوی SORA دروستكرد، ئێستا دەتوانیت لە رێگەی نووسینەوە ڤیدیۆ و كلیپی راستەقینە دروست بكەیت، ماوەكەی دەگاتە یەك خولەک ئەویش تەنها بە دانانی تێكست خۆی ڤیدیۆكەت بۆ دروست دەكات، كۆمپانیای OpenAI دەڵێت هێشتا SORA لەژێر تاقیكردنەوەدایە.
ئەو ڤیدیۆ كلیپەی SORA دروستی دەكات، كوالێتییەكی بەرزی هەیە، جگە لەوەش لە توانایدایە دیمەنی ئاڵۆز دروست بكات كە كارەكتەر و جۆری تایبەت لە جووڵە لەخۆ دەگرێت، جگەلەوە دەتوانێت وێنەی وەستاو بكات بە ڤیدیۆ كلیپ، یان كلیپێك زیاتر فراوان بكات، شارەزایان دەڵێن، ئەم داهێنانە هەم باشە هەم خراپ.
دەرفەتێكی زێڕینە لەلایەن SORA وە دەدرێت بە هونەرمەندان و دیزاینەر و سینەماكاران و رۆژنامەنووسان بۆ دەوڵەمەندكردنی كارەكانیان بە دیدێكی نوێ، لەلایەكی دیكەوە رەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت ئەم داهێنانە جیهانی دیجیتاڵی بەرەو رێگەیەكەی نادیار دەبات و كاریگەری خراپ بەكارهێنانی دەبێت لەلایەن بەكارهێنەرانەوە.
چەند کلیپێکی بەردەستە
كۆمپانیای OpenAI ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەتا ئەم داهێنانە دەخاتەبەردەست ژمارەیەكی سنووردار لە شارەزایان لە چوارچێوەی قۆناغێكی تاقیكردنەوەدا، هەروەها بانگهێشتیان دەكات بۆ پێشكەشكردنی پێشنیارەكانیان بۆ دروستكردنی ڤیدیۆ كلیپ، لە ئێستادا لەسەر پێگەی SORA چەند ڤیدیۆ كلیپێك بەردەستن.
كۆمپانیای OpenAI خۆی كەموكورتییەكانی مۆدێلی SORAی دیاریكردووە، لەوانە سەرلێشێواوی لەنێوان لای راست و چەپ، یان بێتوانایی لە پاراستنی بەردەوامی ڤیدیۆكە، كۆمپانیاكە نموونەی ڤیدیۆكەی هێناوەتەوە كە كەسێك گاز لە بسكیتێك دەگرێت، رەنگە شوێنی گازەكە لەسەر بسكیتەکە دەرنەكەوێت.
تۆماس بێڵینگەر یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای Bookpack Productions دەڵێت: « SORA زریانێكە ناوەستێنرێت» لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای (یوبی سۆفتی) فەرەنسی بۆ ڤیدیۆ گەیمەكان پێشوازی لەو داهێنانەكردووە و رایگەیاندووە، ماوەیەكی زۆرە بۆ ڤیدیۆ گەیمەكان بەدوای ئەو داهێنانەوەن.
باسیل سیمۆن توێژەر لە زانكۆی ستانفۆرد لە ئەمریكا ترسی هەیە ئەم داهێنانە لە هەڵبژاردنەكاندا بەكاربهێنرێت بۆ لایەنی نێگەتیڤ، دەشڵێت: «ترسی ئەوەمان هەیە لە داهاتوودا خەڵك خۆی لە دۆخێكدا ببینێتەوە نەزانێت باوەڕ بەچی بكات، هەروەها جولیان بەین پێشكەشكار لە كەناڵی ئیڤینۆ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: «لەدوای ئەم داهێنانەوە ئیتر ئاسان نییە ڤیدیۆی ساختە لە راستەقینە جیابكەینەوە».
سەرچاوە: الجزیرة