فێستیڤاڵی تۆرۆ ناگاشی لە ژاپۆن

09:49 - 2024-03-03
دووتوێ
101 جار خوێندراوەتەوە
زیاتر لە 100 هەزار کەس دەچنە بینین و بەشداریکردن لە دیمەنەکانی فێستیڤاڵەکە

فێستیڤاڵی Toro Nagashi واتە «چرای دەریا» گردبوونەوەیەکی ئاهەنگ ئامێزی ژاپۆنییەکانە لەدوای جەنگی جیهان ی دووەم و ماوەی 80 ساڵە هەموو ساڵێک لە مانگی ئاب و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەریەک لەیادی قوربانیانی کارەساتی هیرۆشیما و بوومەلەرزەی ساڵی 1923 رێکیدەخەن، لەم رۆژەدا رێز لە مردووەکانیان دەنێن بە هەڵکردنی زیاتر لە 10 هەزار چرا و مۆم و بەڕێکردنیان لە ناو دەریای سۆمێدای نزیک لە تۆکیۆ و هیرۆشیما ئەو یادە دەکەنەوە و پێیان وایە بەو رێوڕەسمە رۆحی پاک دەکەنەوە بەر قوربانییەکان و لە هەموو گوناهێک پاکیان دەکەنەوە، کاتی دەستپێکردنی فێستیڤاڵ هەر سێ رۆژەکە لەدوای خۆرئاوابوونەوە لەو کاتەی شەپۆلی دەریا لەنگەر دەگرێ و هێمن هێمن لەقەراغ کەناری شار دەدات، لەو کاتەدا زیاتر لە 100 هەزار کەس دەچنە بینین و بەشداریکردنی دیمەنەکانی فێستیڤاڵ.

دەریا دەبێتە تابلۆ
لەو ئێوارانەدا رووناکی چراکان لەگەڵ سەرابی دەریا و حەشاماتی خەڵک دەبێتە تابلۆیەکی ئەفسوناوی و بەدەم سەمفۆنیایەکی کلاسیک رەحمەت بۆ کەسە مردووەکانی خۆیان دەنێرن، ئەوەی دەچێتە ئەوێ مرۆڤدۆست و نیشتیمانپەروەرە و لەبەرامبەر وەفا و دڵسۆزیەکەیدا بۆ ئەوانەی چوونەتە ژێر خاک چرایەک دادەگیرسێنێ و بەناو دەریادا بەڕێی دەکات، بەو چرایە چاکە و وەفای خۆیان بەیان دەکەن، لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە دەکرێتە پشوو و درێژترین پشووی رەسمییە، لەم رۆژانەدا وەک جەژن خەڵکی سەردانی یەکتر دەکەن، بەیەکەوە دادەنیشن و ناندەخۆن، دیاری پێشکەش دەکەن و منداڵان جەژنانە وەردەگرن.

رێزلێنان لە مرۆڤایەتی
ئەو فێستیڤاڵە بە بچووکی و لەکاتی تردا لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، لەکۆتایی ساڵ و لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی ساڵی تازەش سازدەکرێ و مەبەستیان لێی ئاسودەکردنی رۆحی قوربانی و مردووەکانیانە، هەروەها بەو چرا ئارام و تروسکاییانە یادی کەسە خۆشەویست و ئازیزەکانیان دەکەنەوە، هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا هاتوون لەو فێستیڤاڵەدا یادی قوربانیەکانیان دەکەنەوە، وەک جەنگی جیهانی، هیرۆشیما، بوومەلەرزە و لافاو و کارەساتی تری سروشتی و هەموو ئەوانەی مرۆڤیان تێدا کوژراوە، لە فێستیڤاڵدا نزایان بۆ دەکرێت بە پاکی و بێگەردی بچنە حزووری خودا وەک مرۆڤی پاک رەفتاریان لەگەڵ بکرێت.
فێستیڤاڵی بوزییەکان
سەرەتا و لەدێر زەمانەوە ئەم فێستیڤاڵە تایبەت بووە بە ئاینی بوزی و ئەو ئاینپەرستانەی سەربەو ئایینە بوون ئەو رێورەسمەیان کردووە، ئەوان وایان لێکداوەتەوە کە مرۆڤ لە دەریاوە دروست بووە، بۆیە ئەو چرایانەیان بۆ هەڵدەکەن تا مردووەکانیان بەهۆی ئەو تروسکاییەوە بچنەوە ناو دەریا و رۆحیان شادبێتەوە بەئاو، ئەو چرایانە بە شێوازی جۆراوجۆر و بەدیزاینی جوان و رەنگاوڕەنگ دروست دەکرێن، هەر رەنگەی مانایەک دەبەخشێت بۆ نموونە رەنگی سپی گوزارشت لە مردووەکانی ساڵی رابردوو دەکات، ئەو فێستیڤاڵە ئێستا بووە بە کەلتورێکی باوی کۆمەڵایەتی لەسەرتاسەری وڵات و حکومەت بە رەسمی بەڕێوەی دەبات.

سەرچاوە: گۆڤاری Der Spiegel

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان