راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید
ئاشکرایە رۆژگار زۆر بەخێرایی گوزەر دەکات تەمەن لەگەڵ خۆی دەبات و یادگاری و سەروەرییەکان بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێدەهێڵێت، کۆیە خەرمانێک لە دەستکەوتی مێژوویی و سەروەری و شانازی هەیە، خاوەنی سەدان پێگەی شوێنەواریی و خاڵی کەلەپورییە، یەکێک لەوانە «قەیسەری کۆنە» مێژوویەکی دێرینی هەیە و جاران شوێنی جموجۆڵی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بووە، لەدوای گرنگی پێدان و نۆژەنکردنەوەی تا ئەمڕۆش وەک بازاڕێکی چالاک ماوەتەوە.
له ساڵی 1840 دروستكراوه
یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە لەوبارەیەوە وتی: بازاڕی قەیسەری خان و کاروان سەراکان لە کۆندا لەگەڵ چەند جۆرێکی تری بینای گشتی لە سیما دیارەکانی شارەکان بوون، کۆیەش وەک شارێکی کۆنی کوردستان بێبەش نەبووە لەو تایبەتمەندییانەی کۆیەیان وەک شار دەرخستووە، قه‌یسه‌ری كۆن ده‌كه‌وێته گه‌ڕه‌كی بایزئاغا له‌ناوبازاڕی شاری كۆیه، له ساڵی 1840 له‌لایه‌ن حاجی مه‌لا به‌كر ئاغای حه‌وێزییه‌وه دروستكراوه، براگه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی حه‌وێزییه‌كان بووه.
هەروەها لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دروستکردنی دوکانەکانی تر له ناو بازاڕی کۆیە و دوکانەکانی سەر شەقامی سەرەکی ناو بازاڕ، قه‌یسه‌رییه‌كانی کۆیە چۆڵ بوون و پشتگوێخراون و بۆماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك چۆڵكران ئه‌مه‌ش بووه هۆی داڕوخان و خراپبوونی هه‌ندێك له به‌شه‌كانی، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ساڵی 1999 لەسەر ئه‌رك و فه‌رمانی سەرۆک مام جه‌لال نۆژه‌نكرایه‌وه و پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن شاره‌وانی كۆیه‌وه له‌و كاته‌دا جێبه‌جێكرا، له ئێستادا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له دوكانه‌كان به‌گه‌ڕخراونه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن پیشه‌وه‌رانی وه‌ك (به‌رگدروو، پینه‌دۆز، چاككه‌ره‌وه‌ی ئامێره كاره‌باییه بچووكه‌كان...هتد) کاتێکیش ساڵی 2023 لەلایەن ستافی فەرمانگەی شوێنەواری کۆیەوە خانووە کەلەپورییەکانی کۆیە دۆکیومێنتکران قەیسەری کۆیە یەکێک بوو لەوانە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: موڵکایەتی دوکانەکانی قەیسەری کۆن لە کۆیە بۆ چەند لایەنێک دەگەڕێتەوە: وەک ( شارەوانی و ئەوقاف و بە شێکیشی بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە).
هەروەها لەبەرئەوەی قه‌یسه‌رییه‌كان ئه‌رك و وه‌زیفه‌یان ته‌واو بازرگانی بووه، هه‌ربۆیه زۆر گرنگی به نه‌خشونیگار و رازاندنه‌وه‌یان نه‌دراوه وه‌ك دیوه‌خان و مزگه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، قه‌یسه‌ری كۆنیش له كۆیه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كارهاتووه و دوكانه‌كانی بۆ فرۆشیاری كوتاڵ و وشكه و تووتن و ....هتد بووە، هه‌روه‌ها پیشه ده‌ستییه‌كانی وەک زەڕەنگەری و مسگەری و به‌رگدووری و ...هتد به‌كارهاتووە.
جیاوازی قەیسەری لە بازاڕ
جیاوازی قه‌یسه‌ری له بازاڕه ئاساییەكانی تر بریتییه له‌وه‌ی قیسه‌رییه‌كان بریتین له كۆمه‌ڵێك دوكان له یه‌كه‌یه‌كی بیناسازی كۆكراونه‌ته‌وه و چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه و شوێنه‌كه ئیدارەیە‌كی هه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی كاته‌كانی كردنه‌وه و داخستن و ئاسایش و پاكوخاوێنی، له كاتێكدا بازاڕه ئاساییه‌كان له‌م رووانه‌وه جیاوازن، ده‌توانین بڵێین مۆڵه‌كانی ئێستا كۆپی قه‌یسه‌رییه كۆنه‌كانن.
شوێنەوارناس «هێمن نو‌عمان کاوێس» لەبارەی پێکهاتە و شێوەی دروستکردنی قەیسەرییەکەوە وتی: قه‌یسه‌ری كۆن له كۆیه له به‌رد و گه‌چ دروستكراوە و سه‌قفی بیناكه‌ش به‌ته‌كنیكی گومبه‌تی بازنه‌یی دروست كراوه، قه‌یسه‌رییه‌كە سێ ده‌روازه‌ی هه‌یه و دوو له ده‌روازه‌كانی ده‌كه‌ونه لای رۆژهه‌ڵاتی بیناكه و ده‌روازه‌ی سێیه‌میش ده‌كه‌وێته به‌شی باشووری بیناكه و به شێوه‌ی كه‌وانەیی نووك تیژ دروستكراون له به‌ردی گه‌چ (حجر الجصي) و له سنووری كۆیه به حه‌لانی شین ناسراوه له ده‌وروبه‌ری كۆیه ئه‌و جۆره به‌رده زۆره، وه‌ك هه‌ندێك سه‌رچاوه باس ده‌كه‌ن وه‌ستاكانی داتاشینی ئه‌و جۆره به‌رده له موصڵه‌وه هێنرابوون، كه به‌شی سه‌ره‌وه و لاته‌نیشته‌كانیان به نه‌خشی شێوه ئه‌ندازه‌یی و رووه‌كی جۆراوجۆر رازاندۆ‌ته‌وه، خودی ده‌رگاكانیش له دار دروستكرابوون و به چه‌ند ریزێك بزمار (مێخ)ی شێوه گۆیی قۆقز رازێندرابوونه‌وه.
هەروها وتیشی دوكانه‌كان كه ژماره‌یان (48) دوكانه زۆرینه‌یان لەڕووی رووبه‌ره‌وه له‌یه‌كده‌چن، ده‌روازه‌كانیان به شێوه‌ی كه‌وانه‌ی نووك تیژ دروستكراون و به‌ردی گه‌چ له چوارچێوه‌ی ده‌روازه‌كاندا به‌كارهاتووه، ده‌رگای دوكانه‌كانیش له سێ پارچه داری شێوه لاكێشه‌یی دروست كراون كه له‌كاتی كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كان دوو پارچه‌كه‌ی سه‌ره‌وه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌قونووشت ده‌كرێن و به گوریسێك به‌و ئه‌ڵقه‌وه هه‌ڵده‌واسرێن كه بۆهه‌ر دوكانێك به جیا دروست كراوه، پارچه‌كه‌ی خواره‌وه‌ش لێده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌كاتی داخستن هه‌رسێكیان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌سترێن و به پارچه ئاسنێك و قوفڵێك به زه‌ویه‌وه چه‌سپ ده‌كرێن.