سەرۆک بافڵ: پشتیوانی هیچ گرووپێکی چەکدار دژ بە تورکیا ناکەین

03:19 - 2024-03-04
کوردستان
227 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری لە دیداری رافیدەین لە بەغدا كرد، لە پانێڵێكدا كە لەلایەن خاتوو كیم دۆزیری رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارەوە پێشكەشكرا، سەرۆك بافڵ تیشكی خستەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و بەبڕیاری یەكلاكەرەوە ناوی بردن، هاوكات ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی عیراق و ئەمریكا كرد و رایگەیاند: "پێویستە رێكەوتنی نوێ بکرێت"، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتی-يش لەگەڵ وڵاتی توركیادا ئاماژەی بەوەدا: "نامانەوێت توركیا وەك دوژمن لێمان بڕوانێت و پشتیوانی هیچ گرووپێكی چەكداریش لە دژی ناكەین، هاوكات سازشیش لەسەر هەڵوێستەكانمان ناكەین".
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەكەدا رایگەیاند: "بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، بڕیارێكی گران بوو بۆ ئێمە، بەڵام رێز لە یاسا دەگرین و پابەندی بڕیارەكان دەبین، دەبێت بپرسین بۆ كار گەیشتە ئەوەی كە دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە پرسە چارەنووسسازەكانی هەرێمدا بكات، كە بە بۆچوونی من پەیوەندی بەو نادادپەروەری و یاساشكێنییەوە هەبوو كە روویاندەدا، ئەگەر وەك كورد لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی یەكگرتوو بووینایە، ئەو بابەتانە نەدەگەیشتنە دادگای فیدراڵی".
وتیشی، "كێشەیەك هەبوو كە هەندێك كەس پێیان خۆشبوو لەسەر كورسی دەسەڵات دابنیشن و تۆمەتەكان بخەنە ئەستۆی لایەنی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك گەلی كورد شانازی بە مێژووی خۆمانەوە لە عیراق دەكەین، بەڵام ئەگەر یەكگرتووتر بووینایە، بێگومان سەركەوتووتر دەبووین، دەبێت ئەوەشمان لە یادنەچێت كە ئێمە دۆستی ئەمریكی و ئێرانی و عیراقی و بەریتانیشمان هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتێكی روون و واقعبینی هەیە و بەپێی بارودۆخەكە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەكان دەكات و ناكرێت وەك دوژمن لە حكومەتی عیراق و هاوپەیمانانمان بڕوانین، بەپێچەوانەوە دەبێت هاوكارو پشتیوانی یەكتربین".
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "پێمان وانییە پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە*) دوژمنمان بێت، ناشمانەوێت هیچ گرووپێكی چەكدار لە خاكەكەمانەوە ببێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێك، یەكێتی ئامانجێتی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا پەیوەندییەكی بەهێزتری هەبێت و كار بۆ بەرژەوەندی هاوبەش بكات، ئێمە وەك دوژمن لە حكومەتی عیراق ناڕوانین".
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز ئامادە نییە هاوكاری هیچ گرووپێكی چەكدار بكات كە ببێتە مەترسی بۆ سەر توركیا، نیگەرانین لە هێرشە درۆنییەكانی توركیا كە لە ماوەی رابردوودا سێ هاوڕێی ئێمەیان لە باشترین هێزەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان شەهید كرد، بۆیە داواكارم لە توركیا كە بە سەرچاوە هەواڵگرییەكانیدا بچێتەوە و وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نەكات، دەرگامان بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كراوەیە، بەڵام لە ژێر هیچ فشارێكدا سازش لە هەڵوێستەكانی خۆمان ناكەین".
لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "كارێكی ناڕەوایە ئەگەر بڵێین عیراق لە لایەن وڵاتێكەوە داگیركراوە، بەڵام دەكرێت حكومەتی عیراق زیاتر كۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی بكات و رێكەوتنی نوێ لەگەڵ ئەمریكادا بكات، پێویستیشە عیراق پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان بكات و دەبێت پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكادا بۆ سوودی گەلی عیراق بێت".
ئاماژەشی کرد، "دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەمریكا بۆ كارێك هاتووەتە عیراق و گرنگە كارەكەی تەواو بكات، چونكە تا ئێستاش لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەندین پرسی دیكەدا پێویستمان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، لە كاتێكدا ئەمریكییەكان لە عیراق میوانن و پێویستیان بە سەقامگیری ئەمنی و پارێزراویی هەیە، لەم روانگەیەشەوە دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت كە راستە داعش لاواز بووە، بەڵام هێشتا مەترسییە بۆ سەر عیراق، هاوكات ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە تاوانی گەورەی بەرامبەر بە ئێزدییەكان کردووە و پێویستە تیرۆرستان دەستگیر بكرێن و روبەڕووی یاسا بكرێنەوە".
لەبارەی روانینی واشنتۆن-یشەوە بۆ پەیوەندییەكانی عیراق و ئێران، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "پێویستە واشنتۆن لەوە تێبگات كە ئێران هاوبەشێكی گەورەیە بۆ عیراق و سنوورێكی جوگرافی درێژیان بەیەكەوە هەیە، هەرچەندە عیراق سەروەریی خۆی هەیە، بەڵام بەرژەوەندی گەلەكەی و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتاندا پێویستە لە هەنگاوە لە پێشینەكانی بێت".
سەرۆك بافڵ راشیگەیاند: "ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی لە ئیسرائیل بكات، بێگومان زیان بەخۆی دەگەیەنێت، راستە لە ئێستادا قەیرانێكی مەترسیدار رووی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، كە زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە، بەڵام دەمانەوێت ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا رابگەیەنرێت و كۆتایی بە زیانە مرۆییەكان بهێنرێت، چونكە بۆ ئێمە گیانلەدەستدانی منداڵێك لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت وەك یەكە و نامانەوێت هیچ وڵاتێك لە جەنگدا بێت".
دیدارەكە بەناونیشانی ئایندەی مرۆڤایەتی، قەیران و گۆڕانكاییەكانەوەیە و تێیدا 11 پانێل و 6 دیداری تایبەت پێشكەش دەكرێن، كە لە 3ی ئادارەوە دەستیپێكردووە و تاوەكو 5ی ئادار بەردەوام دەبێت و تێیدا زیاتر لە 1000 كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی لە 35 دەوڵەتی جیاوازەوە بەشدارن.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان