ناسر خلیفی دەبێت ئیتر سنگ بكوتێت

09:43 - 2024-03-05
وەرزش
109 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل


دەڵێن ئەوەی سنگ بخوات سنگیش دەكوتێ، ئەمەش رێك ناسر خلیفی قەتەری و سەرۆكی یانەی پاریس سانجێرمان دەگرێتەوە.
ئەم خلیفییە لە ساڵی 2011 - ەوە کە بەرەسمی بۆتە سەرۆكی یانە پاریسییەكە و بە پارەی قەتەرییەكان ئەم یانەیەی كڕیوە، هەر لەو كاتەوەی ئەم پۆستەی وەرگرتووە، بەزەبری ئەو پارە زۆرەی لە قەتەر لەبەر دەستیدایە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە یانەكەی بكاتە یانەیەك شان لە شانی یانە ناودارو جەماوەرییەكانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا بدات.
خلیفی دیارترین هەڵپەی لەم رووەوە ئەوەبوو ساڵی 2017 توانی نەیمار جونیۆر لە یانەی بارسیلۆنا هەڵبگێڕێتەوەو بەزەبری پارە (كەسری عەقد)ی بۆ ئەم یاریزانە کرد كە 200 ملیۆن یۆرۆ بوو، لە بارساوە بردیە پاریس سانجێرمان، هەر بەم هەڵپەیەوە نەوەستا، بەڵكو ساڵی 2021 توانی مێسیش بخاتە پاڵ نەیمار و ئەمیشی لە بارسیلۆنا هەڵكەند كە لە منداڵییەوە لە یانەی بارسا یاریی دەكات، دواتر سێرجیۆ رامۆسیشی هێناو ئەو ساڵەی ئەم سێ یاریزانەی بۆ یانەكەی دەستەبەر كرد، پێشتریش دۆنا رۆمای گۆڵپارێزیشی هێنابوو كردی بە شوێنگرەوەی ناڤاس، بەمەش تیپەكە بووبوو بە تیپێكی تۆقێنەر بەجۆرێك مۆرینهۆ ووتی؛ ئەمساڵ پاریس سان جێرمان چامپیۆنس لیگ نەبات ئەوا هەرگیز بە تەمای ئەم جامە نەبێت.
دوای ئەمانە ئیتر هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەبوون كە یانەی پاریس سانجێرمان دەبێتە براوەی جامی چامپیۆنس لیگ، بەڵام خلیفی ئەو خەونەی نەهاتە دی و بەسەركردایەتی نەیمار و مباپێ و مێسی و رامۆس و دۆنا رۆما، ورەزی 2022-2023 یانەی بایرن مونشن ئەو خەونەی لەبار بردوو هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناغی 16 یانەی لێبردەوە 1-0 و 2-0، ئیتر ناوی پاریس چووە كولەكەی تەڕەوە و هەموو هیواكانی كەلەسەر ئەو یاریزانانە بنیاتی نابوون بۆ بردنەوەی جامی چامپیۆنس لیگ لە بار چوون.
نەك هەر ئەمە بەڵكو یانەكەی خلیفی كێرڤی سەركەوتن و بردنەوەكانی زۆر بەخراپی رووی لە خوار كرد، ساڵی دواتر سێ ئەستێرەی دیاری تیپەكەی، مێسی و نەیمار و رامۆسیش یانەكەیان جێهێشت، ئەمسال تەنیا مباپێی ماوە، عوسمان دیمبلیشی لە بارسیلۆنا كڕی بۆ شوێنگرتنەوەی مێسی و نەیما بەڵكو ئەمە خودایە ئەمساڵ شتێك بە شتێك بكات، بەڵام ئەمساڵ خەریكە خلیفی بەتەواوی دەستی لە بنی هەمانەكە دەردەچێت بەوەی پاڵێوراوی بردنەوەی جامی چامپیۆنس لیگ نییە و نەیشیتوانیوە بۆندی مباپێ نوێ بكاتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە وەرزی ئایندە ئەمیش لە پاریس یاریی ناكات، رۆژ لە دوای رۆژیش ئەم یاریزانە كێشە و سەرئێشە بۆ ئەنریكی راهێنەر و تیپەكە و تەنانەت خلیفیش دروستکردووە.
خلیفی بە هۆی پەیوەندی توندی لەگەڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا و ئەمیری قەرتەر، لەو داوەتەدا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە كۆشكی ئەلیزێ  ماكرۆن بۆ ئەمیری قەتری كردبوو مباپێشیان داوەت كرد، چاوەڕوانی ئەوە بوو ئەوان بتوان مباپێ لەبڕیاری رۆیشتن لە یانەی پی ئێس جی پەشیمانی بكەنەوە، بەڵام خلیفی ئەو ئاواتەشی نەهاتە دی، بەجۆرێک مباپێ پاش ئەم كۆبوونەوەیە و لە یاریی مۆناكۆ و پاریس سانجێرماندا هەرایەكی گەورەی نایەوەو كاتێك ئەنریكی راهێنەر داینیشاند، ئەم یاریزانە نەچووە شوێنی یاریزانە یەدەكەكان و تیمی راهێنان، بەڵكو یەكسەر چووە ژووری خۆگۆڕین و خۆی گۆڕی و چووە مەقسورەی یاریگاكە و لەلای دایكییەوە دانیشت.
ئیتر ئەمە بەهێزترین مەسجە بۆ خلیفی و یانە پاریسییەكە كە مباپێ تەنیا چەند هەفتەیەكی لەم یانەیە ماوە و پاشان دەچێتە یانەیەكی تر و هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوەن كە دەبێتە یاریزانی ریاڵ مەدرید، ئیتر دەبێت خلیفی لەوە تێبگات كاتێك دەیەوێت یانەیەكی وەك بارسیلۆنا بڕوخێنێت و بە زەبری پارە و ئیغرائات ئەستێرەكانی وەك نەیمار و مێسی و دیمبلی دەبات، ئەمە چاەرنووسەكەی دەبێت و كە سەنگی خوارد دەبێت سەنگیش بكوتیت.

 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان