ئاسره‌وان قادرۆك
ئه‌وه ژن بوو یه‌كه‌مجار پیاوی له چاخی به‌ردینی كۆنه‌وه هێنایه ناو چاخی به‌ردینی نوێوه. چونكه بۆ یه‌كه‌مجار ژن چێشتلێنانی داهێنا، ژن بنه‌ماكانی خێزانی كۆكرده‌وه و درێژه‌ی به مێژووی خێزان و كۆمه‌ڵ دا. ئه‌و سه‌رده‌مه پیاوان سه‌رقاڵی راوكردن بوون، كه‌متر ئاگایان له به‌خێوكردنی منداڵ بوو. ژنان پێداویستی ماڵیان دروست كرد و خه‌ریكی ده‌سته‌مۆ و ماڵی كردنی هه‌ندێك گیاندار و باڵنده بوون.
ژنانی زەردەشتی خاوەنی دەسەڵات بوون
یه‌كه‌مجار ژن بیری له كشتوكاڵ و چاندن و دروێنه كردوە، چونكه هه‌ندێك جار پیاوان نێچیریان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت و بیریان له خواردنی سه‌وزه كرده‌وه. ژنان بوون كاسه و دیزه و راخه‌ریان دروستكرد. جلوبه‌رگیان له پێست و خوری دروستكرد. ئه‌وه ژن بوو، ته‌قه‌ڵ و دوورمان و چنین و رستنی داهێنا. پاشماوه دێرینه‌كانی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ رۆڵی ژنی كورد له مێژوودا.
ژنانی زه‌رده‌شتی له مێژوودا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوور و ماف و به‌رپرسی دابونه‌ریت بوون. له ته‌مه‌نی پیریشدا پشتێنی حه‌وت گرێیان ده‌به‌ست و به‌رپرسی ئاینی و دادگا و په‌رستگابوون، مامۆستای وانه‌بوون له به‌شه جیاوازه‌كانی زانستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا.
ژنانی كورد له مێژوودا فێری سوارچاكی و تیرهاویشتن و رمبازی بوون و له راو‌و شكار و جه‌نگیشدا جێ ده‌ستیان دیار بووه.
میزۆپۆتامیا لانکەی مرۆڤایەتی
له ناوچەی (میزۆپۆتامیا)دا كه به لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی داده‌نریت. ژنی كورد له كاروباری ئاینی و ئابووری و رامیاریی و سه‌ربازییدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، له كتێبی (ئیمپراتۆرییه‌تی ساسانی)دا نووسینی نووسه‌ری دانیماركی (ئارسەر كریسسن سن) باس له سه‌رده‌می (نه‌وشیروان) پاشای ساسانییه كورده‌كان ده‌كات، كه چۆن كیژێكی كوردی زه‌رده‌شتی له دوای مردنی باوكی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی گرتۆته ئه‌ستۆ، هه‌رچه‌نده برای له خۆی بچووكتریشی هه‌بووه.
له قه‌باڵه‌كانی هه‌وراماندا به روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه ژنانی هه‌ورامی خاوه‌نی باخ و ره‌ز و کێڵگه بوون و له بواری كڕین و فرۆشتن و به‌كرێداندا ئازادی ته‌واویان هه‌بووه.
ئەفلاتوون زەردەشتی بە مامۆستای خۆی زانیوە
له چیرۆكه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (ئاده‌م و حه‌وادا) هاتووه، كه گوایه ژن له په‌راسووی پیاو دروستكراوه. پاشان كۆتایی ئه‌و چیرۆكه به‌مجۆره ده‌خوێنینه‌وه كه پله‌ی ژن له ئاستی پیاو كه‌متره و به لاواز و پله دوو پێناسه‌ی ده‌كات.
زه‌رده‌شت پێش ئه‌وه‌ی ببێت به پێغه‌مبه‌ر، فه‌یله‌سوف بووه، باشترین به‌ڵگەش، ئه‌فلاتوون به مامۆستای خۆی داناوه و ده‌ڵێت: زۆر سوودم له زه‌رده‌شت وه‌رگرتووه. له ئاینی زه‌رده‌شتیدا ژن و پیاو له دووتای یه‌ك ته‌رازوودا هاوسه‌نگن، زه‌رده‌شت له‌و سه‌رده‌مه دێرینه‌دا بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانی كۆمه‌ڵ، یه‌كسانیی مافی ژن و خێزانی لا مه‌به‌ست بووه. مه‌رجی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی به ئازادی و یه‌كسانیی ژن و پیاو زانیوه. له‌كاتی مردنی هاوسه‌ر، ژن یان پیاو بۆی هه‌بووه هاوسه‌ری تازه هه‌ڵبژێرێت. جیابوونه‌وه و ته‌ڵاق له ئاینی زه‌رده‌شتیدا ده‌گمه‌ن بووه. كوڕ و كچ به ئازادیی و خۆشه‌ویستی یه‌كدی هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ هاوڕێ ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتر بگه‌ن، پاشان زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر دایك و باوكیشیان رازی نه‌بن. له یاسای میراتگیریدا كوڕ و كچه بێبه‌ش ده‌كرێن له میرات. كچی كورد خۆی له‌و میراته بێبه‌ش ده‌كات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی جیابوونه‌وه كه‌م بكاته‌وه. دیارده‌ی جیابوونه‌وه له كه‌لتوری گه‌لانی دراوسێوه هاتۆته ناو زه‌رده‌شتیان.
دینی زه‌رده‌شتی كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر ژنانی مێدییه‌كان. به‌پێی دین و یاسا ژنان هاوشانی پیاوان بوون، سه‌ربه‌رز و ئازا بوون به جۆرێك له مێژووی هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا ئه‌م دیارده‌یه نه‌بینراوه.
وشه‌ی دایك له وشه‌ی (دا) و (یك) پێكهاتووه. له ئاوێستادا (دا) واته به‌خشنده، (یك) واته یه‌ك. كه‌واته دایك واته یه‌كه‌م به‌خشنده. دایك یه‌كێكه له 101 ناوه‌كه‌ی ئاهورامه‌زدا. (مه‌زدا) واته به‌دیهێنه‌ری به‌خشنده و مه‌زن. (دایك) یش به واتای داهێنه‌ر و به‌خشنده‌ی بچووك، خاڵی هاوبه‌شی ئاهورامه‌زدا و دایك ئه‌وه‌یه كه هه‌ردووكیان به‌دیهێنه‌ر و دروستكه‌رن.
له زمانی كوردییدا زۆرجار به (ژن) ده‌وترێت (ئافره‌ت)، ئه‌م وشه‌یه له (ئافراندن)ه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، واته (خالق).
له هه‌ندێك بواردا به ژن ده‌وترێت (كه‌یبانوو) واته ژنی به‌رپرسی ماڵ. كه جۆره رێزێكی تێدا ده‌بینرێته‌وه، (كه‌ی) واته به‌رپرس و سه‌رۆك، له‌ناو پاشاكانی مێدیادا وشه‌ی (كه‌ی خوسره‌و، كه‌ی قوباد، كه‌ی كاوس) ده‌بینرێت، واته به‌رپرس و سه‌رۆك و به‌ڕێز، كه‌واته كه‌یبانوو مانای به‌رپرس و به‌ڕێزی خێزان. له ئاوێستادا وشه‌ی (كه‌ی) بۆ رێز و برا گه‌وره‌یی به‌كارهاتووه.
مرۆڤ ده‌توانێت له سرووده‌كانی زه‌رده‌شتدا دوو لایه‌نی ته‌واوكه‌ری ژن ببینێت، یه‌كه‌م ژن وه‌ك بیرمه‌ندێكی ئاینی، دووه‌م ژن وه‌ك هاوسه‌ری پیاو، زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ر، ژن وه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵ بێ جیاوازی ده‌ناسێنێت، بانگهێشتی ژن ده‌كات كه هۆشیار و زیره‌ك بن و رامان و بڕیاری خۆیان ئازادانه بده‌ن.
رۆژی 5/12ی مانگی كوردی (سپندارمه‌ز) پێنجه‌می مانگی (ره‌شەمێ، ئه‌سپه‌ند، ئه‌سفه‌ند) به‌رامبه‌ر به بیست و چواری فیبروه‌ری 24/2ی زاینی، هه‌رله مێژووی كۆنه‌وه تاكو روخانی ئیمپڕاتۆری كوردی ساسانی به‌ده‌ستی ئیسلامییه‌كان، له كوردستاندا ئه‌م رۆژه تایبه‌ت بووه به رۆژی ژنان و جه‌ژن و ئاهه‌نگیان گێڕاوه، پیاوان دیاری‌یان پێشكه‌شی ژنه‌كانیان كردووه.
ئیسلامییه‌كان له غه‌زوه‌كانیاندا كوردیان كوشتوه و كچه جوانه‌كانی كوردیان به دیل گرتووه، به (غه‌نیمه) ده‌سكه‌وتی جه‌نگیان له قه‌ڵه‌مداوه، وه‌ك كاڵا بازرگانیان به كڕین و فرۆشتنیانه‌وه كردووه. سه‌ركرده‌كانیان وه‌ك كۆیله ئه‌م كچه كوردانه‌یان پێشكه‌شی یه‌كتر ده‌كرد. مێژوو شاهیده كه ژنانی كورد له غه‌زوه‌ی ئیسلامدا چه‌ند ناسۆرییان دیوه. تازه‌ترین نموونه‌یان كچه كورده ئێزیدییه‌كانی شنگالن كه داعش چه‌ند سووكایه‌تی پێكردن.
نه‌ریتی خۆكوشتنی ژنی كورد له جه‌نگدا تازه نییه، له‌ساڵی 1909 كورد دژی فارس له شه‌ڕی (قه‌ڵای دمدم)دا ده‌جه‌نگا، شێره ژنانی كورد كاتێك ده‌یانزانی به‌دیل ده‌گیرێن خۆیان له شاخ فڕێ ده‌دایه خواره‌وه و خۆیان ده‌كوشت، مردن به‌لایانه‌وه باشتر بووه له‌وه‌ی بكه‌ونه ده‌ست دوژمن.
ژنانی زه‌رده‌شتی پۆشاكی ره‌نگاوڕه‌نگیان دەپۆشی
توێژه‌ر و مێژوو نووسی عه‌ره‌ب (مه‌جدی خه‌لیل) ده‌ڵێت: ژنانی كورد پۆشاكی كوردیی ره‌نگاوڕه‌نگ ده‌پۆشن و باڵاپۆش نین، له‌چكێكی ناسك ده‌ده‌ن به‌سه‌ریاندا، بۆ ئه‌وی شۆخ و شه‌نگیان ده‌ربكه‌وین، ئه‌و له‌چكه له ئیسلامه‌وه وه‌ریان نه‌گرتووه. به‌ڵكو زه‌رده‌شتیه‌كان پۆشاكی ره‌نگاوڕه‌نگ و باق و بریقیان به‌كارهێناوه. چونكه كورده‌كان دینی زه‌رده‌شتی خۆیان هه‌یه و كتێبی پیرۆزیان ئا‌وێستایه و زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ریانه و بڕوایان به ئاهورامه‌زدای خودای تاك و ته‌نیا هه‌یه .
مێژوونووسی سۆڤیه‌تی (فلادیمێر مینۆرسكی) ده‌ڵێت: خیانه‌تی زەوجی و جیابوونه‌وه (ته‌ڵاق) لای ژنی كورد ده‌گمه‌نه له‌چاو گه‌لانی تردا، چونكه ژنی كورد زۆر په‌یوه‌ستن به مێرده‌كانیانه‌وه و پێگه‌یه‌كی به‌رز و پیرۆزیان هه‌یه له خێزان و كۆمه‌ڵدا، پیاوانی كورد زۆرترین لێبوورده‌ییان هه‌یه به‌رامبه‌ر ژنه‌كانیان، چونكه به درێژایی مێژوو ئه‌و رێز و متمانه‌یه‌یان دروستكردووه.