چۆن مامەڵە لەگەڵ مێردمناڵی سەرەڕۆدا دەكەیت؟

10:39 - 2024-03-10
دووتوێ
125 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هێلین محەمەد 

كاتێك مێردمناڵێكی سەرەڕۆت هەیە، لە خوێندن یاخی دەبێت، گوێ بە هەڵسوكەوتی خێزان نادات و بە كەیفی خۆی رەفتار دەكات. شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە، ساختەچێتی دەكات و قۆڵی ئەم و ئەو دەبڕێت یان دزی دەكات و بەو شێوەیە ئابڕووی خێزانەكە دەخاتە مەترسییەوە. بەرلەوەی بكەوێتە بەردەستی پۆلیس و رەوانەی بەندیخانە بكرێت، واتە بەرلەوەی كار لە كار بترازێت چۆن رەفتاری لەگەڵ دەكەیت؟
یەكەم: خوێنساردبە و لە پێگەی هێزدا بمێنێنەرەوە:
یەكێك لە خاسیەتەكانی مێردمناڵی سەرەڕۆ ئەوەیە بەردەوام دایك و باوك تووڕە دەكات و چاوەڕێی كاردانەوەیان دەكات. ئەمەش بە شێوازی جیاجیا دەردەبڕێت وەكو خۆگێلكردن، دژایەتیكردن، تووڕەبوون، شكاندنی یاساكانی ماڵ و زۆربڵێی.
لەم كاتانەدا هەرچەندە زیاتر بێتاقەت بیت و كاردانەوەی خێرات هەبێت، ئەو وا هەست دەكات بەسەر تۆدا زاڵە و دەتوانێت تووڕەت بكات، بۆیە یەكەم هەنگاوی رەفتار لەگەڵیدا ئەوەیە خوێنسارد بیت، كاتێك لەگەڵیدا كێشەت دەبێت، پێش هەموو شتێك هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژە و هەتا دە بژمێرە، ئەگەر زانیت هێشتا تووڕەیت، قسەكردن لەگەڵی بخەرە كاتێك تر.
دووەم: سنووری نێوان خۆت و ئەو دیاریبكە:
دیارە مێردمناڵی سەرەڕۆ دەیەوێت سەربەخۆییەكی زیاتری هەبێت و بە كەیفی خۆی رەفتار بكات، لەم دۆخەدا دیاریكردنی سنوور بۆ پاراستنی پەیوەندییەكی دروستكەر گرنگە، بۆیە دەبێت بە روونی سنووری بۆ دیاریی بكەیت. لێرەشدا ئەو سنوورە كاریگەرە كە بە ویژدانانە و لۆجیكی بێت، ئەگەر ماوەیەك بەبێ سنوور رەفتارت لەگەڵ كردووە و تووشی كێشە بوویت لەگەڵی، ئیتر خاڵێك دابنێ و بە روونی تێی بگەیەنە لە ئێستا بەدواوە هەموو شتێك گۆڕاوە و ئەم قسەیەت بە رەفتار بسەلمێنە و پاشەكشەی لێ مەكە. لە هەموو شتێك گرنگتر ئەوەیە بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن، ئەگەر ئەویش رێزی لێگرتی ئەو كات تۆش حساب بۆ بیروبۆچوون و پێداویستییەكانی بكە، جگەلەوەش سنووری بۆ دیاریی بكە لە ماڵەوە و لە دەرەوە چۆن رەفتار بكات.
سێهەم: پەیوەندییەكی ئازایانە و كاریگەری لەگەڵ دروست بكە:
قسەیەك هەیە دەڵێت: «هونەری دروستكردنی پەیوەندی زمانی سەركردایەتییكردنە» ئەمە بۆ رەفتار لەگەڵ مێردمناڵێكی سەرەڕۆدا زۆر راستە، كاتێك رووبەڕووی مێردمناڵێكی سەرەڕۆ دەبیتەوە، بەسوود وەرگرتن لە شارەزایی پەیوەندی، پێگەی خۆت بەهێز بكە، چونكە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێزت لەگەڵیدا هەبێت ناتوانیت كاریگەریت هەبێت لەسەری و ئەوەی دەتەوێت وای لێبكەیت جێبەجێی بكات.
چوارەم: لەكاتێكدا كێشەی نییە قسەت خۆش بێت لەگەڵی:
ئەو كاتانەی مێردمناڵەكە كەمتر سەرەڕۆیی دەكات، لە جیاتی تووڕەبوون و هاتوهاوار هەوڵ بدە هاودەردی بیت، لە جیاتی گرژ و مۆنی رووت خۆش بێت، ئاگات لێ بێت بە ئامۆژگاری بەردەوام داینەگریتەوە، چونكە لەو كاتەدا كەسایەتی بۆ ناهێڵیتەوە، لێگەڕێ هەناسە بدات و خۆی شتەكان هەڵسەنگێنێت و باش و خراپ لێك جیا بكاتەوە. دەبێت ئەوە بزانێت رەنگە زۆر لە مێردمناڵان بەو قۆناغەدا بڕۆن و دوایی رێگەی راست بدۆزنەوە.
پێنجەم: چانسی چارەسەری كێشە و رادەربڕینی بدەرێ:
زۆر لە مێردمناڵانی سەرەڕۆ بۆیە بەشێوەیەكی خراپ رەفتار دەكەن، چونكە باوەڕیان وایە گەورەكان گوێیان لێناگرن، كاتێك مێردمناڵەكە دەبینیت بێتاقەتە، ئاماژەی ئەوەی بدەرێ هەر كاتێك بیەوێت قسە بكات ئامادەیت گوێی لێبگریت، لەوەش دڵنیای بكەرەوە بۆ ئەوەی رەفتاری خۆی چاك بكات ئامادەیت پشتیوانی لێ بكەیت. بواری بدە هەر كاتێك ویستی بێتە لات ئامادەیت گوێی لێبگریت. كاتێك قسەت بۆ دەكات تەنیا گوێی لێبگرە و قسەكەی پێ مەبڕە، پاشان لێی بپرسە بەڕای خۆی چۆن كێشەكەی چارەسەر دەكرێت. هەوڵ بدە لەگەڵ راكەی ئەودا چارەسەرێكی لۆجیكی بدۆزیتەوە و رای خۆت فەرز نەكەیت.
دواجار ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا ئەوەیە بۆ راستكردنەوەی مێردمناڵێكی سەرەڕۆ پێویستە دایك و باوك یەكدەنگ بن، نابێت دایك ئەوەی باوك بینای دەكات بیڕوخێنێت و ئەگەر باوك جدی بوو، نابێت دایك نەرم و ئیهمال بێت و ریسەكەی باوك بكاتەوە بە خوری. لە هەمووی گرنگتر نابێت دایك و باوك چاوپۆشی لە هەڵەكانی مێردمناڵەكەیان بكەن، بۆ نموونە كاتێك دزی دەكات نابێت بۆی بپۆشن و داكۆكی لێبكەن، ئیتر دزییەكەی چەندە بچووكیش بێت، چونكە چاوپۆشی لێكردنی هانی دەدات دزی گەورەتر بكات و مەسەلەكە دەگاتە پۆلیس و بەندیخانە، ئەو كاتە ئیتر كێشەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت و پەشیمانیش دادیان نادات.
سەرچاوە:
setare.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان