فێستیڤاڵی کۆمبامێلا لە هیندستان

10:43 - 2024-03-10
دووتوێ
73 جار خوێندراوەتەوە
فێستیڤاڵێکی ئاینی هیندۆسییە، هەر 12 ساڵ جارێک لەسەر رووبارەکانی نزیک زنجیرە شاخەکانی هیمالایا بەڕێوە

 

کۆمبامێلا فێستیڤاڵێکی ئاینی هیندۆسیە و هەر 12 ساڵ جارێک لەسەر رووبارەکانی (هاریدوار، جامۆنا، سارانسواتی، ناشیک) لەنزیک زنجیرە شاخەکانی هیمالایا لە باکووری وڵاتەکە لەیەک کات و لەو بارانەدا دەکرێت کە لە هەر چوار رووبارەکەدا باری فەلەکی و پێگەی مانگ و رۆژ وەک یەک بێت، ئەوەش کەسانی شارەزا دیاریدەکەن، ئەو فێستیڤاڵە 48 رۆژ دەخایەنێ و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەچنە ناو ئاوی ئەو رووبارانە و بەکۆمەڵ خۆیان دەشۆن، بەپێی ئاینەکان لەو رۆژانەدا ئاوەکان سازگار و بە بەرەکەت دەبن و دەبنە هۆی لابردنی خەم و پەژارە و ئاستەنگەکانی ژیان، جگەلەوەش بەشێکە لە خواپەرستی ئاینەکەیان و خۆشۆردنە لە خراپەکاری و شەڕانگێزی، بۆنەی هەرە گەورەی ئەو فێستیڤاڵە و گرنگترینیان لەنێوان 12 فێستیڤاڵەکەدا لە 144 ساڵدا یەکجار نایابترین و شایستەترین فێستیڤاڵ بۆ هەموو هیندۆسەکان رێکدەخرێ و لەنزیک مەیدانی رووبارەکان خانووی سەفەری و کوخ و رەشماڵ هەڵدەدرێ و ملیۆنان کەس لەوێ دەمێننەوە و سەرەدەگرن بۆ خۆشتن لەناو ئەو رووبارانەدا.

مێژوو
مێژوویی ئەو بۆنە ئاینییە زۆر کۆنە دەڵێن لەوکاتەوە دەستیان پێکردووە کە زۆربەی هیندۆسەکان لەناو ئەشکەوت دەژیان، زۆر درەنگ دەهاتنەوە خوارەوە و دەچوونە سەر ئەو رووبارانە بۆ خۆشتن، ئەوکاتە خۆشتن دەگمەن بووە و ئەوەی جەستەی تەڕ بکردایە ئەوا دەبووە مرۆڤێکی تر گوایە لە هەموو گوناه و خراپەکارییەک دووردەکەوتەوە، سەرچاوەی فێستیڤاڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ داستانێکی ئایینی خواوەندێک بەناوی « فیشنۆ» دەگێڕنەوە گوایە لەسەر ئەو رووبارانە لەگەڵ شەیتان شەڕی کردووە و قەڵغانێکی ئاڵتونی پێوەبووە، لەکاتی شەڕی دەستەویەخەدا بەرامبەر شەیتانی نەگریس برینداربووە و خوێنەکەی دڵۆپ دڵۆپ بەسەر قەڵغانەکەدا رژاوە، خوێنەکەی کەوتۆتە سەر خاکی چوارڕیانی یەکگرتنەوەی ئەو رووبارانە، لەوکاتەوە ئاوی ئەو چوار رووبارە موبارەکە و فێستیڤاڵی لێ دەکرێت.

گەورەترین بۆنەی ئاینی
کۆمبامێلا گەورەترین و قەرەباڵغترین بۆنەی ئاینییە لەسەر ئاستی جیهان، لە دووری دوورەوە و لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە خەڵک دەچنە خۆ پاککردنەوە هەیە چەند رۆژێک لەسەرە دەوەستێت تا نۆرەی دێت، پێیان وایە ئەوەی لەوێ خۆی بشوات ئەوا خۆشبەخت دەبێت  و خەڵکی تر پیرۆزبایی لێدەکەن کە ئەرکەکەی بەجێگەیاندووە و بەخت یاوەری بووە، جگە لەخۆشتن خەڵکەکە لەخودا دەپاڕێنەوە لەبەرخاتری ئاوی موبارەکی ئەو رووبارانە لێیان خۆش بێ و بەختی چاکیان بۆ بهێنێت، لەناو ئەو فێستیڤاڵەدا لەپاڵ ئاوبەخۆداکردن دەیان چالاکی تری ئایینی بەڕێوەدەچێ و پیاوە ئاینیەکانیان کۆفی و شەدالارەکانیان دادەنێن و لەگەڵ خەڵکەکە دەچنە ناو ئاو رێنماییان دەکەن، وتاری ئاینی دەخوێن، بە ریش و سمێڵی رەنگاوڕەنگ و رووخساری کوتراوە وە خۆیان وا نمایشدەکەن کە نورانی و پیاوچاک و لە خوداوە نزیکن، بۆیە ئەو رۆژانە بە رۆژی خۆیان دەزانن و کارامەیی خۆیان لە وتار و خواپەرستی و ئامۆژگاری خەڵکی دەردەخەن، لەو رۆژانە ئیمانداران خۆشترین کاتەکانی ژیانیان لەوێ بەسەردەبەن وەک حەج سەیری ئەو شوێنە دەکەن.
سەرچاوە:www.gio.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان