سرودی شیعر

12:08 - 2024-03-12
دووتوێ
186 جار خوێندراوەتەوە

تەیب جەبار 

دیسان شیعرم بۆ هات،                               

  شیعرێک نەرم وەک بەزەیی. 
نازانم لە کوێوە هات!! 
لە تەختایی دەشت و دەر،
 یا لە قووڵایی دڵی شارەوە. 
لە بەرزایی کەژوکێو، 
یا لە تەڕایی لێوی یارەوە. 
 *      
دیسان شیعرم بۆ هات، 
شیعرێک زبر وەک تووڕەیی. 
نازانم کەی هات!! 
کازیوەی شەوانی پایز،
 یا نیوەشەوی زستانی کزە. 
ئێوارەی رۆژانی بەهار، 
یا نیوەڕۆی هاوینی گڕە. 
 *  
دیسان شیعرم بۆ هات، 
شیعرێک نازدار وەک شێنەیی. 
نازانم چۆن هات!! 
پۆشتە وەک پاشا، 
یا رووت وەک گەدا. 
گورج وگۆڵ و پەلەپەل، 
یا بە دارشەق، شەلەشەل. 
 *   
ئەی شیعر بەخێر هاتی،
 دەست و پەنجەت خێربێ. 
ئەم ناوەت شپرزە کردەوە. 

گڕت بەردا لە سەهۆڵ، 
ئاگریش تۆزێ خۆی فێنک کردەوە. 


رەشەبات هەراسان کرد، 
ماڵەکەیت پڕکرد لە خۆڵ، 
خۆی پێچایەوە و رۆیشت، 
لای نەکردەوە. 
فیکەت بۆ شاخ لێدا، 
ئاوڕی دایەوە و بە پشتا کەوت. 
بە درەختی قەراخ دۆڵ، 
خۆی گرتەوە. 
      * 
 ئەی شیعر بەخێر هاتی،
 دەرمانی چیت پێیە؟ 
بۆ چارەی دەردی من؟؟ 
دەردی توانەوەی بەرد و..  
کۆچی شاخ بۆ بیابان. 
دەردی تەزینی ئاگر و.. 
خۆشاردنەوەی ئاگردان. 
دەردی رەقبوونی با و.. 
خۆدزینەوەی دارستان. 
دەردی لاڵبوون و.. 
لێڵبوونی زمان. 
دەردی هەڵوەرینی تیشک و..
 چۆڵبوونی شەقام. 
دەردی شکانی قەڵەم و.. 
ونبوونی پەیام. 
دەردی تێرنەبوونی نان، 
دەردی تەڕنەبوونی ئاو، 
دەردی تێکۆشانی نهێنیی برسێتی، 
دەردی............................ 

دەردی........................... 
دەردی خەباتی ئاشکرای دزێتی. 

      *
 ئەی شیعر، کەی وازم لێ دێنی؟ 
- وازت لێ ناهێنم! 
چۆن وازت لێ بێنم!! 
تۆ، بەڕۆژ ئیشت نەبێ،  
وەک شێت، رەشەبا رەنگ دەکەی. 
کە شەو برسیت بێ، 
قەپ لە تاریکی دەدەی. 
تۆ حەزت لە دڕکەڵانە و.. 
پەپوولە دەلەوەڕێنی. 
لە گیرفانتا.. 
گۆڵ ئەستێرە بەخێودەکەی. 
کە خەم داتدەگرێ،
 دەست دەکەی بە چاندنی گۆرانی، 
خشتەی هەڵپەرکێ رێکدەخەی. 
- وازت لێ ناهێنم، 
تۆ ،ساتێ وچانت هەبێ، 
خەیاڵدان دەخەیتە گەڕ،
 ئەرز و ئاسمان دەکێڵی، 
دەنگ و رەنگ تێکەڵ دەکەی. 
شیلەی تام و بۆ دەگریتەوە. 
ئاگر و ئاو ئاشت دەکەیتەوە، 
تەوقە دەکەن، 
چەپڵەیان بۆ لێ دەدەی. 
راست و چەپ دەگۆڕی ، 
بەرز و نزم تەخت دەکەی. 
وەک دێوانە.. 
بە جارێ دونیا سەروژێر دەکەی
 چۆى وازت لێ بێنم؟ 

وازت لێ ناهێنم!! 
وازت لێ ناهێنم!! 
 
 سلێمانی/کانوونی دووەمی 2024

بابەتە پەیوەندیدارەکان