«یەكێتی، پشتیوانیی تەواو لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات و بە كردەوەش سەلماندوێتی كە پارێزگاری قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانێتی
لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردن، دووپاتیدەكاتەوە كە «یەكێتی، ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن» و ئەوەش دەخاتەڕوو كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دەكات. «یەكێتی لە تەواوی بازنەكاندا كاندیدی بەهێز و بەتوانا و پسپۆڕ و شارەزای دەبێت و نوێنەری راستەقینەی پارێزگاكان دەنێرینە پەرلەمان».
سەرۆك بافڵ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی یەكێتی دەكات
رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانەی دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان، رایگەیاند: «یەكێتی، زیاتر لە ساڵێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردووە و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بە لیستی سەربەخۆ لە هەر چوار بازنەكەدا بەشداردەبین و بەشدارییەكەش بەشێوەیەك دەبێت سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دەکات لە تەواوی بازنەكاندا». وتیشی: «یەكێتی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان كەسانی بەتوانا و خاوەن پسپۆڕی و بەئەزموون و خۆشەویست لەناو خەڵكدا لە هەر چوار بازنەكەدا كاندید دەكات، كە دڵنیایی دەدەین دەبنە نوێنەری راستەقینەی خەڵك لە سنووری پارێزگاكەیاندا».
پێكهاتەكان دەتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا پێكهاتەكان دەتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان، نەك وەك پێشتر كەسانێك بەناوی پێكهاتەكانەوە لە بەرژەوەندیی لایەنێكی دیاریكراو كاربكەن.
لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، دەڵێت: «لەگەڵ بەشی هەرە زۆری حزبەكانی كوردستاندا هاوڕابووین لەبارەی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كە لە رابردوودا چەندین جار ئاماژەمان پێكردووە و لایەنەكانیش رایانگەیاندووە لەگەڵ ئەو رایەدا بوون، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵیدا نەبوو و بۆ گەیشتنە ئەنجام و دۆزینەوەی رێگەچارەش چەندین كۆبوونەوە هەبوو، بەڵام بێئەنجام، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای تۆماركرد و سكاڵاكەشی بردەوە و هەر لە سەرەتاشەوە یەكێتی لەگەڵ دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكاندا بووە بەسەر پارێزگاكاندا، نەك لەگەڵ نەمانی كورسییەكانیاندا و هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین كە پێكهاتەكان دەتوانن لەناو یەكێتیدا كاندیدیان هەبێت و نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان و لەڕێگەیەوە داكۆكی لە مافەكانیان بكەن».
31 ساڵە مافی كرستیانەكانی سلێمانی، پێشێل دەكرێت
رزگار حاجی حەمە، ئاماژەی بەوەشكردووە كە «لە 31 ساڵی رابردوودا غەدری گەورە لە كرستیانەكانی پارێزگای سلێمانی كراوە، پێویستبوو ئەو نادادییە رابگیرێت، وەك یەكێتی-ش داوامانكردووە كە كرستیان و توركمان و پێكهاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان تۆماری هەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆئەوەی بتوانن نوێنەرەكانیان بە دەنگی ئەوان بچنە پەرلەمان، بەڵام بەشێك بەناوی سەرجەم پێكهاتەكانەوە رێگرییان لەوە كرد». وتیشی: «بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، نوێنەری بەرەی توركمانی لە كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنەكانی عیراقدا، كورسیی كۆتای بۆ توركمانەكان رەتكردەوە و بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنەكەیان كرد و دوو كورسییان لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا، ئەگەر توركمانەكانی هەرێمی كوردستانیش لە دەنگەكانیان دڵنیان، دەتوانن وەك بەرەی توركمانی نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان كاندیدبكەن و دەنگی پێبدەن، نەك بە دەنگی لایەنێكی دیكە، بەناو نوێنەریان بنێرنە پەرلەمان و دواتریش ئەو نوێنەرە داكۆكیكاری مافەكانیان نەبێت وەك چۆن لە رابردوودا وابووە».
بەناوی نوێنەری پێكهاتەكانەوە گرفتیان لە پەرلەمان دروستكردبوو
لە درێژەی قسەكانیدا، رزگار حاجی حەمە، باس لەوە دەكات كە ئەو كەسانەی بەناوی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانەوە لە پەرلەمان بوون، ببوونە كێشە و گرفت بۆ پەرلەمان و لەپێناوی لایەنێكی سیاسیدا كاریان دەكرد، وەك ئەوەی لە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەرێمدا لە پەرلەمان بینیمان و ویستیان بە نایاسایی و لەگەڵ لایەنێك كۆمسیۆنەكە كارابكەنەوە. «لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 329 كورسی تەنها نۆ كورسی بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە، بەڵام لە پەرلەمانی كوردستان كە 111 كورسی بوو، پێكهاتەكان 11 كورسییان بۆ تەرخان كرابوو، كە ئەوەش ناگونجێت و ئەو 11 كورسییەش بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی دیاریكراو بەكاردەهێنران».
یەكێتی، زۆرترین قوربانی بۆ قەوارەی هەرێم داوە
لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی، راشیگەیاندووە: «یەكێتی، پشتیوانیی تەواو لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات و بە كردەوەش سەلماندویەتی كە پارێزگاری قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانێتی و لە شەڕی روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستاندا زۆرترین و گەورەترین قوربانی بەخشیوە و چەندین پێشمەرگە و فەرماندە و ئەفسەری پلە باڵای شەهیدبوون، لە رابردووشدا قوربانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیار و لەبەرچاون».
ناردنی مووچە لە بەغداوە قەوارەی هەرێم لاواز ناكات
دوورخستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەكان خواستی یەكێتییە، ناردنی مووچەی هەرێمیش لەلایەن بەغداوە بەمانای لاوازكرنی قەوارەی هەرێم نایەت، چونكە پێشتر بەو جۆرە بووە و كاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێم نەبووە.
رزگار حاجی حەمە، سەبارەت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، وتی: «ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بە لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی نابینین، پێشتریش هەر لە بەغداوە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم هاتووە و كاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێمیش نەبووە، هاوكات كورد بەشدارێكی كارایە لە سەرۆكایەتیی كۆمار و حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی عیراقدا»، وتیشی: «یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوە و پرسی مووچە وەك پرسێكی نیشتمانی لێی بڕوانرێت و كۆتایی بە دواكەوتنی مووچە لە هەرێمی كوردستان بهێنرێت، كە ماوەی 10 ساڵە مووچەخۆرانی هەرێم پێوەی دەناڵێنن و چەندین مووچەیان پێنەدراوە».
PUKMEDIA