بەمەبستی لێپرسینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەفتەی داهاتوو وەزیری نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بانگهێشتی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.
میدیا عیراقییەکان لە رێگەی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویانکردەوە، لە هەفتەی داهاتوودا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیای گواستنەوە لەلایەن لیژنەی نەوت و غازەوە بانگهێشتی ئەنجومەنەكە دەكرێن.
دەشڵێت، باس لە بەقاچاخبردنی نەوت و رێكارەكانی خۆبەدوورگرتن لە سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی عیراق لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتێك بڵاوكرایەوە و ئاماژە بە بەقاچاخبردنی نەوتی عیراق كرابوو لە رێگەی چەند بەڵگەنامەیەكی ساختەوە و ئەمەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.