نزیكەی 70 ملیار دینار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دابین دەكرێت

11:54 - 2024-03-14
عیراق
142 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئاشكرایدەكات كە «70 ملیار دینار تێچووی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبێت».

تێچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 70 ملیار دینارە
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «تێچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نزیكەی 70 ملیار دینارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە دابینكراوە و وەرگیراوە و پێشتر سەرۆك وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپارد كە تێچووی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دابینبكات كە بڕیارە رۆژی 10ی 6ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و كۆمسیۆنیش تەواوی ئامادەكارییە لۆجیستی و داراییەكانی كردووە».

چوار بازنەی هەڵبژاردن 100 كورسی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات
لەسەر سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا كە سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێتە چەند بازنەیەك و بەوەش ئەم هەڵبژاردنە چوار بازنە دەبێت و پەرلەمانیش 100 كورسی.

زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر بێبەش دەبن
«تا كۆتا رۆژی تۆماركردنی دەنگدەران بەگشتی 124 هەزار و 667 دەنگدەر خۆیان تۆماركردووە، لەو ژمارەیەش 42 هەزار و 14 دەنگدەر بۆ یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن».
وتەبێژی كۆمسیۆن، ئاماژەی بەوەشكردووە كە «بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆماركردووە و ئامادەن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، هەروەها زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەر بەهۆی خۆتۆمارنەكردنیانەوە مافی دەنگدانیان نابێت».

خەرجكردنی تێچووی پڕۆسەكە
لە كۆبوونەوەی رۆژی 12/3/2024ی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا، بڕیاردرا كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەردەوامبێت لە خەرجكردنی بودجەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 43 ملیار و 769 ملیۆن و 149 هەزار دینارە و كۆی گشتیی پارەی تەرخانكراویش بۆ پڕۆسەكە 69 ملیار و 230 ملیۆن دینارە.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان