سەرۆكایەتیی كۆمار: بەردەوامبوونی كاری دڵسۆزانە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا

09:34 - 2024-03-17
عیراق
127 جار خوێندراوەتەوە

بە چاودێری و ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، سەرۆكایەتیی كۆمار رێوڕەسمێكی ماتەمینی رێكخست.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵا و سەرۆك و نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەكان بەشداربوون، پاش ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و خوێندنی سورەتی فاتیحە، د.كامیل كەریم دلێمی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمار، لە وتەیەكدا رایگەیاند: بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی، تاوان و كردەوەیەكی قێزەونە، كە ویژدانی زیندووی مرۆڤایەتی هەژاند و جیهانی بەئاگاهێنایەوە سەبارەت بەڕەفتاری ستەمكاری و خوێنڕێژی و ئەوەی دیكتاتۆریەت ئەنجامی دەدات لە بەكارهێنانی یەكێك لە قێزەونترین چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هاووڵاتیانی سڤیلی كورد. وتیشی: «بونیادنانی ئەزموونی دیموكراسی لە وڵاتێكی فیدراڵیدا یەكێكە لە گرنگترین وانە پێویستەكان بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەكان».
سەرۆكی دیوان، جەختیشی لە «گرنگیی بەردەوامبوونی كاری دڵسۆزانە كردەوە بۆ ئەوەی شاری هەڵەبجە ببێتە پارێزگا و خزمەتگوزارییەكان پەرەیانپێبدرێت و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دابینبكرێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان