گرنگیی زمانی جەستە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا

09:45 - 2024-03-17
دیدار
306 جار خوێندراوەتەوە
د. فەرمان هیدایەت

دیداری / هاوژین عەبدولواحید

زمانی جەستە وەک هەر زمانێکی تر وشە و رستە و هێمای خاڵبەندیی هەیە. هەر جووڵەیەک وەک یەک وشە وایە و هەر وشەیەک مانای جیاواز و فرە مانای هەیە.
زۆرکات رەنگە تێبینی ئەوەمان کردبێت ئەو مرۆڤانەی لەکاتی قسەکردن و پەیوەندیکردندا لەگەڵمان بە شێوەیەکی نائاگایانە هەندێک جووڵە و رەفتاری جەستەیی نیشان دەدەن، لەو حاڵەتانەدا کە مرۆڤ گۆڕانکارییەکی سۆزداری و تەحەدای لەناو خۆیدا ئەزموون دەکات، بەزۆری ئەم ململانێیە لە زمانی جەستەدا دەردەکەوێت. سترێس و دڵەڕاوکێ، ترس، درۆ، ڕێزگرتن، خۆبەگەورەزانین، متمانەبەخۆبوون و سەدان شتی تر دەتوانرێت لە زمانی جەستەدا تا رادەیەکی زۆر بناسرێتەوە.
لەو بارەیەوە د. فەرمان هیدایەت پسپۆڕ لە زانستی زمانی جەستە وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردستانی نوێ دەداتەوە.

*زمانی جەستە چییە و چۆن لەڕووی دەروونییەوە لە کاردانەوەی مرۆڤەکاندا هەستی پێ دەکرێت؟
-زمانی جەستە بریتییە لەو کاردانەوە دەروونیانەی مرۆڤ، لە رێگەی زمانی وتووێژ و ئاخاوتنەوە ناتوانرێت دەریانببڕێت، بە هەر هۆکارێک بێت. بۆیە مرۆڤ له رێگەی ئەندامەکانی لەشییەوە وەک چاو دەست قاچ دانشتن و هەڵسان و جووڵەوە کاردانەوەکانی خۆی دەردەبڕێت.

چاو 100 ٪ کاریگەریی هەیە
وتیشی: زمانی جەستە زۆر فراوانترە لەوەی کە ئێمە تێیدەگەین، بەتایبەتی چاو کاریگەرێکی  100 ٪ ی هەیە، چونکە چاو کاردانەوەکانی مرۆڤ زوو دەردەخات و بەدەست خۆی نییە، تیشک و روانینی بخاتە کۆنترۆڵی خۆیەوە.

زمانی جەستە ئێمە  بە دەوروبەرەوە  دەبەستێتەوە
 لەپاش ئەوە دەنگە کە لەرێیی جووڵەی دەنگ هێزێکی کاریگەرترە لە وشەکان، هەروەک دەنگی باڵندەیەک، یاخود میوزیکێک کارمان تێدەکات، هی مرۆڤەکانیش بەهەمان شێوەیە، دەنگ فراوانە و بەشێکە لە زمانی جەستە. بەگشتی هەموو زانایانی بواری زمانی جەستە پێیانوایە 7 ٪ کاریگەریی هەیە لەسەر پەیوەندیەکانمان. 
هەروەها د. فەرمان دەڵێت: لەبارەی گرنگیی زمانی جەستەوە، توێژینەوەیەکی تایبەتم کردووە کە پەیوەستە بە زمانی جەستەی راگەیاندکارانی کوردەوە، بەتایبەتی ئەو پێشکەشکارانەی لە شاشەکانەوە دەردەکەون و زۆر پێویستیان بە زانینی زمانی جەستەیە، چونکە وادەکات کاریگەرتر دەربکەون و کارلێک لەگەڵ میوان و بینەرەکانیاندا بکەن.
 
گرنگیدان بە رێکپۆشی و  دەنگ و دانیشتن و جووڵە 


*بەکارهێنانی زمانی جەستە لە دانیشتن و گفتۆگۆکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی چیە؟
-زمانی جەستە زمانێکی جیهانییە، زمانێکە لە سەرووی نەریتەکانەوەیە، بێگومان دەربڕینی  جووڵەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە، ئەگەر لە ئاهەنگێک بین، یان پرسە یاخود دانشتنێکی دۆستانە و...هتد، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی جووڵە لە دانشتنی گشتیدا،  پڕۆتۆکۆڵی خۆی هەیە، رێوشوێن و یاساو رێسای خۆی هەیە، وەک شێوازی تەوقەکردن، گفتوگۆکردن، دانیشتن، پێکەنین، بێدەنگی، هەڵسان و دانیشتن ئەمانە کاریگەرییان لەسەر کارێزمایی و بەهێزیی ئەو کەسە هەیە. بێگومان بۆ ژنان و پیاوان زۆرجار جیاوازە چ لە شێوازی دانشتن و چ لە مامەڵەکردندا. بۆ نموونە دانشتنی ژنان پێویستە قاچیان ژمارە (یەک) بێت و پیاوان ژمارە (11)، یاخود دەنگ پێویستە ژنان خاوەن دەنگێکی ژنانەی خۆیان بن و پیاوانیش بەهەمان شێوە دەنگێکی پیاوانەیان هەبێت، ئەگەر وانەبێت، ئەوا پێویستە لە رێگەی راهێنانەوە دەنگە ژێکانیان پەروەردە بکەنەوە.
وتیشی: هاوکات پێویستمان بەوەیە کۆمەڵێک جووڵە هەن خۆمانی لێ بەدوور بگرین، بۆ نموونە لەکاتی گفتوگۆکردندا پەنجە تەقاندن، یاخود جووڵەکردن بە قاچ و سەر و دەست، یاخود خۆ خەریککردن بە شتێکەوە وەک سەعات، مستیلە، ملوانکە، قژ، قەڵەم، کاغەز، مۆبایل و...هتد.
یان تەرکیز نەکردنە سەر دەموچاوی بەرامبەر و سەیرکردنی شوێنیکی تر، ئەمانە هەمووی رێگە پێنەدارون لە پرۆتوکۆڵی زمانی جەستەدا.

*چۆن بتوانین لە رێگەی زمانی جەستەوە کەسایەتیمان بەهێز بکەین؟ 
-بە پێچەوانەوە لە رێگەی دروستکردنی کەسایەتیمانەوە، زمانی جەستەمان بەهێز دەبێت، چونکە ئەگەر بمانەوێت لە رێگەی زمانی جەستەوە کەسایەتیمان بەهێز بکەین، مانای ئەوەیە دێین بێ ئەوەی کەسایەتمان دروستبکەین، وەک کەسێکی بەهێز رێدەکەین، ئێمە دەزانین پڕۆتۆکۆڵی کەسێکی بەهێز چۆنە، بەڵام پڕۆتۆکۆڵەکە دەشکێت لەهەر کاتێکدابێت، ئەو کەسە ئەگەری ئەوەی هەیە نەتوانێت بەردەوام بێت و بترسێت، یاخود قەلەق بێت و بشڵەژێت، ئەوکاتە ناتوانێت بەردەوام بێت لە خۆنیشاندانی بەزمانی جەستە وەک کەسێکی بەهێز.
 ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین کەسایەتیمان بەهێز بکەین، ئەوکاتە لەسەر زمانی جەستەمان رەنگدەداتەوە.
هەروەها دەڵێت: لە کتێبی «نهێنیی دەرونناسی زمانی جەستە و کەسیەتی بەهێز»دا ئاماژەم بە کومەڵێک قۆناغ کردووە بۆ گۆڕین و بەهێزکردنی کەسایەتی.

*زمانی جەستە خێراتر و بەهێزتره لە نیشاندانی کەسایەتیمان، یاخود گفتوگۆکانمان، پەیوەندیی نێوان گفتوگۆکان و زمانی جەستەمان چییە چۆن بەیەکەوە بیان بەستینەوە؟
-زمانی جەستە، ئاوێنەی کەسایەتیی راستەقینەی ئێمەیە، گفتوگۆکانمان کەسایەتیمان دەرناخەن، لە هەموو شت بەهێزتر و کاریگەرتر، زمانی جەستەی ئێمەیە، کە شێوازی کەسایەتی ئێمە نیشاندەدەن لە گفتوگۆکانمان و کاریگەرترن لە نیشاندانی کەسایەتیمان بۆ کەسی بەرامبەر، بۆیە زمانی جەستە و گفتوگۆکانمان پێکەوە تەواوکەرێکی کاریگەرتر دەبن.

*دڵەراوکێ و ترس تا چەند کاردەکاتە سەر جووڵەکانمان؟
-دڵەڕاوکێ و ترس جۆریان زۆرە، هەیانە کورتخایەنن و کاتین و ئەزموونێکە و تێدەپەڕێت، بەڵام هەیانە درێژخایەنن و هەندێک ترس و دڵەڕاوکێ پێویستن، بۆ نموونە، دڵەڕاوکێی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەیەک، یان پاڵەوانێتییەک یاخود ئاهەنگێک، ئەمانە وادەکات مرۆڤ ساز و ئامادە و بەهێزبێت بۆ ئەو کارەی دەیەوێت، بەڵام ئەگەر دڵەڕاوکێ لەوە زیاتر بوو، ئەوا کاریگەریی لەسەر کەسایەتیمان دروست دەکات، ترس و دڵەراوکێ هەمیشە وا لە مرۆڤ دەکات جووڵە و رۆیشتن و دانیشتنی ببێ به مرۆڤێکی تێکشکاو، بێ بڕوا کە ئەمانەش هەمووی لە جووڵەکانیدا هەستیان پێدەکرێت بەروون و ئاشکرایی.

زمانی جەستە بەشێکە لە ئاوێنەنمای کەسایەتیی مرۆڤەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان