جه‌واد حه‌یده‌ری
رۆمانی» جه‌نگ روخسارێكی ژنانه‌ی نییه« سڤێتلانا ئه‌لێكسیڤیچ نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی به ره‌چه‌ڵه‌ك بیلاروسی نووسیویه‌تی کە ساڵی 2015 خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی نۆبڵی وه‌رگرتووه.
ئه‌م رۆمانه له راستیدا دانپێدانان و گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی زیاتر له 200 ژن و كچی روسییه كه له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا له‌ناو ریزه‌كانی سوپای ئه‌و وڵاته له دژی ئه‌ڵمانیا جه‌نگاون و هه‌ركامیان له گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه باس له نه‌هامه‌تی و سه‌ختی و برسێتی و كوشتن و بڕین و خوێن و ... هتد ده‌كه‌ن.
نووسه‌ر سه‌ره‌تا ئاماژه به‌وه ده‌كات بۆ یه‌كه‌مجار كه ژن به‌شداری جه‌نگی كردبیت، بۆ سەردەمی یۆنانی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك كه ژنانی شاره‌كانی ئه‌سینا و سپارت بۆ به‌رگری له خاكه‌كه‌یان چوونه‌ته ناو ریزه‌كانی سوپا‌وه.
له ساڵانی 1560 تا ساڵی 1650 ژنانی به‌ریتانیا له‌ناو نه‌خۆشخانه سه‌ربازییه‌كاندا كاریان كردووه، به‌ڵام به‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20 جارێكی تر ژنانی به‌ریتانیا له‌ناو هیزی ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان به‌شداریی جه‌نگیان كردووه و له ئێستادا ده‌وترێت نزیكه‌ی 500 هه‌زار ژن له‌ناو ریزه‌كانی سوپای به‌ریتانیادان، ئه‌مریكاش به‌هه‌مان شێوه 500 هه‌زار سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری ژنی هه‌یه له‌ناو سوپاكه‌یدا.
یه‌ك ملیۆن ژن له‌ناو سوپادا
ئه‌وه‌ی لێره گرنگه و رۆمانه‌كه‌ش باسی ده‌كات، سوپای یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته، سوپایه‌ك كه نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ژن تێیدا به‌شداربوون و له جه‌نگی دووه‌می جیهاندا رۆڵێكی گرنگ و سه‌رنجڕاكێش و مێژووییان گێڕاوه. رۆماننووس بۆ نووسینی رۆمانه‌كه‌ی ماوه‌ی 4 ساڵ به شێوه‌ی مه‌یدانی سه‌دان شار و گوندی به‌سه‌ر كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژن و كچانه چاوپێكه‌وتن و دیدار بكات كه به‌شداریی جه‌نگی دووه‌می جیهانیان كردووه.
مرۆڤ گه‌وره‌تره له جه‌نگ
به درێژایی مێژوو هه‌تا ئێستا، جه‌نگ هه‌بووه و ده‌شبێت، جه‌نگ شتێكه هه‌تا مرۆڤ هه‌بێت هه‌یه، واته مرۆڤ و جه‌نگ دوو رووی یه‌ك دراون. به‌ڵام به پێی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی مرۆیی و جوگرافی و سیاسی و ... هتد گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. هه‌ندێك پێیانوایه هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ، نه‌بوونی گفتوگۆیه، ئه‌و كاته‌ی كه مرۆڤ نه‌یتوانی به گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، په‌نا بۆ جه‌نگ ده‌بات، مرۆڤه‌كان هه‌رچه‌ند له ته‌نیشت یه‌ك بن و پێكه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بژین هێشتا به ته‌واوه‌تی یه‌كتر ناناسن، هه‌ر بۆیه مرۆڤ له جه‌نگ و خۆشه‌ویستیدا سیمای راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رده‌خات.
جه‌نگ لای ژن جیاوازه
هه‌رچه‌ند رۆماننووسه‌كه خۆی له ده‌قی رۆمانه‌كەدا باس له‌وه ده‌كات كه جه‌نگ كارێكی پیاوانه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین كه سه‌رله‌به‌ری رۆمانه‌كه باسی رۆڵی ژن له جه‌نگی نێوان ئه‌ڵمانیا و روسیا ده‌كات كه چۆن كچانی كه‌م ته‌مه‌ن ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ کراون. تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه نووسراوه نیگایه‌كی پیاوانه و نێرانه بووه، هه‌رچه‌ند جه‌نگ له هه‌ر گۆشه و سووچێكه‌وه سه‌یری بكه‌ی هه‌ر جه‌نگه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر له رۆمانه‌كه‌یدا جه‌نگمان له چاو و زاری و هه‌ست و نه‌ستی ژنان به تایبه‌تی كچان ده‌گێڕێته‌وه، به گشتی ده‌توانین بڵێن كه جه‌نگ نه رووخساری پیاوانه‌ی هه‌یه و نه ژنانه، به‌ڵكوو تاوانێكی گه‌وره‌یه له‌دژی پیاوان و ژنان.
پاش خوێندنه‌وه ئه‌وه رۆمانه چه‌ندین پرسیاری گرنگ دێته ئاراوه، یه‌كه‌م پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی جه‌نگ؟ به راستی جه‌نگ چ واتا و مانایه‌كی هه‌یه؟ قوربانیانی جه‌نگ كێن؟ ئایا بكوژ و كوژراو هه‌ردووكیان مرۆڤ نین؟ هه‌ردوولا مافی ژیانیان نییه؟ له زۆربه‌ی ئه‌و فیلمه جه‌نگیانه‌ی كه به‌رهه‌مهێنراون هه‌میشه ژن رۆڵی په‌رستارێك یان ژنی جه‌نگاوه‌رێك، یان خوشك و خۆشه‌ویستی سه‌ربازێكی گێڕاوه و هیچ كارێكی ئه‌وتۆی نه‌كردووه، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا ژنان له ریزی یه‌كه‌می به‌ره‌كانی جه‌نگدان، رۆڵی فه‌رمانده، قه‌نناس به‌ده‌ست، چاو‌دێر و زۆر شتی تر ده‌گێڕن. باس له چه‌ندین دیمه‌نی جه‌نگ له نێوان ئه‌ڵمانیا و روسیادا ده‌كات كه چۆن ژنان به پێچه‌وانه‌ی پیاوانەوە، بوێرانه و ئازایانه ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌جێ گه‌یاندووه و چاوه‌ڕێی ده‌ستخۆشی و پاداشت نه‌بوون. ئه‌و سه‌ربازه ژنانه هه‌ر كامیك ئه‌ركێكی تایبه‌تیان هه‌بووه، هه‌ندێكیان چێشتلێنه‌ر بوون، هه‌ندێك په‌رستار، ژماره‌یه‌كیان شۆفێر، هه‌ندێكیان شۆفێری ده‌بابه، فڕۆكه‌وان، به‌رپرسی ته‌قه‌مه‌نی و ته‌قاندنه‌وه و ... هتد، بوون.
ژن و جه‌نگ كوجا مه‌رحه‌با
چۆن ده‌كرێت ژنێك بەو هه‌موو ناسكی و نه‌رمی و سۆز و میهره‌بانییه‌وه بچێته به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ و له ریزی یه‌كه‌می سه‌نگه‌ره‌كاندا بێت، ژنێك كه بتوانێت ته‌قه بكات و مرۆڤ بكوژێت. ژنێك كه تا دوێنێ له ماڵه‌وه سه‌رقاڵی په‌روه‌رده‌كردنی گوڵ و خۆجوانكردن و ما‌كیاج و پێلاوی به‌رز له پێكردن و ته‌نووره‌ی كورت له‌به‌ركردن بووه، ئێستا له گۆڕه‌پانی مین سه‌رقاڵی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین بێت، خه‌ریكی ئه‌وه‌بێت به ئار پی جی گولله به تانکی سه‌ربازانی ئه‌ڵمانییه‌وه ده‌نێت. هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی كه به‌شداری جه‌نگیان كردووه دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگ و گه‌ڕانه‌وه‌یان له به‌ره‌كانی جه‌نگ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه گه‌نج بوون و زه‌ماوه‌ندیان نه‌كردووه، ده‌ترسن.
ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ژیان، چونكه ئه‌وان ساڵانێك هه‌موو رۆژێ ته‌رم و خوێن و مرۆڤی سه‌ربڕاو و قاچبڕاو و كوێر و سك دڕاویان بینیوه و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر مێشك و زه‌ینی ئه‌وان داناوه و ترسێكی قووڵیان له‌ناخی ئه‌واندا چاندووه كه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژی ده‌وێت تا بگه‌ڕێنه‌وه دۆخی ژیانی ئاسایی.
جه‌نگ، خۆشه‌ویستی، ناز
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه رۆمانه‌كه باس له جه‌نگی دووه‌می جیهان ده‌كات كه تێیدا به ملیۆنان كه‌س بوونه قوربانی جه‌نگ، به‌ڵام هاوكات، له‌وه‌ها دۆخێك‌دا كه‌سانێكیش هه‌بوون له ره‌گه‌زی نێر و مێ كه له سه‌نگه‌ر دابوون، سه‌یری یه‌كتریان كردووه و به نازه‌وه وه‌ڵامی سڵاو و نیگای به‌رامبه‌ره‌كه‌یان داوه‌ته‌وه، به ده‌یان و سه‌دان حاڵه‌تی خۆشه‌ویستی له ناو سه‌نگه‌ر و له‌ژێر بارانی بۆمب و ته‌یاره‌دا روویداوه و سه‌دان كه‌س دڵیان گۆڕیوه‌ته‌وه و ماچیان به نسیب بووه و عیشوه و مه‌كر و نازی نازداران سه‌ریان گه‌رم كردوون. نووسه‌ر رووداوه‌كان به جۆرێك ده‌گێڕێته‌وه كه ژن وه‌ك كائینێك كه لێوانلێوه له میهره‌بانی و سۆز چ وه‌ك دایك چ وه‌ك خوشك، چ وه‌ك هاوڕێ و چ وه‌ك هاوسه‌ر، هاوكات ده‌شتوانێ چه‌ك هه‌ڵبگرێت و ته‌قه له دوژمن بكات و سه‌ربازانی دوژمن یه‌ك له دوای یه‌ك بپێكێ و له هه‌ناسەدانیان بخات.
كچان و ژنانی به‌شداری جه‌نگ ده‌ڵێن: له پێناو ژیاندا هاتبوون گیانی خۆیان فیدا بكه‌ن له كاتێكدا كه زۆربه‌یان نه‌یانده‌زانی ژیان یانی چی؟ هه‌ندێكیان پێناسه‌ی ژیانیان ته‌نها له‌ناو كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا بینیبوو.
یه‌كێك له كچه‌كان ده‌یوت» دوای ئه‌وه‌ی جه‌نگ كۆتایی هات، گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو شووم كردبوو، به‌ڵام ده‌ترسام كه ببم به دایك، دوای حه‌وت ساڵ بووم به دایك، دوای ئه‌وه‌ی كه منداڵم بوو تۆزێك ئۆقره‌یی و ئارامیی باڵی به‌سه‌ردا کێشام تا هه‌نووكه‌ش ناتوانم هیچ شتێك ببه‌خشم چونكه جه‌نگ هه‌موو شتێكی لێ تێكدام و لێی ستاندم. ئایا خودا مرۆڤی بۆ ئه‌وه دروستكردووه چه‌ك به ده‌سته‌وه بگرێت و ته‌قه بكات و خه‌ڵك بكوژێت؟ یان مرۆڤی بۆ ئه‌وه دروست كردووه كه خۆشه‌ویستی بكات و عه‌شق و خۆشه‌ویستی بڵاوبكاته‌وه.
جه‌نگ نه رووخساری پیاوانه‌ی هه‌یه، نه ژنانه
جه‌نگ نه‌ك رووخساری ژنانه‌ی نییه، به‌ڵكو له‌راستیدا هه‌ر هیچ رووخسارێكی مرۆیی نییه و شتێكی زۆر قێزه‌ون و ناشیرینه، جه‌نگ شوێنی خۆبه‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یە كه پڕاوپڕن له نه‌فره‌ت و رق و لاساری. پڕه له‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌نها به رووخسار مرۆڤن، ئه‌گینا دڕنده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدارن و تینۆی خوێنی مرۆڤن و ته‌نها به خوێن سووكناییان دێت.
له پێناو نیشتمان منداڵه‌كه‌ی له‌بار برد
ژنان پێش جه‌نگ و دوای جه‌نگ ژنان بۆ به‌رگریكردن له نیشتمان و هاونیشتمانیان ئاماده‌ی هه‌رجۆره فیداكارییەکن، به شێوه‌یه‌ك كه دایكێكی دووگیان بۆ ئه‌وه‌ی بچێت بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ ئاماده‌یه كۆرپه‌كه‌ی له‌بار ببات. هه‌ندێكیان ئاماده‌ن له‌به‌ر نیشتمان دایك و باوكه پیره‌كه‌یان به‌جێبهێڵن و بچنه ناو ریزه‌كانی سوپا‌وه. له كاتی جه‌نگدا ژنان، ترس، برسێتی، كوشتن، بێخه‌وی، برین و خوێن و هه‌موو شته ناخۆشه‌كان ته‌حه‌مول ده‌كه‌ن. به‌ڵام دوای جه‌نگیش به هۆی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی جه‌نگ زۆر به ئاسانی ناتوانن تێكه‌ڵاوی ناو كۆمه‌ڵگه ببنه‌وه، هه‌ندێكیان تووشی كه‌م ئه‌ندامی بوون، ناتوانن كار بكه‌ن، هه‌ندێك تووشی جۆرێك ترس و تۆقاندنی ده‌روونی بوون و شه‌وان ناتوانن بخه‌ون، هه‌ندێك له زه‌ماوه‌ند و شووكردن بێزار ده‌بن.
یه‌كێك له ناخۆشترین شته‌كانی جه‌نگ به تایبه‌تی له مه‌یدانی جه‌نگدا مردن و ترس له مردنه، له‌وكاته‌دا كه‌س حه‌ز ناكات بمرێت، هه‌موو ده‌یانه‌وێت بژین، به تایبه‌تی ژنان، چونكه ژن ژیان ده‌به‌خشێت و چه‌ندین مانگ كۆرپه‌یه‌ك له‌ناو سكی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بژی، كوشتن بۆ ژنان زۆر سه‌خته، به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی بیه‌وێت كه‌سێك بكوژێت.
ژن له جه‌نگیشدا سه‌رسامی خۆیه‌تی
یه‌كێك له كچه‌كان ده‌گێڕێته‌وه:» ئه‌فسه‌رێكی پیاومان هه‌بوو زۆر جوان و قۆز بوو، هه‌موو كچه‌كان هۆگری ببوون، ئه‌و هه‌میشه ده‌یوت ته‌نها پێویستی جه‌نگ، سه‌ربازه، به‌ڵام ئێمه كچان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سه‌رباز بووین، هاوكات زۆریش به خۆمان سه‌رسام بووین و حه‌زمان ده‌كرد به جوانی ده‌ركه‌وین و ستایشی جوانی و قۆزییه‌كه‌مان بكه‌ن، من له جه‌نگ ده‌ترسام به تایبه‌تی ترسی ئه‌وه‌م هەبوو قاچه‌كانم له ده‌ست بده‌م، ئاخر قاچه‌كانم زۆر جوان بوون، حه‌زم نه‌ده‌كرد كه‌م ئه‌ندام ببم، قاچ بۆ پیاوان گرنگ نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ده‌ستیشی بده‌ن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ژنان قاچ گرنگ بوو، ئه‌گه‌ر قاچ له‌ده‌ست بده‌ین، چاره‌نووسمان له‌ده‌ستده‌ین ، كه‌س ژنێكی كه‌م ئه‌ندامی ناوێ.
له ره‌نگی سوور بێزارم
یه‌كێك له كچه‌كانی به‌شداربووی جه‌نگ به‌مشێوه‌یه باسی ژیانی دوای جەنگ ده‌كات، «له دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ ئیتر بۆ كڕینی هیچ كاڵایه‌ك نه‌متوانی بچم بۆ بازاڕ، نه‌مده‌توانی سه‌یری دوكانی قه‌سابی بكه‌م، ته‌نانه‌ت بۆ كڕینی قوماشیش نه‌مده‌توانی سه‌ردانی كۆتاڵ فرۆشه‌كان بكه‌م، چونكه هه‌موو شته‌كانم به ره‌نگی سوور ده‌بینی، وای لێهاتبوو نه‌مده‌توانی سه‌یری ره‌نگی سوور بكه‌م، ئێستاش كه 40 ساڵ بەسەر كۆتایی جه‌نگدا تێده‌په‌ڕێوە ماڵه‌كه‌م بگه‌ڕێ هیچ شتێكی سووری تێدا نییه، چونكه ره‌نگی سوور، گوشت و خوێنی مه‌یدانه‌كانی جه‌نگم وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه رقم له ره‌نگی سوور بێت. وێناكردنی جه‌نگی ژنانه زۆر ترسناكتره له جه‌نگی پیاوانه، ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یه له داهاتوودا كتێب له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه بنووسرێت كه هه‌موو كه‌س رقی له جه‌نگ بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانیش.
سه‌رچاوه/ كتاب جنگ چهره زنانه ندارد، نوشته سوتلانا الكسیویچ