منداڵێکی دڵخۆش یەکسانە بە منداڵێکی بەڕەوشت؟

10:35 - 2024-03-17
دووتوێ
98 جار خوێندراوەتەوە

دڵان سامان

پەروەردەکردنی منداڵ واتا پێگەیاندنی مرۆڤێکی دیکە و ئامادەکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ژیان بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە، بۆیە کاتێک منداڵێک دەهێنیتە ئەم ژیانەوە دەبێت ئەوەت لەبیر بێت چ بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانتە جا دایک بیت یان باوک، ئەو هەڵەیەش کە زۆربەی دایک و باوکان لە پەروەردەکردنی منداڵدا دەیکەن ئەوەیە وادەزانن پەروەردە یەکسانە بە منداڵێکی دڵخۆش واتا هەموو شتێک بۆ منداڵەکەیان دەکەن و لە هەموو شتێکدا رازی و دڵخۆش بێت ئەوە یەکسانە بە پەروەردەیەکی باش، بەڵام لەڕاستیدا پەروەردەی گونجاو یەکسان نییە بە منداڵێکی دڵخۆش، بەڵکو یەکسانە بە منداڵێکی باش و خاوەن رەوشتی گونجاو ئینجا دڵخۆش.
بە واتایەکی دیکە ناکرێت تۆی دایک یان باوک منداڵەکەت هەرچییەک بکات و هەرچییەکی بوێت بۆی جێبەجێبکەیت لەپێناوی ئەوەی تووڕە نەبێت و دڵخۆش بێت، لە ئەنجامدا وابزانیت منداڵێکی بەڕەوشت و دەروون تەندروستت پەروەردە کردووە.

پاساوی بۆ مەهێنەوە
کاتێک منداڵەکەت هەڵە دەکات ئەگەر پاساوی بۆ بهێنیتەوە و لەبری سزا کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەیت ئەوا ئیتر واتێدەگات هەمیشە هەموو شتێکی بۆ دەچێتە سەر و ژیانی بێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کار و رەفتارەکانی بەسەر دەبات، ئەو منداڵەش لە داهاتوودا کەسێکی دەروون نەخۆش و مرۆڤێکی سەیری لێ دەردەچێت کە ناتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا خۆی بگونجێنێت، کاتێکیش هەموو شتێک وەک نێو ماڵ و خێزانەکەی بە ئارەزووی ئەو بەڕێوەناچێت یان مرۆڤێکی توندوتیژ و تاوانکاری لێدەردەچێت یان کەسێکی گۆشەگیر و تەنیای لێ بەرهەمدێت.

بزانێت نەخێر چییە
گرنگی پەروەردە لەوەدایە دەبێت منداڵەکەت بزانێت نەخێر چییە بۆ نموونە زۆر دەخوات و کێشی زیادی کردووە تۆ هیچ ئامۆژگاری و رێوشوێنێک ناگریتە بەر بۆئەوەی لەو دۆخە رزگاری بکەیت یان خراپتر نەبێت، تەنیا لەبەرئەوەی بەو جۆرە زۆرخواردنە دڵخۆشە و ناکرێت پێی بڵێیت تەواو بەسە، نەوەکا بگری و تووڕە و دڵتەنگ بێت، بەڵام دەبێت لەبیرت بێت تۆ دایکەکەیت یان باوکەکەیت و دەسەڵاتی ماڵ و دیاریکردنی یاسا و رێساکانی ماڵ بەدەست تۆیە نەک ئەو، وەک هەمیشە توێژەری کۆمەڵایەتی ئەمریکی بەناوبانگ دکتۆر فیڵ دەڵێت: منداڵەکانتان مەکەن بە بۆس- ی ماڵ واتا بەڕێوەبەری ماڵ، بەڵکو ئێوە بۆس-ی ماڵەکەن نەک ئەوان، بۆیە کاتێک منداڵێک دەبینین دایکەکەی هەموو شتێکی بەقسە دەکات تەنانەت ئەگەر زیانیشی هەبێت، ئەوە ئەو منداڵە بۆسی ماڵەکەیە و دایک و باوکی بەڕێوەدەبات.

دەروون تەندروست بێت 
ئەوەی دەبێت وەک پەروەردەکار و باوانی منداڵ بیزانین ئێمە لەڕووی رەفتار و دەروونەوە منداڵێکی تەندروستمان دەوێت هەروەها دڵخۆشیش بێت و هەرگیز دڵخۆشیی بێ ئەو دوانە بەدی نایەت، ئەگەر لە پەروەردەی منداڵدا هەندێ سنوور دانەنێیت و منداڵ راست و هەڵە نەزانێت و لە کاتی پێویستدا کەمێک توند نەبیت و بڵێیت نەخێر، چەندە لەو کاتەدا بێزار بێت و بگرە رقیشی لێت بێت لە داهاتوودا بۆ ئەنجامی ئەو پەروەردەیە و ئەو وانانەی لێتەوە فێربووە سوپاسگوزار دەبێت، چونکە لە داهاتوودا تێدەگات لە فڵانە دۆخدا بۆچی بەو جۆرە رێگریت لێکردووە، ئەگەر هەر هەمان نموونەی زۆرخۆریی منداڵەکە بێنینەوە کاتێک بەرەو لاوازبوون و تەندروستییەکی باشتر دەڕوات لە قۆناغێکی دیکەدا سوپاست دەکات کە رێوشوێنی تەندروستت فێرکردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێک دەگاتە حاڵەتێک بەهۆی قەڵەوییەوە تووشی چەندان کێشەی تەندروستی دەبێتەوە، رەنگە لۆمەت بکات و پێت بڵێ تۆ ئاقڵ و گەورە بوویت بۆچی هێشتت بگەم بەم رۆژە.
دواجار بەرپرسیارێتی ژن و پیاو کاتێک منداڵێک دەهێننە ژیانەوە زۆر لەوە گەورەترە کە وێنای دەکەن و دایکایەتی و باوکایەتی تەنیا هەست و سۆز و خۆشەویستی و وێنەی جوان و دڵخۆشی منداڵ نییە، بەڵکو چی لەپشت ئەو وێنانەوە هەیە و چی وایکردووە ئەو منداڵە رەفتار باش و تەندروست و دڵخۆش بێت. 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان