راگەیاندنی راستییەکی مێژوویی لەبارەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە

09:59 - 2024-03-19
کەلتور
114 جار خوێندراوەتەوە
کاکە مەم بۆتانی , حسێن عارف

حسێن عارف
 

من و کاکە مەم بۆتانی دانیشتووی شاری بەغدا بووین، بەبێ گوێدانە شێوازی بیرکردنەوەمان و نزیکیی حزبی کە ئەو لەگەڵ برادەرانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال و لە حزبەکەی ئەوان کاری سیاسی دەکرد و منیش لەگەڵ حزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی بووم، دوو هاوڕێی خۆشەویست و نزیکی یەکتر بووین.
رۆژێکی سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1970 هات بۆ لام و وتی:
-حسێن گیان بۆ مەبەستێک هاتووم بۆ لات.
وتم: بەخێر هاتیت، فەرموو بیڵێ.
ئەوجا وتی: ئاگاداری ئەوە هەیت کە حکومەتی بەغدا بڕیاری بەخشینی چەند مافێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەناویاندا دامەزراندنی دەزگایەکی ئەدەبی بۆ نووسەران و ئەدیبانی کوردی دەرکردووە؟!
وتم: بەڵێ. ئاگادارم. 
ئەوجا وتی: دە ئەم هاتنەم بۆلات پەیوەندیی بەو باسەوە هەیە. منیش لە وەڵامیدا وتم: خەریکم تێبگەم. دەی فەرموو بیڵێ، وتی: پێم خۆشە تێدەگەیت و دەڵێم، وەرە با من و تۆ پێکەوە دەستبکەین بە کارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو یەکێتییە. منیش بەبێ هیچ چاوەڕوانی کردنێک وتم: دەمخۆش. بەدڵنیاییەوە ئەو کارە بۆ ئامانجێکی پیرۆزە کە بە منی دەبەخشیت، بۆیە سوپاست دەکەم و ئامادەم.
دەستپێشخەرییەکەی کاکە مەم
ئەمە دەستپێشخەرییەکەی کاکە مەم بوو بۆ من، بەڵام بێگومان من دەبێ ئەوەم زانیبێت کە ئایا دەستپێشخەرییەکە لە لایەن خۆیەوەیە؟! بێگومان ئەوەم دەزانی کە کاکەمەم ئەندامە لە ریزی پارتی دیموکراتی کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسی، بۆیە لەبیری خۆمدا زانیم کە ئەو حزبەیە کاکە مەمی راسپاردووە بۆ ئەو چالاکییە رێکخراوەییە، بێگومان ئەمە لە رۆژانێکدا بوو کە پارتی، باڵەکەی بارزانی هێشتا لە شەڕدایە لەگەڵ حکومەتی عیراقدا و باڵی ئیبراهیم ئەحمەدیش لە ئاشتیدا.
ئینجا ئەم داوایە بۆ من لەکاتێکدا بوو کە پەیوەندیی حیزبیم لەگەڵ حیزبی شیوعیدا وازلێهێنابوو، بۆئەوەی چالاکی مێشکی خۆم سەبارەت بە چالاکی کاریگەری ژیانم بۆ ئەدەب و رۆشنبیری و کاری رێکخراوەیی ئەم دەزگایە یان، یەکێتییە تەرخان بکەم. دەسا ئەم داوایەی کاکە مەم پڕاوپڕی ئەم رێبازە نوێیەی ژیانم دەگونجا بۆیە یەکسەر و راستەوخۆ لە وەڵامی داواکەیدا بەگەرمی رەزامەندیم بۆ هاوبەشیکردن لەو چالاکییەدا دەربڕی و ئەویش زۆری پێخۆشبوو.
بێگومان لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەم بڕیارەم، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ هەڵوێستی سیاسیمدا بەرامبەر ئەملاو ئەولای ئەو دوو لایەنە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکەمدا هەبووە.
دەسا ئەوا لەگەڵ کاکە مەمدا دەستمان کردووە بە چالاکی. چالاکیمان بریتییە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو شاعیر و نووسەرە کوردانەی کە لەناو شاری بەغدا و سنووری بەغداد هەن.
لە ئەنجامی پەیوەندی کردنمان بەو بەڕێزانەی کە لەو سنوورەدا بوون، لەناویاندا و لەگەڵیاندا کاکە مەم و من، بووین بە (11) یانزە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی کورد.
پاشان دەستەی دامەزرێنەر دەستی بەکۆبوونەوە کرد و پێش هەموو شتێکیش، دەبوو پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییەکە ئامادە بکەین و بیدەین بە وەزارەتی پەیوەندیدار، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و رێگەپێدانی یاسایی. ئەم کارەش بە من سپێردرا، چونکە دەرچووی یاسا بووم، منیش ئامادەم کرد و پاشان درایە وەزارەتی پەیوەندیدار ئەویش دەستوبرد، بۆ بەڕێوەبردنی بڕیارەکەی حکومەت، بڕیاریدا یاخود موافەقەتی لەسەرکرد.

 

لە راستیدا کاکە مەم و من، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی  چ دەستەکە و ئەندامانی ئاسایی یەکێتیی نووسەران، کار و فەرمانەکانی یەکێتیمان زۆر بەدڵسۆزی و بە پەرۆشەوە بەڕێدەکرد

 

کاکە مەم و من
ئیدی کەوتینە مانگی شوباتی ساڵی 1970، دەستەی دامەزرێنەر ڕۆژانە لە بارەگای خۆیدا کۆدەبێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ نووسەرانی پارێزگاکانی کوردستاندا دەکات، هەتاوەکو دەستەکانی دامەزرێنەر بۆ خۆیان دیاری بکەن. بۆ دامەزراندنی رێکخراوی پارێزگاکانیان و ئامادەبن بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی یەکێتیی نووسەرانی کوردیی لە شاری بەغدا.
ئێستا لێرەدا دەکرێ، چ کاکە مەم یان من سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەر بین، بەڵام سەرۆک  جەمال بابانە. لە راستیدا کاکە مەم و من، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی  چ دەستەکە و ئەندامانی ئاسایی یەکێتی، کار و فەرمانەکانی یەکێتیمان زۆر بەدڵسۆزی و بە پەرۆشەوە بەڕێدەکرد.
بەڵێ کارەکان زۆر بەدڵسۆزی و بەباشی بەڕێوەدەچوون، بەڵام پێتان سەیر و سەمەرە نەبێ کە لەناکاوێکدا بوومەلەرزەیەک لە یەکێتیی نووسەران روویدا. هەر زوو دەبێ ئەوە بڵێم کە بوومەلەرزەکە، بینای یەکێتییەکەی نەڕوخاند. بەڵام تەنیا کاکە مەم کە ناهەقی نەبوو (کە دوای پەنجا ساڵی خشت بوو بە سەرۆکی یەکێتییەکە).
ئیدی لە رۆژی دوای روودانی بوومەلەرزەکەوە وازی لەهاتن بۆ کۆبوونەوەکانی دەستەی دامەزرێنەر هێنا، بەڵام چی روویدا؟!
تکایە بزانن، ئەو باڵەی کە سەرۆکەکەی مەلا مستەفای بارزانی بوو، لەگەڵ حکومەتی بەغداد رێکەوتن پاشان بەیاننامەی (11) یانزەی ئازاری لێکەوتەوە و شەڕ کۆتایی هات و بێ درێژەدان بە باسەکەم،  ئیتر هاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزەکەی من نەدەهات و بگرە نەیدەتوانی بێت.
هەردوو شاعیری ناسراو
بێگومان لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێم کە پارتی (10) ئەندامەکەی تری دەستەی دامەزرێنەری یەکێتییەکەی بەباشی دەناسی بۆیە زۆر بەئاسایی پەیوەندی لەگەڵدا کردن، هەروەها هەردوو شاعیری ناسراو (هەژار موکریانی و سەعید ناکام) و کەسانی دیکەی سەر بە پارتییان هێناو، بوونە یاریدەدەری دەستەکە و رێکخستن و بەستنی کۆنگرەی یەکەمی نووسەرانی کورد لە بەغدا.
دوایین قسەم ئەوەیە کە بڵێم: ئەو هاوڕێ دێرینە خۆشەویستەی تەمەنم. ئەو کاکە مەم بۆتانییە. ئەو نووسەرە ناودارەی نەتەوەکەمان، لە یەکەم هەنگاوی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، ئەو دەستیپێکرد کە بەداخەوە لەسەر ئەو هەنگاوە لادرا، بەڵام هەر ئەویش بوو، کە لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیدا، بووە سەرۆکی یەکێتیی نووسەران!
بەڵام بەداخی داخەوە، ئەو هاوڕێ خۆشەویستەم هەموو جارێ کە یەکمان دەبینی پێی دەوتم: حسێن من بە (10) دە ساڵ دوای مردنی تۆ دەمرم، واتە تۆ (70) ساڵ بژیت، من (80)ساڵ دەژیم، یان تۆ (80) ساڵ بژیت، ئەوا من (90) ساڵ دەژیم، بەڵام ئەمجارەش بەداخی داخەوە، ئەو پیاوە مەزنەی هاوڕێم بە پەتای نەگریسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.!!
بۆ مێژوو، ئەم نووسەرە بەڕێزانەی خوارەوە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتییەکە بوون:
1- کاکە مەم بۆتانی.
2- حسێن عارف.
3- جەمال بابان.
4 -د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ.
5- د.ئیحسان فوئاد.
6- د.مارف خەزنەدار.
7- د. نەسرین فەخری.
8- د. کاوس قەفتان.
9- نوری عەلی ئەمین.
10- عەبدولڕەزاق بیمار.
11- کامل بەسیر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان