سەرۆك كۆمار: رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

12:13 - 2024-03-20
عیراق
142 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی دووپاتكردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری.
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی (140)ی دەستوور و یەكلاكردنەوەی بابەتەكانی پەیوەست بە زەوییە كشتوكاڵییەكان و چارەسەركردنی گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان كردەوە، بەشێوەیەك كە مافەكانی هاووڵاتیانی كەركوك لەڕێگەی جێبەجێكردنی یاساوە، دەستەبەربكات.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: خواستێك لەلای هەردوولا هەیە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ لەبارەی بابەتەكانی پەیوەست بە پەسندكردنی بودجە و پێدانی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. تەئكیدیش كرایەوە لەسەر رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا.
لای خۆیەوە، باڵیۆز هیچن، پاڵپشتی حكومەتی بەریتانیای بۆ هەوڵەكانی عیراق لەپێناوی بەرقەراركردنی ئاسایشی ناوچەكە دووپاتكردەوە و ستایشی رۆڵی عیراقیشی كرد لە چەسپاندنی بناغەكانی ئاشتی لە ناوچەكەدا، لەوبارەیەشەوە رۆڵی سەرۆك كۆماری بەرزنرخاند بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەكان.
دیداری سەرۆك كۆمار و سەرۆكی كۆمەڵەی عیراقی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشكی
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە دكتۆر زەرغام عارف عەبدولواحید سەرۆكی كۆمەڵەی عیراقی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشكی و وەفدی هاوڕێی كرد و تەئكیدكرایەوە كە «پێویستە پشتیوانی لە توێژینەوە پزیشكییەكان بكرێت و سوود لە شارەزایی نێودەوڵەتی وەربگیرێت».
لە دیدارێكدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار، جەختیشیكردەوە لە «پێویستیی پاڵپشتیكردنی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە پزیشكیییەكانی سەرجەم پسپۆڕییە جیاجیاكان لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشكەوتوو».
ئەوەشی خستەڕوو كە زانكۆكانی عیراق ناوبانگێكی باشیان هەیە، بەوپێیەی زۆرێك لە خاوەن توانا و لێهاتوویی زانستی بەتایبەت لە بواری پزیشكیدا، لە ناوخۆی عیراقدا خوێندنیان تەواوكردووە.
لای خۆیەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی عیراقی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشكی، قسەی لەسەر كارەكانی كۆمەڵەكەیان و ئەو ئەركانەی لەڕێگەی كردنەوەی خول و وۆركشۆپ جێبەجێی دەكەن، كرد و وتی: ئامانج لە كارەكانمان ئەوەیە تا بتوانین شانبەشانی پێشكەوتنەكانی بواری پزیشكی هەنگاوبنێین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان