لە جیاتی لێدان، ئەشکەنجەی دەروونی خوێندکار بەرەو کوێ دەبات؟

09:35 - 2024-03-24
ڕاپۆرت
327 جار خوێندراوەتەوە
هەڕەشە و سزای دەروونی، لە سزای جەستەیی قورسترە لەسەر کەسایەتیی خوێندکار

راپۆرتی/ چنار عەزیز


پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار یەکێکە لە بەهێزترین پەیوەندییەکان لەناو ژینگەی فێربووندا و ئەو پەیوەندییە وەک پردێک وایە کە زانیاری و ئەزموون و کارایی مامۆستا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بۆئەوەی توانای خوێندکار لەگەڵ ئاواتەکانیدا دیاری بکات، ئەوەش ئەو پەیوەندیانەن کە مامۆستایان لەگەڵ خوێندکارەکانیان پەرەی پێدەدەن، چونکە مامۆستا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی لایەنی ئەکادیمیی خوێندکاردا. 
واتا هەڵسوکەوتی مامۆستا باش بێت یان خراپ، کاریگەریی لەسەر دەروونی خۆێندکار هەیە، بەتایبەتی تر ئەگەر هەڵسوکەوتی نەشیاو بێت، خوێندکار تووشی گوشاری دەروونی و هەستکردن بە شکانی کەسایەتی دەکات.
بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆم  لەگەڵ سەرپەرشتیاری پەروەردەیی مامۆستا ئارێز ئیسماعیل کرد و لێم پرسی:

*شتێک هەیە لەناو خوێندنگەکاندا ئەویش‌ ئەوەیە مامۆستا ئێستا لە خوێندکاران نادات بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام ئازاری دەروونی دەدات، قسەی ناشیرینی پێ دەڵێت و ناو و ناتۆرەی لێدەنێت، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
-ئێمە لەناو ناوەندەکانی خوێندندا سزاکان پۆلێن دەکەین بۆ دوو جۆر،  سزای جەستەیی و سزای دەروونی  و سزای جەستەی بریتییە لەو توندوتیژییەی راستەوخۆ مامۆستا لەناو پۆلدا یاخود لە حەرەمی قوتابخانە بەکاریدەهێنێت بەرامبەر خوێندکار لەهەر قۆناغێکدا بێت، کە ئەمەش ماکی جەستەیی بەجێدەهێڵێت و بەئاسانی هەستی پێ دەکرێت، ئێستا ئەو جۆرە سزایە بە رادەیەکی زۆر نەماوە.
هەرچی جۆری دووەمە، سزای دەروونییە یاخود ئازاردانی دەروونی، ئەمەش  جۆرو پۆلێنی زۆرە، بەڵام زیاتر لەو جۆرەیاندا  رەنگدەداتەوە کە مامۆستا لە رێگەی دەربڕینە ئازاربەخشەکانەوە وەک (ناو و ناتۆرەی نەشیاو یان  چواندنی منداڵ بە ئاژەڵێک)، لەم رێگەیەوە هێرش دەکاتە سەر کەسایەتیی خوێندکار، ئەم جۆرەیان هیچ ماکێکی جەستەیی بەجێناهێڵێت، بەڵام لەڕووی دەروونییەوە، بە تەواوی کەسایەتیی خوێندکار تێکدەشکێنێت لەڕووی پۆلێنبەندیی سزاکانەوە، ئەگەر کاریگەریی لە سزای جەستەیی زیاتر نەبێت کەمتر نییە.

 *بۆچی مامۆستا پەنا بۆ ئەو جۆرە سزایە دەبات؟  
-یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەو کەسەی دەبێت بە مامۆستا، لە کۆمەڵگە و وڵاتە تازە پەرەسەندووەکاندا بە هیچ فلتەرێکی پەروەردەیی و دەروونیدا تێناپەڕێت، بەڵکو هەر ئەوە بەسە کە کۆلێژێکی تەواوکردبێت. زۆرجار دوای چەندین ساڵ لە خزمەت، ئینجا خولێکی شیاندنی چەند رۆژە دەبینێت. هەروەها دوای بڕیاری قەدەغەکردنی لێدان، ئاسانترین رێگە بۆئەوەی مامۆستا بتوانێت خوێندکارەکە کۆنترۆڵ و دەستەمۆ بکات، ئەوەیە پەنا بباتە بەر ئازاردانە دەروونییەکان، بیریشمان نەچێت زۆریک لە مامۆستایان خۆیان قوربانیی ئەو جۆرە مامەڵەیە بوون  لە سیستمی کۆنی خوێندندا،  هەمیشە قوربانیش، لاسایی جەللادەکەی دەکاتەوە.
 ئەوە جگە لەو بارودۆخە ئابوورییەی لە چەند ساڵی رابردوودا فەرمانبەرانی گرتۆتەوە لەناویشیاندا مامۆستایان، ئەمەش وایکردووە مامۆستا هەمیشە میزاجێکی باشی نەبێت، زۆرجار خودی مامۆستاکەش بەبێ مەبەست ئەو سزایە بەکاردەهێنێت.

*خوێندکار چۆن دەتوانێت خۆی لە مامۆستا خراپەکان بەدوور بگرێت؟  
-راستر وایە بپرسین چۆن بتوانین خوێندکارەکانما بپارێزین لە مامۆستا خراپەکان؟ چونکە گومانی تێدانییە خوێندکار لە قۆناغی بنەڕەتی و بەتایبەتی بازنەی یەکەم و دووەمدا پڕێتی لە وزە، بۆ بەتاڵکردنەوەی وزەکەشی بێ ئەندازە جووڵە دەکات و قسە دەکات، ئەمەش وەک هەڵوێستێکی بێزارکەرانە لەلایەن مامۆستاکەیەوە لێی دەڕوانرێت،  باشترین رێگەش بۆ ئەوەی فێرخوازەکانمان بپارێزین لە قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی، ئەوەیە لەناو خێزاندا پشتیوانی بکرێت و بەردەوام گوێی لێ بگیریت، بۆ هەموو ئەو هەڵویستانەی لەناو ناوەندی خوێندندا رووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن مامۆستا یان هاوڕێ و هاوپۆلەکانییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی کارگێڕی خوێندنگە و تیوێژەرانە لەناو ناوەندەکاندا گوێگرێکی باش بن بۆ خوێندکار بۆ هەر سکاڵایەک کە هەیەتی لەسەر مامەڵەی مامۆستا.  
دەکرێت خێزانەکانیش هاوکاریی خوێندنگە بن لەڕووی پەروەردەکردنی منداڵەکانیانەوە بۆئەوەی رێز لە خوێندنگە و مامۆستاکانیان بگرن.

*مامۆستایان کێشەیان لەگەڵ رەفتاری خوێندکاراندا هەیە؟ 
- بێگومان بەڵێ، بەهۆی ئەو کرانەوەیەی رووبەڕووی کۆمەڵگەکەمان بۆتەوە، لەناویاندا  بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیەی هەیە و لەسەروو هەمووشیانەوە تیک تۆک، روونە لای هەموان زۆربەی بەکارهێنەرانیشی منداڵ و هەرزەکارەکانن، خوێندکارێکی بەرهەمهێناوە کە رەفتارە سروشتییەکانی خۆی ونکردووە و زیاتر ئەو رەفتارانە دووبارە دەکاتەوە کە وەریگرتووە و کاریان تێکردووە،  کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ژینگە بە ڕادەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر رەفتاری خوێندکار هەیە و ئەو ژینگەیەش کاتێک بریتی بێت لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و خیزانێکی بارگاوی بەو کرانەوەیەی کە هەیە.  بێگومان هەندێک رەفتار لە خوێندکاردا  دەبینرێت کە جێگای تێڕامانە، هەست دەکەی بەتەواوی سروستی خۆی ونکردووە. ئەمەش وادەکات مامۆستایان و خوێندنگەش وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی ناڕەزایی دەرببڕن لەو جۆرە رەفتارانەی قوتابیان کە پەسەند نیین.

*هەڵویستە نەرێنییەکانی کاریگەری مامۆستا لەسەر خوێندکاران چییە؟ 
-کاریگەرییەکان لە هەندێکیاندا بەشێوەیەکی کتوپڕ و لەماوەیەکی کورتخایەندا دەردەکەوێت،   هەندێکیشیان لە ئایندەیەکی دووردا ماک و کاریگەرییان دەردەکەوێت.  باسی ناو و ناتۆرەمان کرد بە سەدان خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە، چونکە رووبەڕووی هەڵویستێکی شەرمەزارکەرانە  هاتوون لەلایەن مامۆستاکانیانەوە، ناوی ناجۆر و نەگونجاویان بۆ بەکارهاتووە، لەوانە خڕە، قەڵەو،  کێژە و... هتد. وایکردووە خوێندکارەکە رووبەڕووی تانە و تەشەری ناو هاوڕێ و هاوپۆلەکانی بۆتەوە، ئەمەش کۆتاییەکەی بە وازهێنان لە خوێندن کۆتایی هاتووە.
 وەک باسمانکرد ناو و ناتۆرە و تانەو تەشەری مامۆستا  کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر کەسایەتیی خوێندکارەکە و بەجۆڕێک کەسایەتی ورد و خاش دەکات، هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان، لەوانە گۆشەگیری، خەمۆکێ،  دڵەڕاوکێ، ئەمەش لە ئایندەیەکی دووردا زیاتر کاریگەریی لەسەر کەسێتی فێرخواز توندتر دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان