ئا: كرێكار قادر روستایی*
شێرپەنجەی مەمك بە بڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت لە ژناندا لەڕووی ژمارەی تووشبوونەوە، بەڵام لەڕووی هۆكار بۆ مردن بە لە ژناندا بە دووەم جۆر دادەنرێت لە پاش شێرپەنجەی سییەكانەوە.
هۆكاری تووشبوون
تائێستا بە تەواوەتی نەزانراوە، بەڵام لە هەندێك ژندا هۆكاری رێخۆشكەر هەیە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەشێوەیەكی گشتی سێ كۆمەڵە هۆكار هەن لەوانە:
هۆكاری بۆماوەیی
بە شێوەیەكی گشتی هۆكاری بۆماوەیی تەنها لە5-10 ٪ ی حاڵەتەكاندا هەیە (لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەكانیان) هۆكاری بۆماوەیی بە زۆریی لەو كەسانەدا دەبێت كە تەمەنیان گەنجە و كەمترە لە 45 ساڵ.
هۆكاری رێخۆشكەر بۆ تووشبوون
ئەمەش بەشێوەیەكی گشتی دابەش دەبێت بەسەر دوو گروپدا.
A. ئەو هۆكارانەی كە ناتوانرێت رێگەیان لێ بگیرێت، بریتین لە:
1.رەگەز، تەمەن، نەتەوە.
2. سووڕی مانگانە پێش 12 ساڵ رووبدات.
3.درەنگ كەوتنە تەمەنی نائومێدیی دوای 54 ساڵ.
4.رێژەی ئیسترۆجین زیادبێت.
5.هۆكاری بۆماوەیی و بوونی حاڵەت لە باواندا.
B .ئەو هۆكارانەی كە دەتوانرێت رێگەیان لێبگیرێت لەوانە:
1. بەكارهێنانی حەبی رێگرتن لە دووگیانیی.
2. نەبوونی منداڵ یان دەرنگ منداڵبوون (پاش 35 ساڵ).
3. شیرپێنەدانی سروشتی بە منداڵ لەلایەن دایكانەوە.
4. بەكارهێنانی مادە كهولییەكان.
5. خواردنی خۆراكی چەور بەزۆریی.
6. نە جووڵان یان كەم جووڵەیی.
7. قەڵەویی
8. جگەرەكێشان
هۆكاری ژینگە و دەوروبەر
1. بەركەوتن بە ئیسترۆجینی دەرەكی.
2. بەركەوتن بە شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكان.
3. بەركەوتن بە مادەی كیمیایی.
4. تیشك.
شایەنی باسە زووناسینەوە و زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك، سەرەكیترین هەنگاوە لە چارەسەرکردنیدا، بۆیە رێگەكانی زوو دەستنیشانكردن و ناسینەوەی شێرپەنجەی مەمك بریتین لە:
* پشكنینی خۆیی مانگانە لە كچان و ژناندا.
* پشكنین لەلایەن پسپۆڕی پزیشكییەوە(پزیشك یان سەرپەرشتیاری پسپۆڕ).
* پشكنینی تیشكیی بۆ مەمك بینین.
چارەسەركردنی شێرپەنجەی مەمك
بەشێوەیەكی گشتی رێگەكانی چارەسەركردن بریتین لە:
-نەشتەرگەری و لابردنی شانەی تووشبوو.
-چارەسەری دەرمان وەک: (ماددەی كیمیایی، هۆرمۆن،
- چارەسەر بە تیشك.
گرنگترین رێگاكانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك:
-دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ماددە كهولییەكان.
-وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە.
-رێگەگرتن لە زیادبوونی نائاسایی كێش .
-جووڵە و وەرزشی بەردەوام.
-شیرپێدانی سروشتی بە كۆرپە.
-كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ماددەی هۆرمۆنی وەک (حەب یان دەرزی رێگریکردن لە دووگیانیی.
- خۆ دوورگرتن لە كەوتنەبەر تیشكی تیشكاوەری نا پێویست.
-خواردنی خۆراکی سوودبەخشی وەك میوە وسەوزە و خواردنی كەم چەوریی.
هەندێ چارەسەری دیکە
لە میسری كۆندا، زەروو لە پزیشكیدا بەكاردەهێنرا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دەمار، كێشەی ددان، نەخۆشییەكانی پێست و هەوكردن بەگشتی، ئەمڕۆ زۆرجار لە نەشتەرگەری جوانكاری و نەشتەرگەرییە بچووكەكانی دیكەدا بەكاردێت، لە بەشێك لەوڵاتە ئەوروپییەكان و وڵاتانی رۆژئاوا سوود لە زەرووی پزیشكی وەردەگرن بۆ چارەسەری كیس و گرێی مەمك و شێرپەنجەی مەمك، لێرەدا چارەسەری پزیشكی تەواوكاری لەگەڵ دەرمان و چارەسەرە كیمیاوییەكان سوود و گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ ئەو خانمانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، بۆیە هەندێكجار نەخۆشەكان سەردانی چارەسەركارانی پزیشكی تەواوكاری دەكەن، بۆ چارەسەرکردن بە زەرووی پزیشكی و كەڵەشاخ، بەتایبەت كەڵەشاخ بە ڕێگەی كوپی ئاگری و گەرم، دەبێت بەشێوازێكی مەساج و جێگیر بۆی بکرێت، لەپێشدا بەزەیتێكی سروشتی مەساجی مەمكی بۆ دەکرێت بەدەستی چارەسەكاری بواری كەڵەشاخ و زەرووی پزیشكی، لەدوای مەساج، كوپی ئاگری بۆ دەکرێت بە شێوازێكی جێگیر، هەر بە كوپی كەڵەشاخ، لەدوای نیو سەعات لە کردنی كەڵەشاخ دەتوانرێت چەند زەروویەكی پزیشكی بۆ دابنرێت لەشوێنی هەوكردنی مەمك و گرێی مەمك، واباشە لە 10 زەروو زیاتر نەبێت، نێوانی هەر جەلسەیەك واباشە 45 رۆژ بۆ دوو مانگ زیاتر نەبێت.
واباشە بۆ نەخۆشەكە، لە نێوان دووجار لە كەڵەشاخ و زەرووی پزیشكی، پشكنین بكات و بچێتەوە لای پزیشكی پسپۆری شێرپەنجە، یان سەردانی پزیشكی تایبەتی خۆی بكاتەوە تا لەنزیكەوە ئاگاداری بێت، بزانێ سوود و كاریگەری هەبووە بۆی، نابێت نەخۆش واز لە چارەسەری كیمیاوی و پزیشكی تایبەتی خۆی بێنێ، بەڵكو ئێمە دەڵێن كەڵەشاخ و زەرووی پزیشكی لەگەڵ چارەسەرە كیمیاوییەكانی خۆی كە پزیشكی پسپۆڕ بۆی داناوە دەبێتە تەواوكارێكی باش بۆ بنبڕكردن و نەمانی هەوكردن و كەمكردنەوە گرێی مەمك و كۆتایی پێهێنانی.
هەروەها دەبێت نەخۆش ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێك بەردەوام بێت لە چارەسەری سروشتی و رێكخستنی بەرنامەی خۆراكی، چارەسەرە سروشتییەكانی وەك كەڵەشاخ و دەرمانی گیایی و زەرووی پزیشكی و رێكخستنی بەرنامەی خۆراك، كاتی درێژ خایەن و بەرنامەڕێژیی دەوێت.
بەپێی پزیشكی تەواوكاری، رووەكی پزیشكی وەك Barhang، Aftimon، Parsley، هەنار، زەیتوون و ترێ رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە باشتركردنی دۆخی شێرپەنجەكان، لەوانە شێرپەنجەی مەمك.
بەرهەمەكانی هەنگوین وەك هەنگوین، پرۆپۆلیس، هەڵۆ و جێڵی شاهانە، جگە لەوەی كە بۆ نەخۆشییەكانی تر بەسوودن، تایبەتمەندییەكی دیكەی بەسودیان هەیە بۆ باشتركردنی دۆخی جۆراوجۆری نەخۆشی شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی مەمك، دەتوانێت هێزی جەستەیی كەسێكی تووشبوو بە شێرپەنجە زیاد بكات بۆ ئەوەی بەرگرییەكی باشی هەبێت بەرامبەر چارەسەری پزیشكی تر.
دواجار سەبارەت بە هەر دەرمانێكی رووەكیی پزیشكی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمك، باشترە راوێژ لەگەڵ پزیشكەكەت بكەیت لەم ڕووەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ چارەسەری پزیشكیدا سوود لە لە چارەسەری پزیشكی تەواوكاری وەربگرن بۆ باشتركردنی هێز و باری جەستەیی و كەمكردنەوەی خانەكانی شێرپەنجەی مەمك.
هەروەها چارەسەر بە كەڵەشاخ و زەرووی پزیشكی و دەرمانی گیایی، سوود و گرنگی زۆر باشی هەیە بۆ ئەو خانمانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، لە ئێستادا خەڵكی زیاتر روو لەچارەسەر بە كەڵەشاخ و زەرووی پزیشكی دەكەن بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك، بەڵام دەبێت نەخۆش ئاگاداری بێت و سەردانی كەسانی شارەزا و پسپۆڕ بكات بۆ کردنی كەڵەشاخ و دانانی زەرووی پزیشكی و پێدانی دەرمانی گیایی.
*شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشكی تەواوكاری چارەسەرە سروشتییەكان بۆ توشبوانی شێرپەنجەی مەمك.