״گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە״

12:17 - 2024-03-25
عیراق
158 جار خوێندراوەتەوە

گەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە، بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاكانی هەرێمیش لە وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق دەڵێت: لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك هاوكاری ئاوارەكان دەكرێت بۆ گەڕاندنەوەیان.
وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق، بڕیاریداوە تا كۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، سەرجەم ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێم، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
«وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كۆنترۆڵی كەمپەكانی هەولێرو دهۆكی كردووە»
 سامر مەشكور بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە وێبسایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووە: بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بەراورد بە هەولێر و دهۆك، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر هاوكاری و كارئاسانیمان بۆدەكرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كەمپەكانی هەولێر و دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان، وتیشی: هەفتەی پێشوو كەمپێكمان داخستووە و بەم نزیكانەش كەمپێكی دیكە دادەخەین و ئاوارەی ئەو دوو كەمپە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، هاوكات دوێنێ 24/3/2024، كارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی 250 خێزانی دیكە كراوە و دەگەڕێنەوە.
كۆتایی بەگەڕانەوەی ئاوارەكان دێت
 وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق بڕ‌یاریدابوو لە 30/6ی ئەمساڵ، سەرجەم ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕ‌ێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەهۆی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی خوێندكاران كاتەكەی بۆ 30/7ی ئەمساڵ دواخرا و ئێستاش گەڕانەوەی ئاوارەكان دەستیپێكردووە، چونكە هیچ مەترسییەك لە ناوچەكانیان نەماوە و دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبكەنەوە.
عیراق تێچووی گەڕانەوەی ئاوارەكان لەئەستۆ دەگرێت
 حكومەتی عیراق لە هاندان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە و بەهەموو جۆرێك هاوكارییان دەكات، بەجۆرێك رۆژانە تێچووی گەڕانەوەی دەیان خێزانی ئاوارە لەئەستۆ دەگرێت.
رۆنزی زیاد سیدۆ سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچەران لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIA ی راگەیاندووە: گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و وەزارەتی كۆچ و كۆچەران هەموو كارئاسانییەك بۆ گەڕاندنەوەیان دەكات، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاری داوە بڕی چوار ملیۆن دینار و پارچەیەك زەوی و دامەزراندن لە وەزارەتەكان وەك هاندانێك پێشكەش بە ئاوارەكان بكات، راشیگەیاند: حكومەتی عیراق تەئكید لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دەكاتەوە و هەوڵی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەدات.
نزیكەی 20 كەمپ لە هەرێم ماونەتەوە
 بەپێی بەدواداچوونێكی PUKMEDIA، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئاوارەكانی عیراق لە كەمپەكانی هەولێر و دهۆك نیشتەجێن، لەئێستاشدا نزیكەی 20 كەمپ لە هەرێم ماونەتەوە كە نزیكەی 30 هەزار خێزانیان لەخۆگرتووە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەك ئاوارە لە كەمپەكان نین و لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی نیشتەجێن، ئەمەش لەكاتێكدایە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا  نزیكەی 30 % بۆ 40 %ی ئاوارەكانی هەرێم گەڕانەوە زێدی خۆیان.
ساڵی 2016 عیراق زۆرترین ئاوارەی بەخۆیەوە بینیوە
 بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ، لە نیسانی ساڵی 2016دا، عیراق زۆرترین ئاوارەی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك نزیكەی 3.42 ملیۆن كەس ناچاربوون ماڵەكانیان جێبهێڵن، كە بەشی زۆری ئاوارەكانیش روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە كەمپەكان نیشتەجێبوون، بڕ‌یاریشە لەكاتی گەڕ‌انەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان وەزارەتی كۆچ و كۆچەرانی عیراق، سەرژمێریی ئەو ئاوارانە بكات كە تائێستا لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە و كۆتایی بە پرسی ئاوارەكان لە عیراق بهێنێت.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان