هونەرمەند حەمە هاشم و پڕۆژەی هونەری رێگا لە پۆڵەندا

11:38 - 2024-03-27
دووتوێ
88 جار خوێندراوەتەوە
هونەرمەندانی پیشانگەی رێگا

هێڵ و رەنگ

پڕۆژەی (رێگا)، نمایشێکی شێوەکاریی تابلۆ و ئەنیستەلەیشن و پێرفۆڕمانسە، کە هونەرمەندی شێوەکار (حەمە هاشم) ئامادەکاریی بۆ کردووە و بە هاوکاری هەریەک لە هونەرمەندان (یۆهانا سێرنیچکا) و هونەرمەندی دەنگخۆشی کورد (چریکە هەورامی) بەم دواییانە لە شاری کرۆسنۆ-ی پۆڵەندا بەڕێوەچوو. 
نمایشەکە بریتییە لە پێشانگەیەکی شێوەکاریی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی (حەمە هاشم) کە تێیدا 12 تابلۆی قەبارە گەورەی (100 بە 150)سم نمایشکراوە و ماتریاڵی تابلۆکان بریتییە لە ئەکریلیک لەسەر کانڤاس، تێکڕایان دەچنە خانەی (ئەبستراکتی دەربڕینخوازی) و باسکردنە لە چەند بابەتێکی گرێدراو بە مرۆڤ، بە تایبەتی مرۆڤی کورد، ئەو مرۆڤانەی تێکشکاو و سەرگەردان دەبن بە هۆکاری جەنگ و ماڵوێرانی و ناڕەحەتی کۆمەڵایەتی، برسێتی، شەڕ، هەژاری، نادادپەروەری.
بۆچی ناونرا رێگا؟
ئەو مرۆڤانە بە دوای جوگرافیایەکی ئازاد و ئارامی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دادپەروەرییدا دەگەڕێن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر دۆزینەوەی رێگای جۆراوجۆر، رێگای خنکان، شەڕ، مردن، تابتوانن دەروونی تێکشکاوی خۆیان بنیات بنێنەوە، بەڵام لە رێگاکاندا هەزاران کۆسپ و ناڕەحەتی دیکە دووچارییان دەبێتەوە، لە دەریاکاندا دەخنکێن، لەسەر سنوورەکان دەکوژرێن، یان رێگرییان لێدەکرێت و لەبەردەم سەرما و برسێتیدا چۆک دادەدەن. 
ئەمە سەربردەی تەنها رێگایەکە کە وادەزانین بەرەو ژیانمان دەبات، سەدان رێگای دیکەش بەم شێوەیە ژیانی مرۆڤەکان لەناو دەبات، ئەنفالەکان، کیمیابارانی هەڵەبجە، کارەساتەکانی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، هەمووی رێگابوون لە نێوان ئازادی و مەرگدا، هەر لەبەر ئەمەش (رێگا) گونجاوترین دەربڕین بوو بۆ پڕۆژەکە. 
لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا ئەنیستەلەیشنێک هەبوو، بریتی بوو لە 20 گوێنی سپی کە ئێسک و پروسکی ئەنفالەکان، زیندانیانی سیاسی، کوژراوەکانی دەستی دوژمنی تێدابوو، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆکردنەوەی گرفت و ناهەمواری و تێکشکانی ئینسانی کورد گوزارشتی دەکرد. 
ئاوێتەی هونەرە جوانەکان
لە نێو ئەم فەزایەدا نمایشی پێرفۆرمانسمان کرد، کە دامەزراندنی ئەنیستەلەیشنەکە لەلایەن حەمە هاشم و (پێرفۆرمانس و سەماکردن) لەلایەن یۆهانا سێرنیچکا هونەرمەندی بەناوبانگی پۆڵۆنی لەژێر سێبەری دەنگێکی سەرمەدی و غەمگیندا، ئاوازێکی کوردی و تێکستێکی ناخ هەژێن لەلایەن هونەرمەند چریکە هەورامی ئاوێتەی کارە پێرفۆڕمانسییەکە کرابوو. جگە لەمانە مینی دیکۆمێنتارییەکی کورت وەک ڤیدیۆ نیشاندرا. 
هەموو ئەم ئایکۆنە هونەرییانە کۆکرابوونەوە لە (بوا کرۆسنۆ گالەری ستروکی) لە شاری کرۆسنۆ-ی پۆڵەندا، کە لە 19ی مارسی 2024 بە رووی بینەر و هونەردۆستاندا کرایەوە. 
ئەم چالاکییە هونەرییە بە هاوکاریی (بوا کرۆسنۆ) کە ناوەندی کەلتوریی گەورەی شاری کرۆسنۆیە بەڕێوەچوو و بینەرێکی بەرچاوی هەبوو.

حەمە هاشم

      دەیمەنێک لە پیشانگەکە

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان