تەیم حەسەن پاڵەوانی بۆکسێنە

10:02 - 2024-03-28
هەمەرەنگ
93 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە دراما دیارەکانی ئەم رەمەزانە درامای «تاج» ە کە درامایەکی سورییە و لە پاڵەوانێتی ئەستێرەکانی سوریا تەیم حەسەن و بەسام کوسا-یە، دراماکە باس لە ساڵانی چل و پەنجاکانی دیمەشق-ی سوریا دەکات لە سەردەمی ئینتیدابی فەرەنسادا بۆ سوریا، لەو سەردەمەدا باوی وەرزشی بۆکسێن بووە و لێرەدا تەیم حەسەن رۆڵی تاج دەگێڕێت کە پاڵەوانی بۆکسێنە لەهەمانکاتدا شۆڕشگێڕە دژی ئینتیدابی ئەو کاتەی فەرەنسا، چیرۆکی دراماکە لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک ئەم پاڵەوانە خۆی دەبینێتەوە رووبەڕووی تۆمەتی سیخوڕیی و خۆفرۆشیی بۆ فەرەنسا دەبێتەوە و هەموو شتێک لەدەست دەدات، بۆیە هەوڵی رێکخستنەوەی ژیانی و بەدەستهێنانەوەی ئەو شکۆیەی پێشتر وەک شۆڕشگێڕێک هەیبووە دەدات لەگەڵ تۆڵەسەندنەوە لەوانەی ئەو تۆمەتانەیان بۆ دروستکردووە.
شایانی باسە ئەوەی وایکردووە ئەم درامایە بەهێز و سەرنجڕاکێش بێت ئەوەیە دوای 14 ساڵ دووبارە تەیم حەسەن و بەسام کوسا لە درامایەکدا یەکدەگرنەوە کاتێک لە درامای «زمن العار» دا پێکەوە نواندنیان کردبوو.
لەم کارەدا جگە لە تەیم حەسەن و بەسام کوسا کۆمەڵێک ئەکتەری دیاری دیکە بەشدارییان تێدا کردووە لەوانە: فایا یۆنان، نورا رەحال، ئیهاب شەعبان، کفاح الخوص، جوان خضر..هتد هەروەها دراماکە لە دەرهێنانی سامر بەرقاوییە و بەرهەمی کۆمپانیای «ئەلسەباح ئیخوان» ە بۆ بەرهەمهێنانی هونەری.  

ئا: دڵان سامان

بابەتە پەیوەندیدارەکان