کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
گوندی باڕۆیی شەهید یەکێکە لە گوندەکانی قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر پێی دەوترا باڕۆیی گەورە، چونکە دوو گوند بەناوی باڕۆییەوە لە بازیان هەن، لەڕووی جوگرافییەوە ده‌که‌وێته باشووری خۆرهه‌ڵاتی بازیان و ڕێگەی بازیان – قەرەداغ بەناو گوندەکەدا تێدەپەڕێت، (20کم) له ناوه‌ندی قه‌زای بازیانه‌وه دووره، کۆتا گوندی قەزای بازیانە لەڕووی قەرەداغەوە، سنووری له‌گه‌ڵ گونده‌کانی (داریکه‌لی، باڕۆیی بچووك، هورمزیار، گاوانی و سه‌رزه‌لی قه‌ره‌داغ)دا هه‌یه.
واتای ناوی باڕۆیی
ده‌رباره‌ی واتای ناوی (باڕۆیی) چه‌ندین بۆچوون و رایەکی جیاواز هه‌ن، وه‌ك: پێده‌چێت (باڕۆیی) ناوێکی ئارامی بێت، چونکه نووسه‌ره مه‌سیحییه‌کان ده‌ڵێن: هه‌ر ناوێك به (با) ده‌ستپێبکات ناوێکی ئارامییه، که‌واته باڕۆیی له دوو وشه‌ی (با– ڕۆیی) پێكهاتووه و (با) به واتای شوێن دێت، به‌ڵام نازانرێت (ڕۆیی) وشه‌یه‌کی کوردییه یان ئارامییه، ئه‌گه‌ر مێژووی ئاوه‌دانی له‌م گونده بگێڕینه‌وه بۆ سه‌رده‌می مه‌غۆلی وه‌ك خه‌ڵکی ناوچه‌که واده‌ڵێن ئه‌وا ده‌توانین بڵێین که (باڕۆیی) وشه‌یه‌کی مه‌غۆلییه، بۆچوونێکی دیکه هه‌یه که پێی وایه وشه‌که کوردییه و باڕۆیی واته: (تێپه‌ڕبوونی با)، چونکه هه‌ڵکه‌وته‌ی باڕۆیی له شوێنێکی شێوه ده‌ربه‌ند دایه، به بۆچوونی پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌کانی ئه‌م گونده له‌به‌رئه‌وه‌ی شوێنێکی دارستان و چڕ بووه و به‌رازی زۆر بووه، دوای ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌که به‌رازه‌کان ئه‌و ناوه‌یان جێهێشتووه و خه‌ڵکه‌که‌ی وتویانه به‌راز ڕۆیی و به تێپه‌ڕبوونی کات بووه به باڕۆیی، بۆچوونێکی دیکه‌ش ده‌ڵێت: له‌کاتی خه‌رمان شه‌نکردندا زۆر چاوه‌ڕوانی با بوون و هه‌ر نه‌هاتووه، وتوویانه: با ڕۆیی.
کورتە مێژوویەکی گوندەکە
ئه‌م گونده مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه و به وته‌ی خه‌ڵکی گونده‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می مه‌غۆلی، چەند گۆڕستانێك له‌م گوندەدا هه‌ن کە ژمارەیەکیان هی موسڵمان نییه و زۆربه‌ی مردووه‌کانی له‌ناو گۆزه‌دا بوون، قەڵای مێژوویی باڕۆیی (ڕێحانە) دەکەوێتە پشتی ئەم گوندەوە کە دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە، جگە لە بوونی گردی (درۆزنە) کە گردێکی تورەکەڕێژی شوێنەوارییە.
سه‌ره‌تای ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م گونده له سه‌رده‌می نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆزده کاتێ هۆزی مه‌نمی له ناوچه‌ی شاره‌زوره‌وه هاتوون بۆ بازیان، چونکه ڕه‌زا عه‌بدوڵڵا ڕۆسته‌م که ده‌کاته باوکی مه‌لا عه‌بدولغه‌فور له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزدەدا له‌م گونده ژیاوه، به وته‌ی که‌سانی بنه‌ماڵه‌که‌یان رۆسته‌می باپیره گه‌وره‌یان له شاره‌زوور هاتووه بۆ بازیان، پێش ئه‌مانیش ئاوه‌دان بووه و خه‌ڵکی لێ ژیاوه، چونکه شوێنه‌واری سێ ئاشی ئاو له سنووری ئه‌م گونده به‌دیکراوه، به‌رده‌وام کۆچه‌ری له‌م ناوچه‌یه بوون و شوێنه‌واریان بینراوه، وه‌ك باسده‌کرێت چه‌ند خێزانێکی هۆزی مه‌نمی له شاره‌زوره‌وه چوونه‌ته باڕۆیی بچووك و دواتر به‌شێکیان هاتوونه‌ته باڕۆیی گه‌وره و ئاوه‌دانیان کردووه‌ته‌وه، دوو بنه‌ماڵه ڕاسته‌وخۆ هاتوونه‌ته ئه‌م گونده که بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مین که‌ریم و ڕۆسته‌م قولی خان بوون، هه‌روه‌ها حاجی ڕه‌شید له هۆزی میره‌یی له ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه هاتووه‌ته ئه‌م گونده و تیایدا نیشته‌جێ بووه.
بواری ئابووری
ئەم گوندە سه‌ر به که‌رتی (19)ی باڕۆیی گه‌وره‌ی کشتوکاڵییه، ڕووبه‌ری زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی ئه‌م که‌رته (1157,99) دۆنمه، (1051,46) دۆنمی دێمه و (106,53) دۆنمی به‌راوه و (2745) دۆنم زه‌وی شاخاوی هه‌یه، بژێویی دانیشتوانه‌که‌ی له‌سه‌ر کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه، هه‌روه‌ها له‌م گونده‌دا گرنگی تایبه‌ت به کردنی دروستکردنی باخ دراوه، له ئێستادا (20) باخ و چه‌ند ڕه‌زه مێوێكیان هه‌یه.
سێ کانی و سه‌رچاوه‌ی ئاو له‌م گونده هه‌ن، وەك: سه‌رچاوه، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) پرۆژه‌ی ئاوی گونده‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه، هه‌زار کانی، بۆ کشتوکاڵ سوود له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رده‌گرن، ئاوێکی باشی هه‌یه و بووه‌ته شوێنێکی گه‌شتوگوزاری و به‌رده‌وام خه‌ڵکی ناوچه‌که سه‌ردانی ده‌که‌ن، هەروەها سوود له ئاوی بیریش وه‌رده‌گرن.
بواری رۆشنبیری
یه‌کێکه له‌و گوندانه‌ی هه‌ر له کۆنه‌وه قوتابخانه‌ی تیادا کراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش له ساڵی (1958)دا بووە، له مامۆستاکانی (مامۆستا ئه‌حمه‌د که خه‌ڵکی گوند بووه، م. عه‌لی، م. به‌هادین، م. حه‌سه‌ن، م. سه‌عید و م. عوسمان).
له کۆنه‌وه مزگه‌وتی هه‌بووه، له مامۆستایانی ئایینی ئه‌م مزگه‌وته، وه‌ك (مه‌لا حاجی غه‌فور که خه‌ڵکی گوند بووه و ساڵی (1987) کۆچی دواییکردووه، مه‌لا ساڵح، مه‌لا که‌ریم و مه‌لا ئه‌حمه‌د...) ساڵی (2010) بنکه‌ی ته‌ندروستی تیادا کراوه‌ته‌وه.
له موختاره‌کانی باڕۆیی، وەك: مه‌جید نه‌جم، کوێخا ئه‌حمه‌د، کوێخا ڕه‌ئوف و عادل ڕه‌ئوف.
سه‌لام مه‌نمی، شاعیری دیار و ناسراوی کورد خه‌ڵکی ئه‌م گونده‌یه، کوڕی مه‌لا غه‌فوره که ئه‌ویش زانایه‌کی ئایینی به‌ناوبانگی ناوچه‌که بووه.
بواری شۆڕش و کارەساتەکان
له کۆڕی خه‌بات و تێکۆشان‌دا بۆ ئازادی کوردستان دانیشتوانی ئه‌م گونده هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی قوربانیدان و پشتیوانی سه‌رجه‌م شۆڕشه‌کانی کورددا بوون، چه‌نده‌ها پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی ناسراو و چاونه‌ترسیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه و پۆلێك پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ی قاره‌مان و رۆڵه‌ی ئازا و به‌جه‌رگیان شه‌هید بووه.
ئه‌م گونده ناسراوه به گوندی شه‌هیدان، چونکه چه‌ندین شه‌هیدیان هه‌یه له شۆڕشه‌کانی کوردستاندا، وه‌ك: خالید محه‌مه‌د ئه‌مین (بێستون باڕۆیی)، دارا حه‌مه‌ساڵح (ئه‌نوه‌ر باڕۆیی)، ناسر عه‌بدوڵڵا میرزا (هیوا باڕۆیی)، به‌کر عه‌بدوڵڵا ره‌زا (به‌کره ریشه)، خالید نامیق حه‌سه‌ن (خالید باڕۆیی) و سه‌باح عوسمان فه‌ره‌ج و هتد...
باڕۆیی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سوپای حکومه‌ته‌کانی عێراقه‌وه هێرشی کراوه‌ته سه‌ر، له به‌هاری ساڵی (1988) بۆ دواهه‌مین جار گونده‌که سووتێنرا، خەڵکەکەی دەربەدەری ئۆردوگا زۆرەملێکان کران.
بواری ئاوەدانی
ساڵی (1947) ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م گونده (259) که‌س بووه و ساڵی (1957) بووه‌ته (256) که‌س و ساڵی (1988) و پێش ڕووخاندنی گونده‌که (58) ماڵ بووه که ژماره‌یان (275) که‌س بووه.
لە ساڵی (1991) ئاوه‌دان کرایەوە، ساڵی (1999) ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م گونده (146) که‌س بووه که پێکهاتبوون له (23) خێزان و له‌ئێستادا (15) خێزانی تیادا نیشته‌جێیه که ژماره‌یان (70) که‌سه.
پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ك: قوتابخانه، بنکه‌ی ته‌ندروستی، مزگه‌وت، پرۆژه‌ی ئاو و کاره‌با و ڕێگه‌وبانی بۆ ئه‌نجامدراوه.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود وەرگیراوە لە کتێبی: بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد.