ئەمریكا: هەڵبژاردن قەوارەی هەرێم دەپارێزێت

11:25 - 2024-04-03
جیهان
121 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكاتەوە و جێگری كونسوڵی گشتیی ئەمریكاش لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت: «ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەكات».
دوێنی، دارا خەیلانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازیكرد لە پامێلا جەی هاك جێگری كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

 

لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوە: یەكێتی پێداگرە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

 

لە دیدارەكەدا، دارا خەیلانی هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی روونكردەوە و رایگەیاند: «یەكێتی، پێداگرە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئامادەی هەڵبژاردنە لەوادەی دیاریكراودا، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و بەهیچ شێوەیەكیش یەكێتی لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردندا نییە و پێمانخۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن». وتیشی: «هاوكات هەڵبژاردن خواستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، كە حكومەتێك و پەرلەمانێكی هەبێت و نوێنەرایەتیی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات بەبێ جیاوازی».
لەبەرامبەردا، جێگری كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم، دووپاتیكردەوە كە «ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیری لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف و دادپەروەر لە هەرێمی كوردستان دەكات و بە پڕۆسەیەكی گرنگ بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەزانێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان