قەڵای رودخان

11:15 - 2024-04-04
کەلتور
83 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل باوزێی


لە چوارچێوەی گەشتێکدا بۆ ئێران، بە مەبەستی دیدەنی یەکێکی دیکە لە پاشماوە و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکان، سەعات سێی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە (16/6/2022) گەیشتینە گوندی رودخان، کە دانیشتوانەکەی بە زمانی (تالش)ی قسە دەکەن و نزیکییەکی زۆری هەیە لەگەڵ فارسی. گوندەکە دەکەوێتە (45کم) خۆرهەڵاتی گوندی کەلتوری ماسولە و (20کم) باشوری خۆرئاوای شاری (فومەن)ی سەر بە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران.

قەڵای رووبار
قەڵای رودخان بە زمانی فارسی پێیدەڵێن: (قلعە رودخان) بەهۆی ئەوەی لە نزیک رووبارێک دروستکراوە، کە بە کوردی ماناکەی دەبێتە (قەڵای رووبار)، هاوکات بە قەڵای هەزار پلەش ناو دەبرێت، چونکە بۆ گەیشتن بە قەڵاکە پێویستە بەناو دۆڵێکی دارستانی چڕ و دوور و درێژی هەورازدا بە (1620) پلیکانی کۆنکرێتیدا سەر بکەویت.
بناری ئەو چیایەی قەڵاکەی لەسەر بنیادنراوە، جگە لە پارکێکی گەورەی وەستانی ئۆتۆمبێل، ئەمبەرە و بەریشی بە بازاڕ و دوکانی جۆراوجۆر دەوردراوە، بە جۆرێک رازێنراوەتەوە سەرنجی مرۆڤ بەلای خۆیدا رابکێشێت، بۆیە بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ جمەی دێت لە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی، لە سەعات (30:07) خولەکی بەیانی هەتا (00:05)ی ئێوارە بە رووی سەردانیکەرانیدا کراوەیە، نرخی چوونە ژوورەوەش بڕی (50) هەزار تمەنە.

هیچ دوژمنێک نەچووەتە ناویەوە
زۆربەی شارەزایان پێیانوایە قەڵاکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ساسانییەکان و هاوکاتی هێرشی عەرەبە موسڵمانەکان بۆ سەر وڵاتەکە دروستکراوە، هەروەها لەسەردەمی سەلجوقییەکانیش سودی لێوەرگیراوە و یەکێک بووە لە قەڵا پتەوەکانی ئیسماعیلییەکان. بە گوێرەی کەتیبە نووسراوەکەی سەر دەروازەی چوونە ژوورەوەی قەڵاکە کە ئێستا لە مۆزەخانەی شاری رەشت پارێزراوە، هاتووە: لە نێوان ساڵانی (1512-1515)دا لەلایەن سوڵتان حوسامەدین دباج فومەنی ناسراو بە (موزەفەر سوڵتان) نۆژەنکراوەتەوە، کە یەکێک لە فەرمانڕەوا بەهێزەکانی ناوچەکە بوو لە قەڵاکەوە دژی دەسەڵاتی سەفەوییەکان بەرەنگاری دەکرد. پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت بەدرێژایی مێژووی قەڵاکە، هیچ دوژمنێک نەچووەتە ناویەوە و نەتوانراوە داگیر بکرێت. لە ئێستاشدا یەکێکە لە گەورەترین قەڵای سەربازی مێژوویی لە ئێراندا، بۆیە رۆژی (21/8/1975) بە ژمارە (1549/3) لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی جیهانی یونسكۆ وەك یەكێك لە دیارترین شوێنەوارەكانی ئێران و جیهان ناسێنرا.
قەڵای رودخان لەسەر رووبەرێکی (6،2) هێکتار زەوی بنیادنراوە و لە دوو بەشی سەرەکی (قەڵا و قولە)ی چاودێری پێکدێت. قەڵاکە بە دوو نهۆم دەکەوێتە بەشی خۆرئاواو لە خشت دروستکراوە، بەشی خۆرهەڵاتی قەڵاکەش (12) دەرگای چوونەژوورەوەی هەیە، زیندان و دەرگای فریاگوزاری و گەرماو و خەزانێکی ئاو لەخۆدەگرێت، هەروەها (40) تاوەری چاودێری دەوری قەڵاکەیانداوە، کە ژوورە هەشت لایەکانی لەسەر شێوازی کەوانەیی و بە قوبە داپۆشراون، لە دەوری دیوار و تاوەرەکانیش، چەندین مەتەرێزی تەقەکردن و دەرچەی فڕێدانی پاشماوە و کەرەسەی دیکە دروستکراوە.

سەرچاوە: ویکی پدیا، دانشنامە آزاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان