لە گوندی مۆرتکەی بازیان چ کارەساتێک روویدا؟

11:18 - 2024-04-04
کەلتور
99 جار خوێندراوەتەوە

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد


   بەرەبەیانی رۆژی (5/4/1987) سێ هێلیکۆپتەری سوپای رژێمی بەعسی عیراق لە دەشتی مۆرتکەی بازیان، چوار هاووڵاتی بێتاوانیان شەهید کرد، کە لەوکاتەدا ناوچەکە ئارام بووە و هیچ جۆرە شەڕ و پێکدادانێك لەنێوان  هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا نەبوو، ئەم کارەساتە دەبێتە سەرەتایەك بۆ خاپوورکردنی تەواوی گوندی مۆرتکە.

سەرەتایەك بۆ سووتاندن و خاپوورکردن
   گوندی مۆرتکە یەکێکە لە گوندە گرنگ و ستراتیژییەکانی قەزای بازیان، بە درێژایی مێژووی دێرینی خۆی دەیان جار لەلایەن داگیرکەرانەوە پەلامار دراوە و هێرشی کراوەتە سەر و تووشی کارەسات و کاولبوون بۆتەوە، دواهەمینجار لە سەردەمی رژێمی بەعسی عیراقدا بوو کە بووە سەرەتایەك بۆ سووتاندن و خاپوورکردنی گوندەکە و دەربەدەرکردنی دانیشتوانەکەی.
   رۆژی (5/4/1987) سێ هاووڵاتی لە گوندی مۆرتکەوە بۆ کاروباری رۆژانەی خۆیان بەرەو شارۆچکەی تەیناڵ دەڕۆن، کاتێك دەگەنە دەشتی مۆرتکە، سێ هێلیکۆپتەری جەنگی سوپای عیراق دەگەنە سەریان و بۆردومانی ئەو هاووڵاتییە بێتاوانانە دەکەن و دەستبەجێ لەوێدا هەرسێکیان شەهید دەبن، هاووڵاتییەکان بریتی بوون لە حاجی خدر مەحمود و کوڕەکەی کە ناوی محەمەد بوو، حاجی مەولودی شۆراوە خەڵکی گوندی شۆراوە، کاتێك کۆپتەرەکان دەڕۆن چەند کەسێك لە خەڵکی گوندەکانی هەیاسی و چۆڵمەك کە ئاگاداری بۆردومانی کۆپتەرەکان بوون و دەزانن کە کارەساتێکیان قەوماندووە بەرەو شوێنی رووداوەکە دێن و تەرمەکان دەبینن و دەیانناسنەوە، پاشان دەیانبەنەوە بۆ گوندی مۆرتکە، پاش ماوەیەك دووبارە کۆپتەرەکان دێنەوە سەر دەشتی مۆرتکە و لەوکاتەدا هاووڵاتییەکی دیکەی گوندی مۆرتکە کە دەگەڕێتەوە بۆ گوند بەناوی عەزیز کوێخا کەریم شەهید دەکەن، بەمەش ژمارەی شەهیدەکان لەو رۆژەدا دەبێتە چوار شەهید.
هێزەکەی رژێم ناچار بە پاشەکشە دەکەن
   بۆ ئەوەی هێلیکۆپتەرەکان نزیك نەبنەوە لە گوندی مۆرتکە و کارەساتی زیاتر نەخولقێنن، چەند کەسێك لەناو گوندەوە تەقەیان لێدەکەن و کۆپتەرەکان بە ناچاری ناوچەکە بەجێدەهێڵن، پاشان بە مەبەستی هێرشکردنە سەر گوندی مۆرتکە، هێزێکی سوپای عیراق و چەکداری لایەنگری بە پیادە و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە تەیناڵەوە دەکەونە رێ و تا دەشتی مۆرتکە پێشڕەوی دەکەن، بەڵام لەلایەن سێ پێشمەرگەی تیپی (23)ی سورداشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە تەقەیان لێدەکرێت، پێشمەرگەکان بریتی بوون لە فایەق رەفیق حەسەن ناسراو بە شێرزاد (جێگر کەرت) ئەحمەد کەریم رەشید، حەکیم حاجی نوری کە بە مۆڵەت گەڕابوونەوە گوندی بی بی جەکی وەیس، لەوکاتەدا کە گوێیان لە بۆردومانی هێلیکۆپتەرەکان دەبێت بە شاخی پشتی گونددا دێنە ئەمدیو، هێزەکەی رژێم ناچار بە پاشەکشە دەکەن بەرەو تەیناڵ.

 

گوندی مۆرتکەی بازیان بە درێژایی مێژووی دێرینی خۆی دەیان جار لەلایەن داگیرکەرانەوە پەلامار دراوە و هێرشی کراوەتە سەر


چەند قارەمانێکی گوندەکە
   پاش چەند کاتژمێرێك و لەدوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا جارێکی دیکە هەر سێ هێلیکۆپتەرەکە دەگەڕێنەوە، ئەمجارە مەبەستیان گوندی مۆرتکە دەبێت، هەر بۆیە دەکەونە بۆمبارانی ناو گوند، بە مەبەستی بەرگری لە هاووڵاتیان و لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتوانی گوند، چەند قارەمانێکی گوندەکە و دەوروبەری نەبەردییەکی بێ وێنەیان تۆمارکرد و بە چەکی شانیان بەرگرییەکی پۆڵاینیان کرد و نەیانهێشت هێلیکۆپتەرەکان نزیك ببنەوە و زیان بە خەڵکی گوند بگەیەنن، وەك محەمەد حەسەن (شەهید محەمەد) کە لەوکاتەدا لە هێزی بەرگری بووە، بەداخەوە پاش ئەوەی شەهید محەمەد بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان بەرامبەر داگیرکەران دەبێتە پێشمەرگە لە کەرتی دووی بازیان لە داستانی رزگارکردنی بورجەکەی قەرەدا‌غدا شەهید دەبێت، حەیدەر مەلا هەیاسی کەسایەتی بازیان و خەڵکی گوندی هەیاسی کە بە هانای گوندی مۆرتکەوە هاتبوو لەگەڵ هەردوو براکەی شەهید سەباح و هەروەها حاجی ئەنوەر مەجید کە لە هێزی بەرگری بوون، هەرچەندە بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانێکی زۆر بەر گوندەکە دەکەوێت، بەڵام بەرگری ئەم چەند کەسە هۆکارێك بوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی شەڕ و بەسەرداهاتنی شەو و کۆتایی بۆمباران و رۆیشتنی کۆپتەرەکان.
   پاش بە خاكسپاردنی شەهیدەکان، هەمان شەو بەشی زۆری دانیشتوانی گوند بەرەو گوندەکانی چۆڵمەك و هەیاسی رۆیشتن لەبەر هێرشی سوپای عیراق کە چاوەڕوانکراو بوو، ئەمە دواهەمین دەربەدەر بوونی خەڵکی مۆرتکە بوو، جارێکی دیکە نەیانتوانی بە ئارامی و ئازادی بگەڕێنەوە گوندەکەیان.

گوندەکەیان بە تەواوی سووتاند
   ئەم کارەساتە سەرەتایەك بوو بۆ سوتاندن و خاپوورکردنی تەواوەتی گوندی مۆرتکە، چونکە پاش تەنها دوو مانگ، لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا حکومەتی بەعس فەرمانی رووخاندنی چەندین گوندی بازیانی دەرکرد و بە گوندەکانی هەیاسی و چۆڵمەك و مۆرتکە دەستی پێکرد و سەرجەم دانیشتوانی ئەو گوندانەی لەسەر خاك و ئاوی خۆیان دەربەدەر کرد و خانووەکانی سووتاند و بینای قوتابخانە و مزگەوتەکانی تەقاندەوە و گوندەکانی کردە ناوچەی قەدەغەکراو، کە تا راپەڕینی ساڵی (1991) هیچ کەسێك نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر خاك و ئاوی خۆی و گوندەکەی ئاوەدان بکاتەوە.

سەرچاوەکان:
-1 کتێبی بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد.
-2چاوپێکەوتن: حەیدەر مەلا هەیاسی، سەعید خدر، رزگار عەلی، فایەق رەفیق، حەمەئەمین مستەفا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان