هونەرمەندی گەورەی ناوچەی لەیلاخ، عەلی زەندی بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ کردین.
ئەم هونەرمەندە زایەڵی هونەری ناوچەی لەیلاخ بوو. یەکێک بوو لەو سترانبێژانەی گرنگی بەهونەری فۆلکلۆری لەیلاخ دەدا و هاوشێوەی حەبیب ملەیی و رەمەزان کولیایی و مەحمودی وەتەن خوا دەنگ و رەنگی فۆلکلۆری لەیلاخ بوو. بەدەنگە خۆشەکەی دڵی عاشقانی فێنک دەکردەوە.
هونەرمەند عەلی زەندی مامەکوڕنووی دڵ پڕ لە خەم لە تاراوگەوە بە تاسەی نیشتمانەوە، دوور لە ئاویەر و گوێزەڕەش، دوور زۆر دوور، دوور لە سنەی هەڵۆخان دڵی پڕ لە هیوای لە لێدان کەوت و بەرەو دنیای تاریک خزا و مەرگ بەرۆکی گرت و پێڵوی چاوەگەشەکانی وەسەر یەک نا و دڵی لە کۆڵی بۆ ئازادی لە لێدان کەوت. بۆ دواجار ماڵئاوایی لە نیشتمان و گورانی و هونەری کوردی کرد.
هونەرمەند عەلی زەندی لە ساڵی 1956 لە شاری سنە لە دایکبووە. زەندی موزیکژەن و سترانبێژ بووە، بە گۆرانی بۆ دواجار ناوی دەرکردووە و لە دڵی گوێگراندا جێگەی خۆی کردەوە. ساڵانێکی زۆر هەم وەک موزیکژەن و ئاوازدانەر هەمیش وەک گۆرانیبێژ خزمەتی کردووە. خوێندکاری گرووپی کامکارەکان بووە و پەروەردەی ماڵی هونەریی ئەوان بووە و لەوێ و لە لای ئەوان فێری ئەلف و بێی موزیک بووە.
زەندی تەمەنی خۆی بەخشی بە هونەر و نیشتمان، لە ریزی ئەو هونەرمەندانەیە کە بۆ نیشتمان و بۆ هونەرەکەی دەسووتا و تا دوا هەناسە عاشقی خاک و زمان و هونەرەکەی خۆی بووە. مخابن لەم بەهاری ژیانەوەیەدا بۆ دواجار لەو پەڕی دنیاوە، لە کەنەدای سارد و سڕدا نەخۆشی شێرپەنجە وەک دێوەزمە دەستی نایە بینەقاقای و بەتاسەی سنەوە رۆحی جەستەی بەجێهێشت. لە گۆرانییەکانی هونەرمەند: بەجێت دێڵم، ئەرمەنی، مامەکوڕنو و چەندین گۆرانی دیکە.