ئه‌مساڵ شه‌شه‌مین خه‌ڵاتی كارۆ، ده‌به‌خشرێته، ژنه شانۆكار و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد گه‌زیزه عومه‌ر. خه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌مساڵی ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و رۆشنبیریی كارۆ له‌ژێر ناونیشانی خولی شانۆنووس و شاعیر (عه‌بدولڕه‌حیم ره‌حمی هه‌كاریی)یه، له باره‌ی خه‌ڵاته‌كه‌وه، هونه‌رمه‌ند گه‌زیزه تایبه‌ت به كوردستانی نوێ، وتی: دوای ئه‌زموونێكی زۆرم له بواری هونه‌ر و شانۆدا، ئه‌م خه‌ڵاته بۆمن جێگای شانازییه، كه له‌لایه‌ن بنكه‌یه‌كی رووناكبیرییه‌وه به‌سه‌رده‌كرێمه‌وه، بۆیه هه‌ستێكی ئێجگار خۆشم هه‌یه و سوپاس بۆ رێزلێنانه‌كه‌ی ئه‌وان و منیش پڕ به دڵ سوپاسی ئه‌وان ده‌كه‌م كه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه له‌خزمه‌تی هونه‌ر، منیان له بیربوو.
مامۆستا گه‌زیزه وتیشی: به‌خۆشحاڵییه‌وه، له مه‌راسیمه‌كه‌دا، ناوه‌ندی كارۆ كتێبێكم بۆ چاپ و بڵاوده‌كه‌نه‌وه به‌ناوی (كلوه‌به‌فره‌كان په‌نجه‌كانم ناته‌زێنن) كه بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆمه وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك.
گه‌زیزه عومه‌ر، ناوێكی دیار و چالاكی نێوه‌ندی هونه‌ریی كوردییه، زیاد له نیوسەدەیە لە بواری شانۆی كوردیدا، وه‌ك ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر، نووسه‌ر ئاماده‌یی هه‌یه. له چه‌ندین شانۆ و درامای كوردیدا، رۆڵی هه‌بووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی یه‌كێك بووه له مامۆستا و په‌روه‌رده‌كارانی خوێندكارانی شانۆ، له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی.
كۆمار مه‌سعود