تەها سلێمان
تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؛ یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژبە گەلی کورد و خاکی کوردستان کە بە هەموو پێوەر و لێکدانەوەیەک و بەپشتبەستن بە یاسا و ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان، تەواوی بنەماکانی تاوانی جینۆسایدی تیا چڕبوەتەوە.
«بەبێ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، کە هەموو توانا مرۆیی و مادییەکانی لەبەردەستدا بێت، مومکین نییە بتوانین لەئاست جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباراندا بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتیی بکەین»
لە نووسینێکی ئاوا کورتدا؛ نە لۆژیکی نووسین و نە ئەو پانتاییەی بۆی دیاریکراوە رێگەمان نادات فرەوێژی بکەین، بۆیە بەباشی دەزانم و رێگا دروستەکە ئەوەیە، شەن و کەوی رەهەندێک لە رەهەندە گرنگەکانی دۆسێی تاوانەکە بکەین و پرسیارە جەوهەرییەکانی تێدا بورووژێنین:
*ئایا لەماوەی 36 ساڵی رابردوودا، توانراوە لەئاستی پێویستدا لایەنە جیاجیاکانی تاوانەکە (فەلسەفی و فیکری، سیاسی و ئابووری، مرۆیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی، جوگرافی و ژینگەیی) و... هتد بخەینە سەر رێچکەی خوێندنەوە و شرۆڤە و هەڵاوێردی پێویست؟
*ئایا توانیومانە تاوانەکە لە گوتاری شیوەن و گریان و کڕووزانەوەوە بخەینە سەر رێڕەوی ناسینی تەواوی رەهەندەکانی و بەرگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی و دەستنیشانکردنی کاریگەرییەکانی لە رابردوودا و مەترسییەکانی لە داهاتوودا؟
*چیمان کردووە بۆئەوەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کۆی تاوانەکانی تری جینۆساید و کیمیابارانکردنی گەلەکەمان، نەبێتە رابروویەکی کاڵ و تەڵخگرتوو لە کۆنەستماندا، بەڵکو ببێتە پڕۆژەی بنیانانەوە و هەستانەوەمان؟
*ئایا بە گەڕانەوەیەکی وردو خێرا لە ماوەی 36 ساڵی رابردوو، بەس نییه بۆئەوەی تێبگەین کە ئێمە چەند میللەتێکی خەمسارد و خوێنساردین لەئاست کنە و پشکنین و ناسینی تاوانەکانی جینۆساید کە بەسەرماندا هاتوون؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر؛ کاتێک بەخێرایی بەسەریاندا دەچینەوە و بەدوای وەڵامەکانیاندا دەگەڕێین، تێدەگەین لەوەی کە کۆی کۆمەڵگەی کوردی، لەپێشی هەمووانەوە بژاردەی سیاسی و حوکمڕان و بەدوای ئەوانیشدا بژاردە خوێندەوارەکەی، چەند بەرپرسیارین و نەمانتوانیووە کەمترین رێژەی ئەو بەرپرسیارێتییە لەئاست تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا بەجێ بگەیەنین!
کەواتە لەئاست تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کۆی تاوانەکانی تری جینۆساید و کیمیابارانی کورد و کوردستان، پێویستمان بە بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتییە، پێویستە ئەم بەخۆداچوونەوەیە رەهەند و سێکتەرەکانی تاوان و ئاستی بەرپرسیارێتیمان بگرێتەوە، باوەڕیشم وایە ئەم بەخۆداچوونەوە و هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتیە، بەبێ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، کە هەموو توانا مرۆیی و مادییەکانی لەبەردەستدا بێت، نە مومکینە و نە دەشتوانین ئەو بەرپرسیارێتییە بەجێبگەیەنین.
کاتێک ئەمە نەکرێت؛ هەمیشە و هەموو ساڵێک دێین و چەند وتارێکی کرچ و کاڵ دەنووسین و بڵاوی دەکەینەوە و دوای ساڵێکی تر و بە پەلەپڕۆزێ و هەفتەیەک پێش یادەکە یان یادوەریی تاوانەکە، بیرمان دەکەوێتەوە و بۆئەوەی بێژین لەبیرمان نەچووە، بە نەفەسی ساڵانی پێشوو چەند وتارێکی تر بە کرچ و کاڵی ئامادە دەکەین و بڵاویان دەکەینەوە؟!