دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوە شاسوار دەکرێت

05:10 - 2024-04-14
کوردستان
257 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، سەردانی قایمقامیەتی کفری کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکەدا کۆبۆوە و دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 14ی نیسانی 2024 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ساهر عەلی جاسم وەک قایمقامی نوێی کفری کرد. پاشان باس لە کێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەک لە سنوورەکە بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا جێبەجێ بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کرد هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاووڵاتییان و شێوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد. 
لە سەردانەکەدا تاوتوێی رێکارەکان و چۆنێتی دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکە کرا و داوایکرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بورای جێبەجێکردنەوە و راشیگەیاند کە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەزووترین کات تەواو دەبن کە چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئەبێتە هۆکارێک بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان