كێشە و چاوەڕوانییەكانی دانیشتوانی چەمچەماڵ

11:24 - 2024-04-18
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین

دانیشتوانی شاری چەمچەماڵ كێشە و داواكارییان زۆرە، بەستنەوەی تۆڕی بۆری ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ یەكێكە لە داواكارییە لەمێژینەكانی ئەم شارۆچكەیە، بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، كێشەی كەمئاوی سنووری چەمچەماڵ چارەسەر دەبێت، چەندینجار حكومەت بودجەی بۆ تەرخانكردووە، بەڵام ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و فەرامۆشی دەكات و خۆی لێ بەدوور دەگرێت، لەگەڵ ئەوەی داهاتی دارایی و سامانی سروشتی چەمچەماڵ بێئەندازەیە، بەڵام جێگەی پرسیارە، بۆچی حكومەت پابەند نابێت بە بەڵێنەكانی و پشتگوێی دەخات و دەستی تێناچێت بودجەكە بۆ ئەو مەبەستە خەرج بكات؟، خۆ بە داهاتی مانگێكی غازی كۆرومۆر دەتوانرا ئەو پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی دیكە، جێبەجێ بکرێت.
لەلایەكی دیكەوە، رێگەوبان و شەقامەكانی شارەكە و دەوروبەری، هەمووی خراپ بوون و چەند گەڕەكێكی نوێ لە شارەكە و دەوروبەریدا هێشتا هەر قیرتاو نەكراون.
جێگەی ئاماژەیە پێشتر لەلایەن (هێرۆخان) بینایەك بۆ سەنتەری چالاكیی گەنجان لە سەنتەری چەمچەماڵ دروستكرا، بەڵام ئێستا سەرۆكایەتیی زانكۆی چەرمووی تێدایە، ئەگەرچی پێدانی  ئەو بینایە بە زانكۆی چەرموو بۆ كاتێكی دیاریكراو بوو.
گەنجانیش هیچ شوێنێكی دیكە شك نابەن، چالاكییەکانیانی تێدا بکەن، هاوشێوەی سەنتەری شار و شارۆچكەكانی دیكە بەشداریی خولە جۆراوجۆرەكان بكەن، تا وەك گەنجی شارەكانی تر تواناكانی خۆیان بەهێز بكەن و كاتەكانیان لەو سەنتەرەدا بەسەربەرن، هەروەها لە سنوورەكە دەیان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە هەن و ساڵانێكی زۆرە خوێندنیان تەواوكردووە، بەڵام هیچ شوێنێك نییە لە كەرتی گشتی و تایبەت بیانگرێتەخۆ و دابمەزرێن.
قەڵایەك كە رەمز و هێمای شارەكەیە، هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخاننەكراوە، تا نۆژەن بكرێتەوە و بەشێوەیەكی ئەندازەیی و نموونەیی گۆڕانكاریی و جوانكاریی تێدا بكرێت، وا خەریكە بەرەو داڕمان و لەناوچوون دەچێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان