ئەمڕۆ 2024/4/30 لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، مەکتەبی سکرتاریەت لە سلێمانی سەردانی کەسایەتی دیار و تێکۆشەری دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەڤاڵ کامیل قادر سەعید ناسراو بە شێخ کامیل-یان کرد.
لەو بەسەرکردنەوەدا ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە نزیکەوە لە تەندروستی هەڤاڵ شێخ کامیل-یان پرسییەوە و لە دڵەوە هیوای تەندروستییەکی باشیان بۆ خواست.
لەو بەسەر کردنەوەیەدا مەکتەبی سکرتاریەت روونیشیانکردەوە هەموو شۆڕشگێڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕێزەوە لە رەنج و ماندوبوونیان دەڕوانین و بەئەرکی خۆمانی دەزانین لە خزمەتیاندا بین و ئاوڕی زیتریان لێبدەینەوە چونکە قوربانیدان و رۆڵی تێکۆشەرەکەمان لە رووداوەکاندا دیار و بەرچاوە.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ شێخ کامیل، پێزانینی بۆ ئەو سەردان و بەسەرکردنەوانە دەڕبڕی و دووپاتیکردەوە کە تێکۆشەرانی یەکێتی شایستەی هەموو خزمەت و ئاوەڕدانەوەیەکی زیاترن و ئەمڕۆش کە مەکتەبی سکرتاریەت ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات، مایەی دڵخۆشی هەموومانە.