ئایا مەترسیی داعش لە عیراقدا كۆتایی هاتووە؟

10:38 - 2024-04-21
دیدار
115 جار خوێندراوەتەوە

*یەحیا رەسوڵ: بە هێزەکانی عیراق و پێشمەرگە و حەشد شکستمان بە داعش هێنا 

*د.ئیحسان شەممەری: داعش دەگەڕێتەوە،  بەڵام نەك بۆ دەستگرتن بەسەر شار و ناوچەدا 

 

بەرپرسان و شارەزایانی بواری ئەمنی پێیانوایە، هێشتا مەترسی و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەكان لە عیراقدا ماوە و پێویستە هێزە ئەمنییەكان بەگابن لە پاشماوەی ئەو گروپە توندڕەوانە.
دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر راگەیاندنی سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش و رزگاركردنی شاری موسڵ و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدیندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا زۆرێك لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری ئەمنی پێیانوایە هەڕەشەكانی ئەو رێكخراوە کۆتاییان نەهاتووە و دەبێت هێزە ئەمنییەكان چاوەكراوەتربن و ناوبەناو ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن لەو ناوچانە بکەن كە گومان دەكرێت پاشماوەکانی داعش هەندێك ناوچە وەك پەناگە بۆ خۆشاردنەوە بەكاربهێنرێن. 
لەو رووەشەوە لە پەراوێزی هەشتەمین دیداری سلێمانیدا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، دیدارێکی رۆژنامەنووسی لەگەڵ هەریەک لە لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق و د. ئیحسان شەممەری سەرۆکی سەنتەری التفکیر السیاسيدا بکات سەبارەت بەمانەوە یان رەوینەوەی مەترسییەکانی داعش بەسەر خاک و گەلی عیراقەوە، ئەمەی خوارەوەش پوختەی لێدوان و سەرنجەکانیانە: 

 

دیداری - ئیدریس جەبار 

 لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو مەترسییانە لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند: «داعش رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئێمە بە هییمەتێکی عیراقییانە و هاوبەشیی سوپا، دەزگای هەواڵگری، پۆلسی فیدراڵی، دەزگای دژەتیرۆر، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی توانیمان سەركەوتن بەدیبهێنین و ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە و پێگە ئاشکراکانی لەناو خاكی عیراقدا کۆتایی پێبهێنین، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، پاشماوە و چەند شانەیەكی بچووکن و وتی: رۆژانە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی و چۆنایەتی دەكرێتە سەریان بە ئاراستەی لەناوبردنی یەکجاریی ئەوانەش».
رەسوڵ ئەوەشی روونکردەوە کە خاڵی گرنگ ئەوەیە، پڕۆسەی سیاسی بە شێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچێت و لێكگەیشتنی سیاسی هەیە، لەمەش گرنگتر گەلی عیراقە، كاتێك كە متمانەی بە هێزە چەكدارەكان و حكومەت هەبێت و دەرەنجامی ئەرێنی و گەورە دەستەبەر دەكرێت، بۆیە ئێستا یەكگرتوویی و لێکتێگەیشتن لەنێوان گەلی عیراق و هێزە چەكدارەكاندا بەدی دەكەین و وتیشی: «لەو رێگەیەوە ئاسایش و سەقامگیریی دەستەبەردەبێت».

ئەم پێكەوە كاركردنەی پێشمەرگە و سوپای عیراق وادەكات راوبۆچوونەكان لە یەکتری  نزیكببنەوە و كاریی هاوبەش پتەوتر دەكات

مەترسییەکان لە دەرەوە  سەرچاوە دەگرن 
لەبارەی مانەوەی مەترسییەکانی داعشیشەوە لەسەر عیراق، لیوا یەحیا رەسوڵ دەڵێت:»داعش وەك فیكر و عەقیدە مەترسییە، لێگەڕان و پشتگوێخستنی بەبێ‌ ئەوەی بنەبڕبكرێت و بەدواداچوونی بۆ بكرێت، گەورەترین مەترسییە، بەڵام هەنووکە خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بكرێت، ئەویش ئەوەیە کە رێكخراوە داڵدەدەری نییە و رەتكردنەوەیەكی میللیش هەیە لە دژیان، بۆیە چیتر ناتوانێت دەست بەسەر سەنگەرێکیشدا بگرێت، نەك ناوچەیەك. دووەم: ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن و هەمووشی ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتی و پێشوەختەن، کە رەنگە رۆژانە ئەو ئۆپەراسیۆنانە جێبەجێ بکرێن. وتیشی: چەند رۆژێك لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنێك لە خۆرهەڵاتی سەلاحەدین بەڕێوەچوو كە لەڕێی هێرشێكی ئاسمانیی پشتبەستوو بە زانیاریی هەواڵگریی وردەوە جێبەجێ کرا، لەو ئۆپەراسیۆنەدا پەناگەیەكی رێكخراوەكە خاپووركرا و پێنج چەكداریش كوژران، لێرەوە دەكرێت بڵێن رێكخراوەكە مایەی مەترسی نییە لە عیراقدا، بەڵام مەترسییەكە لە دەرەوەی عیراقەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەماهەنگی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانی دیکە
لەبارەی هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هێزی پێشمەرگەشەوە، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق وتی: «بەدڵنیاییەوە متمانە گرنگە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق و لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا، ئێستاش باشترین پەیوەندی لە نێوان بەغدا و  هەرێمی كوردستاندا هەیە و بوونی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عیراقدا وەك نوێنەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و نوێنەرانی ئێمە لە گەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و بوونی سەرۆك ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا، ئەم پێكەوەكاركردنە وادەكات راوبۆچوونەكان لە یەکتری نزیك ببنەوە و كاریی هاوبەش پتەوتر بكات و رێخۆشكەر دەبێت بۆ بەئامانجگرتن و سەركەوتن بەسەر داعشدا، بۆیە دەبێت بە یەك دەستی بەگژ ئەو مەترسییانەدا بچینەوە كە روو لە وڵات دەكەن».

سەقامگیریی ئەمنی بۆ نەبوونی ناكۆکیی سیاسی دەگەڕێتەوە، چونكە ناكۆكیی سیاسی ژینگەیەكی لەبار بۆ داعش و تیرۆریزم دەڕەخسێنن

رەوشی ئێستا سەقامگیرە 
بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئێستا لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق و تەنانەت لەو ناوچانەشدا كە بە ناوچە گەرمەكان و شوێنی جموجۆڵ و چالاكیی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش دادەنران، رەوشی ئەمنی بەشێوەیەكی تێبینیكراو سەقامگیرییان بەخۆوە بینیووە و پێشێلكاریی ئەمنی ئەوتۆ تۆمار ناكرێت، لەو بارەیەشەوە د.ئیحسان شەممەری سەرۆكی سەنتەری (التفكیر السیاسي) بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند: «هێزە ئەمنییەكانی عیراق توانایەكی باشییان هەیە و لەڕووی بەدواداچوونەوە بۆ شانە نووستووەکانی داعش ئامادەکراون، لەم ماوەیەی دواییشدا بینیمان چۆن ئەو هێزانە لە بیابانەكانی ئەنبار و لە نەینەوا و باشووری كەركوك و دیالە بەشوێن پاشماوەی شانە چەكدارەكانی داعشەوەن، لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونی من سەقامگیریی ئەمنی بۆ نەبوونی ناكۆکییە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە، چونكە ناكۆكییە سیاسییەكان ژینگەیەكی لەبار بۆ رێكخراوی داعش بە دیارییكراوی دەڕەخسێنن. لەلایەكی دیکەشەوە سەرقاڵبوونی داعش بە سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی هەرەمی خۆی لەسەر ئاستی جوگرافی، جا لە سوریا بێت یان لە ئەفغانستان، ئەم بابەتە بەدیارییكراوی تا ئەندازەیەكی زۆر بۆتە مایەی لاوازبوونی رێكخراوەكە لەو پارێزگایانەی كە پێشتر تێیاندا چالاک بووە وەک (ئەنبار، سەڵاحەدین، موسڵ، دەوروبەری كەركوك و دیالە».
د. ئیحسان شەممەری پێشیوابوو   ئێستا داعش رووی لە ناوچە جوگرافییەكانی تر كردووە، بەڵێ‌ ئێستا لە جوگرافیای سوریادا هەیە، بەڵام بەهەرحاڵ چاوی لە باكووری ئەفریقا بڕیوە، وەك رووبەرێكی كراوە كە دەكرێت لێوەی بە ئاسانی جموجۆڵ بكات، بۆیە كاریگەریی لەسەر ناوخۆی عیراق كەمبۆتەوە».

مەترسییە سەرەکییەکە  كۆتایی هاتووە؟ 
سەرۆكی سەنتەری (التفكیر السیاسي) دەشڵێت:»مەترسی داعش لە عیراقدا كۆتایی نەهاتووە، بەبۆچوونی من هێشتا هەڕەشەیە، بۆیە پێویستە دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق، بەشێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی هێرشەكانیان بۆسەر داعش چڕبكەنەوە، بە شێوەی جەنگی دەستپێشخەریی (الحرب الاستباقي)».

شێوازی گەڕانەوەی داعش 
شەممەری پێیوابوو کە رێكخراوی داعش دەگەڕێتەوە بۆ عیراق، بەڵام نەك لەسەر ئاستی دەستگرتن بەسەر هەندێك شار و ناوچەدا، بەڵکو لەسەر ئاستی هێرشی غافڵگیرانەی چۆنایەتیی بەرتەسک، بەتایبەتی ئەگەر تەنگژەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا روو لە هەڵكشان بكەن، ئەو تەنگژانە دەكرێت كەلێن و بۆشایی و رێڕەو دروستبكەن.
 بە هەمان شێوە تەنگژە سیاسییەكان لە هەندێك لە پارێزگاكانی تری وەك كەركوك و دیالە، دەكرێت رێخۆشكەربن و رێڕەوی ئارام بۆ شانە نووستووەکانی تیرۆریستانی داعش دەستەبەر بکەن.


بابەتە پەیوەندیدارەکان