نووسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە شنگال داخراوە

12:15 - 2024-04-21
کوردستان
134 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بەدواداچوونی جددی دەكەین

تەها عەبدوڵڵا

بەهۆی  داخستنی نووسینگەی شنگالی جێبەجێكردنی ماددەی 140، هەنگاوەكانی قەرەبووكردنەوەی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیپێنەكردووەتەوە.
نەوزاد شنگالی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژە بەوە دەكات كە دوای رووداوەكانی ساڵی 2014 و هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سنوورەكە، نووسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە قەزای شنگال داخراوە ‌و تائێستا نەكراوەتەوە، بەهۆی داخستنی نووسینگەكەوە راگەیاندنی ناوی خێزانە ئاوارەكان بۆ وەرگرتنی چەكی قەرەبوو دەستیپێنەكردووەتەوە، دەبوو وەك ئەوەی لە كەركوكدا كاری بۆ دەكرێت و لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیەنرا، كە ژمارەیەك ناوی ئاوارەی سنووری پارێزگای كەركوك بڵاوكرایەوە بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، كەچی هیچ ناوێكی سنووری ناوچە دابڕێنراوەكانی پارێزگای نەینەوای تێدا نییە، بۆیە دەبێت كاری بۆ بكرێت و نووسینگەكە بكرێتەوە. وتیشی: نووسینگەی ماددەی 140ی شنگال كاروباری هەموو ئەو ناوچانە دەكات كە بەناوچەی دابڕاو هەژمار دەكرێن و دەكەوێتە سنووری پارێزگای نەینەواوە،  لەوانە قەزاكانی مەخمور و دەوروبەری‌ و شنگال ‌و حەمدانیە و بەعشیقە و چەند شوێنێكی تر.
هەر سەبارەت بەو باسە، ئەحلام رەمەزان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی وت: داخستنی نووسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە شنگال بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەوەیە، وەك پەرلەمانتاران بەدواداچوونی جددی دەكەین تا بكرێتەوە و مەبەستیشمانە هاووڵاتیانی سنوورەكە سوودمەندبن لە قەرەبووكردنەوە و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە كاكەییەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا ناویان بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ماددەی 140 تۆمارنەكراوە و مامەڵەیان لێ وەرنەگیراوە، كار لەسەر ئەو بابەتەش دەكەین و چارەسەری دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان