خەڵاتی زێڕینی بلە دابەشکرا

06:40 - 2024-04-23
کوردستان
99 جار خوێندراوەتەوە

 ئەمڕۆ  لە سلێمانی، لەیادی 24مین ساڵی ماڵئاوایی مامۆستا برایم ئەحمەد شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و بیرمەندی گەورەی كورد، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی  زێڕینی بلە  بەخشرایە   10 كەس لە لە بواری خۆیاندا، خزمەتی زۆریان بە كورد و مەسەلەی كورد كردووە.

ئەو کەسانەی خەڵاتی زێڕینی بلەیان پێ بەخشرا بریتیبوون لە : 


ئیبراهیم ئەمین باڵدار

 نووسەری کتێبی (ئەلف و بێی کوردی) ، کە پێکهاتووە  لە 56 وانە و هەر وانەیەک نزیکەی 15 وشە لەخۆدەگرێت، لە ساڵانی 1953 و 1956ـدا دوو جار گۆڕانکاری لە (ئەلفو بێ) کەیدا کرد و چاپی کردەوە، ئەلف و بێی باڵدار بۆ دەیان ساڵ بووە سەرچاوەی خوێندن و فێربوون لە قوتابخانەکان و زیاتر لە 35 جار چاپکراوەتەوە.


عەلی ئەکبەر مورادی

 کە بە بە پارێزەر و ئەمانەتداری مەقاماتی تەمبوور ناسراوە، جگە لەوەی دەیان کۆنسێرتی بە گرووپ لە وڵاتانی جیهاندا سازکردووە، بە شێوەی سەربەخۆش چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە و لە بواری فێرکردن و لێکۆڵینەوەشدا رۆڵی کاریگەری هەبووە و چەندین بەرهەمی بە زمانی ئینگلیزی لە دەرەوەی وڵات چاپکراون.



د. ئەختەر نەجمەدین

خزمەتی بەرچاوی بە منداڵانی کوردستان و تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە کردووە، ئەو بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، هەوڵی چروپڕیدا بۆ دابینکردنی شوێنی پێویست و تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە  لە سلێمانی، پاش ئەو هەوڵە زۆرە، توانییان باڵەخانەیەکی نوێ وەربگرن و لەرۆژی 12/7/2007ـدا یەکەم شوێنی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بە ناوی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بکەنەوە.
لە ساڵی 2007ـدا توانی ئامێری (لیناک)کە ئەوکات تاکە ئامێربوو لە هەرێم و لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بوو، بخاتەوە کار و خرایە خزمەتی نەخۆشانی شیرپەنجەوەو بووە  سەرەتای ئەنجامدانی چارەسەر بە تیشک.



ناسری رەزازی


رەزازی کە بۆ خۆی قوتابخانەیەکی گەورەی گۆرانی کوردییە، زیاد لە 600 گۆرانی تۆمارکردووە، کە 160 لەو گۆرانییانە ئاوازی خۆیەتی.
رەزازی لەریزی ئەو گۆرانیبێژانەیە کە شیعری شاعیرانی کوردی کردووە بە گۆرانی، نەک هەر ئەوە بگرە سەلیقەی زمانەوانیشی لەئاستێکی بەرزدایە، جگە لەوەی سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگێکە بۆ وشەی کوردی، بەشێکی زۆر لە چوارینەکانی خەیامی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و شانامەشی بە کوردی نوسیوەتەوە، ئێستاش خەریکی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیەتی کە بێگومان دەبێتە ئاوێنەی گەشی بەشێک لەروداوەکانی مێژووی 50 ساڵەی ئێمە.



خالید جاف

نووسەری کتێبی (لە زاری بەڵگەنامەوە)، 1489 بەڵگەی بە وێنەوە بڵاوکردووەتەوە کە بۆ سەردەمی عوسمانی، بەریتانی دەگەڕێنەوە، زیاتر جەخت لە کوردستانیبوونی کەرکووک دەکەنەوە.
لە کتێبەکەیدا چەندین بەڵگە لەگەڵ 440 سەرچاوەی جۆراوجۆر بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی، فارسی و کوردی بەکارهێناوە بە وردی باس لە مزگەوت و تەکیە و بنەماڵە دێرینەکانی کەرکووک دەکات.



د. شێرکۆ عەبدوڵڵا 

لە سەرەتای حەفتاکانەوە، د. شێرکۆ عەبدوڵڵا بەردەوام بەرهەمی ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە، دیارترین نووسەری تەنزی کوردییە و ئەم شێوازەی نووسینی وەک ژانرێکی سەربەخۆ هێنایە نێو ئەدەب و رۆژنامەگەریی کوردییەوە، هاوکات خاوەنی بیرۆکە و سەرنووسەری گۆڤاری سیخورمە بوو، کە گرنگترین و کاریگەرترین بڵاوکراوەی کوردی بوو لە بواری تەنز و کاریکاتێردا.
د. شێرکۆ عەبدوڵڵا نووسەری (بەرنامەی بەرنامە)یە، کە لە کەناڵەکانی خاک و کوردسات پەخشدەکرا و لە سەرتاسەری کوردستان ناسرا و بینەرێکی زۆری هەبوو، هەروەها خاوەنی چەندین بەرنامە و بیرۆکەی کاری هونەری و دراما بووە و لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییەوە چەندین کتێبی لە بوارە جیاجیاکاندا بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.



سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی

سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، گۆرانیبێژ و مەقامبێژی گەورەی کورد، بووەتە قوتابخانەیەکی گەورە بۆ گۆرانیی کوردی لەناو کۆمەڵی میوزیکزانانی کورد و ئێرانی و شێخانی تەریقەت و خانەدانەکانی کوردستان، گۆرانیبێژی گەورەی فارس، شەجەریان جگەلەوەی گۆرانییەکی سەییدی بەغەزەلێکی مەولانای رۆمییەوە وتووتەوە، باس لە گەورەیی و مەزنی سەیید ئەکات و دەگوترێت زۆربەی کات گوێی لە گۆرانییەکانی گرتووە.


د. جوان حەمی

لەکاتی هێرشی داعـ.ـش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر بۆسەر قامیشلۆ و کۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان، د. جوان حەمی یەکێک بوو لەو پزیشکانەی لەو ماوەیەدا ماندونەناسانە چارەسەری بریندارانی کردووە، جگە لەوەش، کاتێک داعـ.ـش پەلاماری شەنگالی دا، د. جوان خۆی گەیاندە شەنگال و بە شەو و رۆژ چارەسەری بریندارانی دەکرد.

حاجی فەییم

ساڵانی رابردوو بەدوای دۆزینەوەی نیشانەیەک لە کەسوکاری، تا بیابانەکانی عەرعەر و نوگرەسەلمان و زۆر شوێنی تر چوو، بەڵام تەنیا شەکەتیی رێگەی پێبڕاو لەگەڵ یادەوەریی ئازیزانی گەڕایەوە گوندەکەی.
حاجی فەییم بەرلەئەنفال سێ ساڵ پێشمەرگە بووە، لەکاتی شەڕی پێشمەرگە لەدژی داعــ.ـش، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە.
تاکە داواکاریی حاجی فەییم، گەڕانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی کەسوکاریانە.


عەلی بەدرخان

بنەماڵەی بەدرخان، تا ئێستا دەیان کەسایەتیی دیاریان تیا هەڵکەوتووە، کە خزمەتی بەرچاویان بە بزاڤی رۆشنبیری و سیاسیی کورد کردووە، لە کامەران بەدرخانەوە تا میقداد بەدرخان، کە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە قاهیرە چاپکرد و دەیان کەسایەتیی تر.
عەلی بەدرخان، کوڕی ئەحمەد بەدرخان کەسایەتییەکی تری ئەو بنەماڵەیەیە، لە ساڵی 1946 لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ لەدایکبووە، لە ساڵی 1967 پەیمانگای باڵای سینەمای تەواوکردووە و دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی گرنگ کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان