حكومەت چەندین پڕۆژەی گرنگ تاوتوێ دەكات

09:02 - 2022-06-14
کوردستان
924 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی كرد و لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازیی لێ كرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بە داتا و زانیاری، كار و چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەكان لە بوارەكانی گواستنەوە و گەیاندن خراوەتەڕوو. لەوبارەیەشەوە سەرۆكی حكومەت، تەئكیدیكردۆتەوە كە پێویستە سوود لە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا وەربگرین بە ئاڕاستەی بەئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكومەت و نەهێشتنی رۆتین و بیرۆكراسی لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكومەت و خزمەتكردنی هاووڵاتیان باشتر و خێراتر.
سەبارەت بە گرنگیی رێكخستنەوەی بواری گەیاندن و پەیوەندی و كاركردنی كۆمپانیاكان لەو بوارەدا، رایگەیاندووە: نابێت قۆرخكاری هەبێت، لە وەرگرتنی كارمەندانی كەرتی تایبەتیشدا، دەبێت زۆرترین دەرفەت بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بدرێت. "رێكخستنەوەی بەكارهێنانی پەیوەندی و تەكنەلۆجیا، گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و ئینتەرنێت".
سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت لە بواری پێشخستنی گواستنەوەی گشتی، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیجی بنیاتنانی هێڵی ئاسن لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عیراق و وڵاتان كردووە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی دەبێت، هەروەها تاوتوێی چەند پڕۆژەیەكیش تایبەت بە پاس و تەكسی لە نێوان شارەكان و دروستكردنی تێرمێناڵی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگر و چەندین پڕۆژەی دیكە بۆ باشتركردنی گواستنەوەی گشتی، كراوە.

 

 

#حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان