كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

02:40 - 2024-05-16
ئەدەب و هونەر
1049 جار خوێندراوەتەوە
چەند قوتابییەکی ئەفلاتون

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(2)


فەلسەفە لەناو ئەكادیمیادا
لە ئێستادا كە باسی فەلسەفە دەكەین مەبەستمان شتێكی زۆر جیاوازە لەوەی یۆنانییە دێرینەكان بیریان لێدەكردەوە. لەگەڵ بیستنی وشەكەدا، یەكسەر خەیاڵمان بۆ ئاستێكی باڵای بیركردنەوە و پلەیەكی بەرزی خوێندن دەڕوات، واتە ئەو جێگایەمان دێتە بەرچاو كە پێی دەوترێت ئەكادیمیا. ئەمە بەلای هەندێكەوە كارێكی باشەو لای هەندێكی تریش فەلسەفە كایەیەكە دەبێت لەدەرەوەی ئەو ناوەندە پێوەی سەرقاڵ ببین، ئەمەیان بابەتی ئێمە نیە. بەڵام ئەكادیمیا چیە؟
ئەكادیمیا بەجێگایەك دەوترێت تێیدا زانین دەدۆزرێتەوە، دەخوڵقێنرێت، پێشدەخرێت. ئەمە لوتكەی قۆناغەكانی خوێندن و پەروەردەیە، لە هەموو قۆناغەكانی پێش ئەكادیمیادا زانین دەگوێزرێتەوە و پارێزگاریی لێدەكرێت. یانی لەقۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتیدا، ئەو زانیارییانەی دۆزراونەتەوە و خوڵقێنراون دەگوێزرێنەوە بۆ نەوەكان. لەوێ بەدواوە یاریدەیان دەدرێت خۆیان سەرلەنوێ زانینەكان بدۆزنەوە و لەزانكۆشدا، ئیتر هەوڵەكانی دۆزینەوەی زانینی نوێ و پێشخستنی ئەو زانینانەی هەن دەستپێدەكات. بەڕاست! بێگومان پاراستنی زانینینیش لەناو كتێبەكان و دیكۆمێنتەكاندا، بەواتایەكی دیكە لەكتێبخانەكاندایە، لە ئێستادا لەپاڵ كتێبخانەی كاغەزییدا، كتێبخانەی ئەلەكترۆنیشمان هەیە. هەروەها لەپاڵ كتێبە نوسراوەكاندا، كتێبی دەنگی و دیكۆمێنتارییشمان هەیە.
پرسیارێك: جێگایەك تێیدا لەكتێبی چارەكە سەدەیەك لەمەوبەرەوە مەلزەمەیەكی بیست لاپەڕەیی دروست بكرێت و ساڵ لەدوای زاڵ لەگەڵ خوێندكارەكاندا پێوەی سەرقاڵ ببن، پێی دەوترێت ئەكادیمیا؟ بەواتایەكی دیكە، جێگایەك تەنها زانینی تێدا بگوێزرێتەوە، بەئەكادیمیا لەقەڵەم دەدرێت؟ زۆر باشە، كەسێك لەو ژینگەیەوە هاتووە و لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: من ئەكادیمیستم، یاخود بەشێوەیەكی ئەكادیمی كاردەكەم، ئەوە مەبەستی لە چیە؟
با بەردەوام ببین! جیاكردنەوەكە بەتەواویی بەوجۆرەش نیە كە وتم، ئەو بەشانەی دەستنیشانم كردن بەناویەكدا چوون و ناوچەی هاوبەشیان هەیە، ئەوەی باسم كرد، وێنە گشتییەكە بوو. واتە چی؟ با ئاواهی قسە بكەم: ئەكادیمیا ناوەندی لێكۆڵینەوە (تاقیكردنەوەی زانستی و گوێزانەوە (وانە وتنەوە و ڕێگاكانی تر) و پاراستن (كتێبخانەو دیكۆمێنتارییەكان، داتابەبەیزەكان و ئینتەرنێت). سنوری تەواو جیاكراوەیان لەگەڵ یەكترییدا نیە، بەڵكو بەهەرسێكیان ئەو جێگەیە پێكدەهێنن كە بەئەكادیمیا ناودەبرێت. بێشك بزریی یەكێكیان دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر ئەكادیمیایەك لەگۆڕێ نەبێت. لێرەدا سەرنج بدە، وشەی ئەكادیمیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتون، كاتێك لە ساڵی 387 پ.س دا باخێكی زەیتونی لە كەسێك كڕی ناوی (ئەكادیمییا) بوو، لەوێدا قوتابخانەكەی خۆی دامەزراند و بەهەمان ناوەوە ناسرا. 
ئەكادیمیای ئەفلاتون یەكەمین ناوەندی زانستییە لەمێژووی مرۆڤایەتییدا و دوای ئەویش ئەرەستۆ لایسییەمی دامەزراند و پێڕەو و پرۆگرامی خوێندنی ناو ئەكادیمیای داڕشت و هەتا ئیمڕۆش بە شێوەیەك لەشێوەكان ئەكادیمیا هەر ئەوەیە كە ئەرەستۆ ڕێكیخستووە. ئەرەستۆ وا راهاتبوو بەدەم پیاسەكردنەوە وانەی بەقوتابییەكانی دەوتەوە، ئەوانیش بەكۆمەڵ لەدەوری هاتوچۆیان دەكرد، هەربۆیە ئەو ناوەی لێنرا كە خۆی مانای پیاسەكردن دەگەیەنێت. دواتر لەئەسكەندەرییە میوزییەم دادەمەزرێت و هاوتای دووقوتابخانەكەی دیكە دەسبەكاردەبێت. ئەم سێ دامەزراوەیە یەكەمین دامەزراوەی هزر (Think tank) دادەنرێن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. 
بەڵام با لەوە بگەڕێین و بچینەوە بۆ ناو ئەكادیمیا.
لە ئێستادا، ئەكادیمیا دابەش دەبێت بۆ دوولقی سەرەكی: زانستەكان و هونەرەكان. ئەم دوو بەشە سەرەكییە لقی دیكەیان لێدەبێتەوە، بۆ نموونە زانست دابەش دەبێت بۆ زانستە سروشتییەكان و زانستە كۆمەڵایەتییەكان. هونەرەكانیش دابەشدەبن بۆ چەند بەشێك وەك: بینراوەكان، ئەداكراوەكان، ئەدەبییات. ئەم لقانەش لای خۆیانەوە دابەش دەبنەوە بۆ لقی دیكەو دیسان دابەشبوونەوەی دیكەش هەیە. نامەوێت زۆرتر وردی بكەمەوە؛ ئێستا دەپرسم: لەناو ئەكادیمایدا جێگای فەلسەفە لەكوێدایە؟

 

ئەكادیمیا بەجێگایەك دەوترێت تێیدا زانین دەدۆزرێتەوە، دەخوڵقێنرێت، پێشدەخرێت. ئەمە لوتكەی قۆناغەكانی خوێندن و پەروەردەیە، لە هەموو قۆناغەكانی پێش ئەكادیمیادا زانین دەگوێزرێتەوە و پارێزگاریی لێدەكرێت.

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا، فەلسەفە وەك (بەش)ێك لەزانكۆكانی كوردستان كرایەوە و خرایە پاڵ كۆلێجی ئاداب یان ئەدەبییات. واتە فەلسەفە وەك هونەر لەقەڵەم درا. لە هەندێك جێگای دیكە یەكێك لە كۆلێژەكانی زانستە كۆمەڵایەتییەكان دایدەنێن، واتە بەزانست لەقەڵەمی دەدەن. ژمارەیەك لەزانكۆكانیش دابەشككردنەكە بەجۆرێكی دیكە دەكەن و فەلسەفە لەناو مرۆییەكاندا (humanities)و لەپاڵ مێژوو و ئەدەبیات و زمان و لێكۆڵینەوە ئاینییەكاندا دادەنێن.
بەڵام فەلسەفە لەوە سركترە لەژێر هیچكام لەم بەشانەدا كۆببێتەوە. ئەمانە هەموویان لەفەلسەفەوە كەوتوونەتەوە، ئێستا چۆن دەتوانن بیخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە؟ تۆ سەرنج بدە، بەوانەی بڕوانامەی باڵای ئەكادیمیا وەردەگرن دەوترێت(دكتۆرایان لە فەلسەفەدا وەرگرتووە – PHD) ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی ئەو كایانەی لەمڕۆدا خۆیان وەك سەربەخۆ نمایش دەكەن، رۆژێك لە رۆژان لەژێر چەتری فەلسەفەدا كۆ ببوونەوە. رەنگە بەلاتەوە سەیربێت ئەگەر بڵێم كەسێكی وەك(ئایزاك نیوتن) لەسەردەمی خۆیدا بەفەیلەسوف دەناسرا، نەك بەفیزیاكار یاخود فەلەكناس.
ئەمە مشتومڕێكە تا ئێستاش چارەسەر نەكراوە. بەڵام بڕوانە: فەلسەفە دەتوانێت لقی خۆی رایەڵی ناو هەموو زانستەكان بكات، وەك: فەلسەفەی فیزیا، بەڵام ئەوان ناتوانن لقی خۆیان بۆ ناو فەلسەفە بنێرن، بۆ نموونە ناتوانین بیر لەكیمیای فەلسەفە یان سایكۆلۆجیای فەلسەفە بكەینەوە، ئەگەر بتوانین ئەندێشە بكەین لەئایندەدا لەوجۆرە لقانە پەیداببن، ئەوە هەر سەر بەفەلسەفە دەبن، نەك زانستەكان، واتە ئەگەر توانیمان بیر لەبایۆلۆجیای فەلسەفە بكەینەوە، ئەوە كاركردن دەبێت لەفەلسەفەدا، واتە فەلسەفاندن دەبێت، نەك بایۆلۆجیا. سەرنجی ئەمەت داوە: ئێمە فەلسەفەی مێژوومان هەیە، هەروەها مێژووی فەلسەفەشمان هەیە. ئەمەیان چیە؟ بێگومان لە هیچ یەكێك لە كۆلێجەكانی مێژوودا، لە لقەكانیدا، لەهیچ جێگایەكدا ئەم باسە جێگای نابێتەوە! ئەی لە كوێدا دایبنێین؟ ئەمە كارێكە لەناو فەلسەفەدا، قسەكردن لەبارەی مێژووی فەلسەفەوە خۆی چالاكییەكی فەلسەفاندنە.
ئەی چارەسەر چیە؟
یەكێك لەچارەسەرەكان ئەوەیە، فەلسەفە لەئەكادیمیادا نەبێت و بەسەربەخۆیی لەدەرەوەی ئەكادیمیا كاربكات و دامەزراوەكانی خۆی بەڕێوە ببات. چارەسەرێكی دیكەش ئەوەیە فەلسەفە وەك بەشێكی سەربەخۆ لەناو ئەكادیمیادا بمێنێتەوە. هەردوو ئەگەرەكەش هەن و دەتوانین لە دونیادا هەردوكیان ببینین. ئەگەر بەدیوێكی تردا سەرنجی بدەین:
بڕوانە زانست، یان هونەر؛ چی دەبینیت؟ ئەگەر هەرئاوا و بێ سنورداركردن سەیری وشەی زانست یان هونەر بكەین، دەبینین زۆر فراوانە و پێناسەكان بەتەواویی ناتوانن چەمكەكە لەخۆبگرن. بۆچی؟ چونكە هەریەكەیان وەك چەترێك وایە لەژێر، وەك لەسەرەوە خۆیدا ژمارەیەك بەش و لق و چڵ و شتی دیكە لەسایەی خۆیدا كۆدەكاتەوە. بۆ نموونە زانست خۆی دابەشدەبێت بۆ زانستە سروشتییەكان و زانستە كۆمەڵایەتییەكان. ئەم دوولقە چی دەكەن؟ هەردووكیان دەیانەوێت زانین دەربارەی جیهان پەیدابكەن، دایبهێنن، پێشی بخەن...هتد، وەك لەسەرەوە باسمان كرد. ئەمانە خەریكی زانستی ماتریاڵیی دەوروبەرمانن، كە خودی خۆمان بەشێكین لێی. بۆ نموونە یەكێك لەلقەكانی زانستی سروشتیی، بایۆلۆجیایەولێكۆڵینەوە لەبوونەوەرە زیندووەكان دەكات، كە خۆی دیسان دابەشدەبێتەوە بۆ لقی دیكە و ئەوانیش لقیان لێدەبێتەوە. 
زانستە مرۆییەكانیش وان، بۆ نموونە جوگرافیا وەربگرە، كە سەرقاڵی لێكۆڵینەوە شێوازەكانی دابەشكردنی زەمینە بۆ وشكان و ئاوەكان، كیشوەرەكان، دەوڵەتەكان... هتد. هاوكات جۆرەها لقی دیكەشی لێدەبێتەوە وەك جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای دانیشتووان...هتد. ئەمە یانی چی؟ زانست و هونەر زیاتر لەچەترێك دەچن كە لەژێریاندا ژمارەیەكی زۆر بەش و لق و چڵی جیاجیا لەخۆدەگرن كە هەریەكەیان كایەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە خۆیانیان هەیە.
دەی خۆ فەلسەفەش وایە، ئەویش هەر چەترێكی گەورەیە و ژمارەیەك لقی جۆراوجۆر لەژێر خۆیدا كۆدەكاتەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە دابەش دەبنەوە بۆ لقی دیكە. یانی ئەگەر فەلسەفە لەناو ئەكادیمیادا دابنێین، ئەوە دەبێت بەشێكی سەربەخۆ بێت، واتە نەزانست بێت و نەهونەر. لێرەدا بەخێرایی بەشەكانی فەلسەفە دەستنیشان دەكەم و دواتر لەسەر هەر یەكێكیان رادەوەستم: بەشێوەیەكی گشتی فەلسەفە دەبێت بەپێنج بەشی سەرەكییەوە:
1. ئەستمۆلۆجی: لێكۆڵینەوە لە تیۆرەكانی زانین.
2. مێتافیزیك: تێڕامان و بیركردنەوە لەسروشتی واقیع.
3.ئەكسیۆلۆجی: ئامادەكردن و هەڵسەنگاندنی تیۆری بەهاكان.
4. لۆجیك: كاركردن لەسەر تیۆرەكانی بیركردنەوە.
5. مێژووی فەلسەفە: بەسەركردنەوەی فەلسەفە لەزەمینەی مێژوویی خۆیدا و لە پەیوەندیدا بە فەیلەسوفەكان و رووداوە فەلسەفییەكانەوە.
ئەمانەش هەریەكەیان دابەش دەبنەوە بۆ لقی دیكە و لقەكانیشیان دیسان دابەش دەبنەوە و لە كۆتاییدا تۆڕێكی فراوانی كاركردن و تێڕامان پێكدەهێنن، كە زۆر بە باشی شایستەی ئەوەن لەئەكادیمیادا بەشێكی تایبەتیان هەبێت، یاخود وەك ئەفلاتون جارێكی دیكە ببنەوە بەخاوەنی ئەكادیمیای تایبەتی خۆیان.

 

قوتانخانەی لایسیەم

ئەو شوێنەی ئەکادیمیای لەسەر بنیادنراوە لە ئەسینا

بابەتە پەیوەندیدارەکان