به‌رپرسیارێتیی سه‌قامگیریی هه‌رێم

09:49 - 2024-05-19
کوردستان
318 جار خوێندراوەتەوە

  ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی كه‌ میدیا، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌می ناو هه‌ر وڵاتێك له‌ قه‌ڵه‌مده‌دات، كۆن بووه‌. ئێستا میدیاكان، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ‌سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا، به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌مزی، بوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م. رووداوه‌ ناوخۆییه‌كان، له‌ رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌گه‌نه‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان. 
   ئه‌و رووداوانه‌، كه‌ میدیاكان ده‌یانگوێزنه‌وه‌، هه‌ندێجار، به‌پێی سروشتی ئه‌و دۆسێیانه‌ی كه‌ ده‌یانوروژێنن، وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی، ناوچه‌كه‌و بگره‌ جیهانیش ده‌هێننه‌ سه‌رهێڵ، ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی میدیا وایكردووه‌ كه‌ ساڵ بۆ ساڵ تیشكی زیاتری بچێته‌سه‌ر‌، له‌ولاشه‌وه‌ رێكخراوه بێ سنورو نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ داكۆكی له‌م رۆڵه‌ی میدیاكان ده‌كه‌ن، هێنده‌ی تر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌مزییه‌ بچه‌سپێنن‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانیشدا میدیاكانمان ده‌توانن، پیشه‌ییانه‌، له‌م ئیمتیازه‌ به‌هره‌مه‌ندبن، به‌ڵام له‌پێناوی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و سه‌قامگیریی هه‌رێمدا نه‌ك بۆ زیاندان له‌ ئارامیمان و دنه‌دانی ئه‌جێنداو شه‌ڕانگێزیی هێزی ده‌ره‌كی.
  گواستنه‌وه‌ی زانیاریی ناڕاست و بێ به‌ڵگه‌ له‌ میدیای كوردیدا، سه‌قامگیریی هه‌رێم ده‌شوێنێت. ئاسایشی پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئارامیی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌ركوك. ئه‌گه‌ر كوردستان دامه‌زراوه‌ی ره‌سمیی خۆی هه‌یه‌و له‌م سه‌قامگیرییه به‌رپرسه‌‌، ئه‌وا پێویسته‌ چاودێریی ئه‌و میدیایانه‌ بكات كه‌ به‌ هه‌واڵ و زانیاریی بێبنه‌ما هانی ناسه‌قامگیری ده‌ده‌ن.(ی.ن.ك) وه‌ك هێزێكی نیشتمانی، نه‌ك هه‌ر باشووری كوردستان، به‌ڵكو په‌رۆشی سه‌قامگیری و ئاشتی و برایه‌تییه‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی تردا، بۆیه‌ میدیایه‌كی به‌رپرسیاریشی هه‌یه‌ كه‌ نیشتمانییانه‌ رووماڵ ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ردا وای ده‌بینێت كه‌ نابێت هیچ میدیایه‌ك بۆ ده‌سكه‌وتی حزبی و سیاسی، یاری به‌ سه‌قامگیریی كوردستانه‌وه‌ بكات.   ‌

کوردستانی نوێ

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان