لە دێرزەمانەوە سروشتێكی جوانی هەبووە

11:19 - 2024-05-19
ژینگە
281 جار خوێندراوەتەوە

*كامەران حەمە ساڵح عەبدوڵڵا 

سلێمانی پێش دروستبوونی 77 كارێز و كانیاوی تێدابووە و سەرچاوەیەكی گرنگی ژیان و سەوزایی بووە


سلێمانی پێش دروستبوونی وەك شار زۆرترین كارێزو كانیاوی تێدابووە كە ژمارەیان (77) كارێز و كانیاو بووە و سەرچاوەیەكی گرنگی ژیان و سەوزایی بووە.
ئەم شوێنانە بۆتە شوێنی گەشتوگوزار و سەیران بۆ خەڵكەكەی، تێیدا دارودرەخت و درەختی میوە و گوڵ و پەرژین جوانترین سیمای ژینگەی جوانی بە شوێنەكە بەخشیووە، کە لە یادەوەریی شارەكەدا بەردەوام باس دەكرێ‌، بەوەی هەمیشە قەشەنگ بووە لە سەوزایی و سروشتیدا، ئەو شوێنانەی لەكۆنەوە تا ئێستا زۆریان ماونەتەوە وەك(كانیی سەرچنار و باخی شێخ لەتیف  بەكارێزی شێخ لەتیف ناسراوە و كارێزی كانێسكان بۆ باخی گشتی و پاركی ئازادی ئێستا و قۆریە شكاو كارێزی حاحی بەگ و كارێزی وەستا شەریف و كارێزی جولەكان و كارێزی دەباشان كارێزی سالحی مەحمود و خواردەباشان و كارێزی مەلاعەلی و كارێزی كارێزە وشك، باخی سەعید بەگ و كارێزی موشیر ئاوا لای ئەمنە سوورەكە. 
ئەم سەرچاوە ئاوییانەی ناوشار هەرلە دروستبوونی وەك شار هێمایەكی دڵگیر بووە بە پێناسەكردنی سروشت و ژینگەیەكی دڵڕفێن لە دێرزەمانەوە .
خەڵكی سلێمانی بەردەوام داریان رواندووە یان كەپری مێویان داناوە و یەكێك بووە لە نەریتە باوەکانی ماڵان لە حەوشەو بەردەرگا لەگەڵ دارتوویان رواندووە.
یەكێك لەو دارانەی مێژوویەكی کۆنی هەیە ئەویش داری سورەچنارە كە زیاتر لە چەمی سەرچنار و گەڕەكی كانێسكان و باخی گشتی روێنراوە، پێش ئەوەی باخەكە دروست بكرێت، زۆرێک لەو دارانە مێژوویان 100 - 150 ساڵ دەگەڕێتەوە، هەیانە تا ئێستا ماون، داری سنەوبەریش لە جۆگەی كارێز و شیوەكان روێنراوە ئەو شوێنانە بۆتە شوێنی گەشتوگوزار و سەیرانگە و كانی شەكراو و باخی بەختیاری، بۆیە لەمێژە سلێمانی هەربە جوانی ماوەتەوە و بەردەوام جوانتر دەبێت و یەكێكە لە شۆخترین شارەکان بەپێی شوێنی جوگرافیا و دۆڵ و گرد و شاخ و كانیاو و كارێزەكانی.  
  *كامەرانی باخچەكان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان