بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی بۆ كوردستانی نوێ:

87 توشبووی ئایدز لە هەرێمی كوردستاندا هەیە

11:22 - 2024-05-20
کوردستان
969 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت: بەردەوام چاودێریی هەموو ئەو شوێنانە دەكەن كە گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانی لێدەكرێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر پشكنین بۆ نەخۆشییە گوزراوەكان بەتایبەتی ئایدز دەكەن، كە خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستاندا كەمترین رێژەی ئەو نەخۆشییە بەراورد بە وڵاتان تۆماردەكرێت.
پشكنین بۆ كێ دەكرێت؟
سەركار محێدین وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ساڵانە لە هەرێمی كوردستاندا ئاماری توشبوو بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی (HIV) ئایدز بڵاودەكەینەوە، كە لە ساڵی 2023دا نزیكەی 598 هەزار تێستی پشكنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئایدز كراوە، كە تەنها 72 حاڵەتی نوێ هەبووە و بەشی زۆریشیان خەڵكی دەرەوەی كوردستانن. وتیشی: لە چوارچێوەی پرۆگرامی كۆنترۆڵكردنی ئایدز، پشكنینەكان بۆ كەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، بوتڵی خوێنی وەرگیراو، پشكنینی هاوسەرگیری، كرێكاری شوێنە گەشتیارییەكان، راگیراو و حوكمدراوانی ناو چاكسازییەكان دەكرێت.
بەشی زۆریان كەسانی بیانین
هەر سەبارەت بەو باسە، دكتۆر كاوە خەلیل بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كۆی توشبووانی ئایدز لە هەرێمی كوردستان 87 كەسە، كە 47 لە هەولێر، 30 لە سلێمانی و لە دهۆكیش 10 حاڵەتە و سەرجەمیان لەژێر چاودێریدان و چارەسەر وەردەگرن، تەئكیدیشیكردەوە كە بەشی زۆری توشبووان كەسانی بیانی و خەڵكی دەرەوەی هەرێمن و دوای رێكارەكان نێردراونەتەوە وڵاتەكانیان.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی بۆ كوردستانی نوێ: كەمترین توشبووی ئایدز تۆماردەكرێت

 

چەند حاڵەتێك لە منداڵانی تازە لەدایكبوودا
لە لێدوانێكیشدا، ماجد شنگالی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە: تائێستا 2638 توشبووی ئایدز لە عیراقدا تۆماركراوە، كە لەو ژمارەیە 470یان گیانیان لەدەستداوە. باس لەوەش دەكات كە چەند حاڵەتێكی كەم هەیە لە منداڵانی تازە لەدایكبوودا، كە بەهۆی خوێنی دایكیانەوە ڤایرۆسەكە گوازراوەتەوە بۆیان.
هاوكات هۆشداریشدەدات لە گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز، لەڕێگەی سەنتەرەكانی جوانكاری و تاتۆ كوتین، كە رێگەپێدانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان نییە.
هۆكارەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: ئایدز نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی درمە و لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی خوێن، یان سێكس، یان دایك بۆ كۆرپە یان هەر بەركەوتەیەكی راستەوخۆی خوێن و دەردراوەكانی دیكەی توشبوو بۆ كەسانی دیكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان