چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەو وادەیەی دیاریکراوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەیەمین خولی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەبچێت و لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادا هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەنگ بۆ پڕکردنەوەی 705 کورسیی ئەو پەرلەمانە بدەن.
ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو، لەوانەی خولەکانی پێشوو جیاوازە چونکە یەکەمین پرۆسەیە کە لەدوای چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە بەڕێوە دەچێت و دوای ئەوە دێت کە لە زۆربەی وڵاتەکاندا حزبە توندڕەو و راسیست و نازییە نوێیەکان یان دەسەڵاتیان بە شێوەی ئیئتیلافی گرتۆتە دەست، یان فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز و بەرچاون، جگە لەوەش زەقتربوونەوەی ململانێ و رکابەریی روسیا ئاڵنگاریی زیاتری دروستکردووە.
بەرلە سازدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە رۆژنامە ناودارەکانی جیهان لەسەری دەنووسن و رۆژنامەنووسان و رووناکبیران و چاودێرانی سیاسی بیروڕاکانی خۆیان لەسەر ئەو پرسە بڵاودەکەنەوە.
ئەوروپییەکان ترسیان هەیە
لەو بارەیەوە رۆژنامەی Avvenire ی ئیتالیا لەسەر لاوازیی لە یەکهەڵوێستتی ئەو یەکێتییە نووسیوێتی کاتێک هاووڵاتییەکی ئەوروپایی خەون بە بەهێزبوونی یەکێتییەکەوە دەبینێت، هەمان کات ترسی لە هەڵوێستەکانی برۆکسل هەیە، چونکە شەرمنانە بڕیاردەدات لە رووداوە جیهانییەکاندا و هەمیشە راڕایە.
وڵاتە ئەندامەکان حەزدەکەن بازاڕی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بڕوایان بە دراوی یۆرۆ نییە کە هی خۆیانە، سنووری هاوبەش و یەکگرتوویان هەیە، بەڵام دەترسن لێیان هەڵبووەشێتەوە. دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگەکان بهێنن، بەڵام نایانەوێت ئاراستەیەکی هاوبەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بگرنەبەر.
رەنگە ئەوروپاییەکان هەرگیز وەک ئەمڕۆ بێ بڕیار نەبووبن، بۆیە زەمینەی ئەو هەڵبژاردنە نائاساییە و وەک ئەوانەی پێشوو نابێت.
ئەوروپایەکی لاواز یان بەهێز؟
رۆژنامەی El Peridico کە لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا دەردەچێت و نزیکەی پێنج ملیۆن خوێنەری هەیە، ئاماژەی بەوە کردووە، لەو خولەی ئێستادا پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا توانیوێتی 450 یاسا دەربکات، لە گرنگەکان یەکەمین یاسای جیهان لەسەر زیرەکیی دەستکرد، پەیماننامەی نوێی کۆچ و پەنابەری، کارنامەی سەوز و بەستنەوەی پارەی ئەوروپا بە سەروەریی یاساوە، بەڵام ئاستەنگەکانی داهاتوو زۆر گەورەن کە بریتین لە بەرگری لە دیموکراسی، پێشکەوتن لە سیاسەتی بەرگری، بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی ئەوروپا، خێرایی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە ماوەی کەمتر مانگێکدا دەبێت بڕیار بدەین کە لەم جیهانە ناسەقامگیر و ئاڵۆزەدا چ جۆرە ئەوروپایەکمان دەوێت.
پاشەکشەی پارتە پێشکەوتنخوازەکان
Die Welt ی ئەڵمانی کە بە تیراژی 87 هەزار ژمارە چاپ دەکرێت و نزیکەی ملیۆنێک خوێنەری هەیە، باس لە شکستی پارتە پێشکەتنخواز و سۆشیالیست و لیبراڵەکان دەکات و دەڵێت: شەرمەزارییە لە سەردەمی ئەو هەموو پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەکاندا لەو هەڵبژاردنەدا لە پارت و کەسایەتی سیاسی توندڕەی ئەوروپایی بترسین، دیارە بە درێژایی خەباتی ئەو هەموو ساڵە ئەو پارتانە خزمەتێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە ئێستا لە ئەنجامەکەی بخۆن و کۆمەڵگەکانی لە سایەیاندا بحەسێنەوە و مەترسی ئەجێندای نازییەکانی سەدەیەک لەمەوبەر بڕەوێتەوە.
سەردەمی پیلانگێڕییە
رۆژنامەی گەورەی لیبرالی سویدی Expressen کە خوێنەرانی ئۆنلاینی لە هەموو جیهاندا دەگاتە 100 ملیۆن کەس، دەڵێت: «مەترسییەکە ئەوەیە کە دامەزراوەی میدیایی دیجیتاڵی ئەوروپی EDMO کەمتەرخەمە لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست بەرامبەر بە یەکێتییەکە، چونکە لەم سەردەمەدا پیلانگێڕییەکان ئەوەندە زۆربوون دەرەقەتیان نایەت.
رۆژنامەکە هۆشداری دەدات لەوەی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی تیۆرەکانی پیلانگێڕی خۆی ببێتە تیۆرێکی پیلانگێڕی و دەشڵێت: «یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام دەبێت دیموکراسی لە ئۆپەراسیۆن و زانیارییە سیخوڕییەکانی روسیا بپارێزن».
هەڵوەشانەوەی ئەوروپا
رۆژنامەی Aftenposte -یش کە رۆژنامەیەکی رۆژانەیە و 184 ساڵە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەردەچێت، لۆمەی سەرانی چەند پارتێکی راسیستی ئەوروپایی دەکات کە هاوشێوەی دەسەڵاتی کریملین خەون بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی ئەوروپاوە دەبینن، وەک سەرانی پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانی و کەسایەتی دیاری راستڕەوی هۆڵەندی «خێرت فێلدەرز» کە هەردووکیان لەناو پەرلەمانی وڵاتەکە و هی ئەوروپاشدا ئەندامی بەرچاویان هەیە.
هەر لەو رۆژنامەیەدا هاتووە کە سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا و ئیتالیا و سەرۆکی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا ئێستا بەرچاوڕوونیان بۆ پەیدابووە لەسەر ئەو زیانانەی کە بەر بەریتانیا کەوت لە ئەنجامی چوونە دەرەوەی لە یەکێتییەکە و مەترسیی هەڕەشەی روسیایان بۆ پەیدابوو لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکانیان، بۆیە ئەگەر پیشتر داوای برێکستیان دەکرد، ئێستا پاشگەزبوونەتەوە و بانگەشەی مانەوە دەکەن.
ئێستا جاران نییە
رۆژنامەیHufvudstadsblade فینلەندی پێیوایە کە ئێستا لەوەتەی وڵاتەکەی بۆتە ئەندامی یەکێتییەکە، هاوکێشەکە گۆڕاوە و هەنگاوێک چۆتە پێشەوە، چونکە لەجەنگی روسیا - ئۆکرانیادا دۆخی جیۆپۆلەتیکی سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی لە یەکێتی ئەوروپادا گەیاندۆتە ئاستێکی تەواو جیاواز، هەروەها نووسراوە یەکێتییەکە سەنتەری بڕیاری وڵاتە ئەندامەکانێتی، بۆیە 40 %ی ئەو یاسایانەی کە ساڵانە لە فینلەندا دەردەچن، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپان، بۆیە دەبێت لە بایەخی هەڵبژاردنەکە و ئەو پەرلەمانە تێبگەین، کە چارەنووسی زیاتر لە 27 وڵات و دەرودراوسێکانیانی پێوە بەندە.
سیستمی وڵاتانی ئەندام سیستمی کۆی پەرلەمانی یەکێتییەکە دەگۆرن؟