ئاشتکردنەوەی کتێب لەگەڵ خوێنەردا

لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری: زیاتر لە دوو هەزار کتێب لە پیشانگاکەدا نمایش کراوە

09:54 - 2024-05-23
ڕاپۆرت
368 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا 

بە ئامانجی ئاشتکردنەوەی کتێب لەگەڵ خوێنەردا، بۆردی هۆشیاری مەكتەبی راگەیاندن، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بەردەرکی سەرای سلێمانى پیشانگایەکى کتێبی لە رۆژی جیهانی کتێبدا بەڕێوەبرد.
پیشانگاکە بە ناونیشانی (کتێبێک بێنە و کتێبێک ببە) واتە هەر کەسێک کتێبێکى لە ماڵەوە هەیە و خوێندویەتییەوە، دەتوانێت بیهێنێت و لەجیاتى ئەوە کتێبێکى دیکە ببات کە پێویستى پێیەتى.
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری مەکتەبی راگەیاندن بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بابەتی كتێب و خوێندنەوەی و بازاڕی فرۆشتنی لە قەیراندایە و گرفتی نەخوێندنەوە باڵی بەسەر هەموو بوارەکاندا کێشاوە، دۆخەکە وایکردووە خوێنەر زۆر كەم بۆتەوە، بۆیە ئەمساڵیش بە ئامانجی هاندانی هاووڵاتیان بۆ خوێندنەوە ئەم پیشانگایەمان کردەوە.
وتیشی، لە پیشانگاکەدا جگە لە سەدان کتێبی خۆمان، بەشێک لە خوێنەرانیش کتێبیان هێنابوو بۆ بەخشین بەو کەسانەی دەیانەوێت بیخوێننەوە.
خوێندنەوە بکرێتە کەلتوور
ماوەی سێ ساڵە لەسەریەک مەکتەبی بیر و هۆشیاری لە رۆژی جیهانی کتێبدا ئەم پیشانگایە دەکاتەوە، نەجمەدین فەقێ لەو بارەیەوە دەڵێت: بیرۆکەی کتێبێک بێنە و کتێبێک ببە تازە نییە و لە وڵاتانی دیکەش بەشێوەیەکی فراوان هەیە، لێرەش هاووڵاتیان بە رێژەیەکی باش بەشدارییان کرد و ئامانجمانە لە ساڵانی داهاتووشدا زیاتر پەرەی پێ بدەین و ببێتە کەلتوورێک لە هەموو شارەکانی دیکەی هەرێم.
لەبارەی جۆری کتێبەکانی لە پیشانگاکەدا نمایشکراون باسی لەوەکرد، زیاتر لە دوو هەزار کتێب بە ناونیشانی زۆرباش نمایشکرابوون، بۆ نموونە بەرهەمەکانی سەرۆک مام جەلال، دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا کتێبخانە گشتییەکانیش بەشداربن، کە ئامانجەكە دروستكردنی كەشێكە لە خۆشەویستكردنی كتێب لەلای هاووڵاتیان.
مەکتەبی بیر و هۆشیاری لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ئەمساڵدا، هەشت هەزار و 434 کتێب و نامیلکەی بەخشیوەتە ئۆرگانەکان و ئەو کەسانەی سەردانیان کردووە.
بەشداری هاووڵاتیان لە پیشانگاکەدا
 رێكەوت ئیسماعیل لێپرسراوی بەشی هۆشیاری و هونەری لە بۆردی هۆشیاری دەڵێت: جگە لە دوو هەزار و 500 کتێبی مەکتەبی بیر و هۆشیاری کە پێشکەش بە خوێنەران کراوە، نزیكەی پێنج سەد كتێبی تریش لەلایەن هاووڵاتیانەوە هێنرابوو بەخشرانە ئەو کەسانەی حەزیان بە خوێندنەوەیان بوو.
وتیشی: ئاماجێکی دیکەی بەخشینی کتێب بەبێ بەرامبەر ئەوەیە وەزارەتی رۆشنبیری لە ئەستۆی بگرێت و ببێتە نەریت، ساڵانە هەموو كتێبخانەكان پابەند بكات بەوەی لە رۆژی جیهانی كتێبدا كتێب ببەخشن بەپێی توانای خۆیان. 
هاوکات ئەمیرە عومەر ئەندامی بۆردی هۆشیاری دەڵێت: پیشانگاکەمان هاندان بوو بۆ ئەو کەسانەی کە کتێبیان هەیە خوێندویانەتەوە و لە ماڵەوە دایانناوە، بهێنن بیبەخشنە کەسانی دیکە، لە جیاتی ئەوەی لە ماڵەوە تۆزی لەسەر بنیشێت کەسێکی دیکە سوودی لێ دەبینێت، یاخود هەندێک کتێب هەیە لە بازاڕدا دەست ناکەوێت، بەڵام لەلای خوێنەرێک هەیە خۆی خوێندویەتییەوە و دواتر دەیهێنێت بۆ بەخشین کەسێکی دیکە دەیخوێنێتەوە. جگە لەوە خەڵک هەیە حەزی لە کتێب خوێندنەوەیە، بەڵام توانای کڕینی نییە لەم پیشانگایەی ئێمەدا بە ئازادانە و بەبێ بەرامبەر کتێبی دڵخوازی خۆی بردووە بۆ خوێندنەوە.
ئاشتکردنەوەی خوێنەر لەگەڵ کتێب
كتێب بۆ پەرەپێدانی روناكبیریی هەرمیللەتێك كاریگەریی خۆی هەیە، بەڵام گەشەكردنی تەكنەلۆژیا، سۆشیال میدیا و زۆربوونی هۆکارەکانی گەیاندن کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی خوێندنەوەی کتێب.
عادل علی لێپرسراوی بەشی ئەرشیف و مێژوو لە بۆردی هۆشیاری وتی: ئەم هەوڵانەی ئێمە بۆ ئاشتكردنەوەی خوێنەرە لەگەڵ كتێبی کاغەزی و ئەوەی بتوانین گۆشەیەك بگرین یان بتوانین ئەگەر بە هەنگاوێکی بچووکیش بێت پشتیوانی خوێندنەوەی کتێب بین و هاووڵاتیان هانبدەین بۆ خوێندنەوە.
وتیشی: لەبەرئەوەی پیشانگاکەمان دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا، دەمانەوێت لە داهاتوودا چالاکییەکە فراوانتر بکەین جگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان شارەکانی دیکەی عیراقیش بگرێتەوە.

بەشێک لە ستافی بۆردی بیرو هۆشیاری مەکتەبی راگەیاندن

پارێزگاری سلێمانیش لە پیشانگاکە بوو

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان