فۆرم لەرۆمانی نەفرەتی نەوبەهاران - ی بەختیار عەلی دا

10:50 - 2024-05-23
ئەدەب و هونەر
808 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار عەلی

زەردەشت نورەدین 

زۆربەری رەخنەگران كە لەبارەی رۆمانی كوردییەوە دەنووسن، چەند ئاماژەیەك، بەچەند زاراوەیەكی پەیوەست بەفۆرمەوە دەدەن؛ بەڵام لەڕاستیدا زاراوەكان هەروەك وشەی ئاسایی دەیبینن؛ ئەگەر لەوەش زیاتر هەڵكێشن لەناو چەند كڵێشیەكدا دووبارەی دەكەنەوە بۆ هەموو رۆمانێك بەكاری دەهێنن؛ بۆ نموونە رۆمانەكە درێژدادڕە، زمانەكەی خراپە، وەسفییە، یان وەسفی نییە، شیعرییە یان شیعری نییە، رۆمانێكی فەنتازیی و خەیاڵییە پەیوەندی بەواقیعەوە نییە، زۆر واقیعییە، كلاسیكە، نوێ نییە. دەربڕی ئەم كڵێشانە، كاتێك باس لەدرێژدادڕی رۆمانێك دەكات، وادەزانێت ئینشایەكی سەرەتایی دەخوێنێتەوە، كە لەبابەتەكە لای داوە، یان درێژی كردووەتەوە، بۆیە پێیوایە ئەوەی بە"دە"رستە دەریبڕیوە، دەتوانێت بەدوو رستە دەریبڕێت. ئەم روانینە دەرەكییە بۆ درێژی، یان كورتی لە هەڵەتێگەیشتن لەفۆرمی رۆمانەوە سەرچاوەی گرتوە. هەر رەخنەگرێك بەقەبارەی رۆمانێكدا بڕیاری لەسەر درێژی، یان كورتی داڕشتنی رۆماندا، یان بەگشتی وتی فڵان نووسەر، یان فڵان رۆمان درێژدادڕە؛ ئەوە روونە لەفۆرمی رۆمان سەر دەرناكات و رۆمان لای وی لەگەڵ حەقایەت جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە. درێژیی یان كورتیی داڕشتنی چەند دیمەنێك یان هی ئەڵقەیەك  پەیوەندی بە رەوت، ریتم، چنین، گێڕانەوە و رێبازو... هەیە و هەموو ئەمانەش بۆ پەیوەندی نێوان توخمەكانی فۆرم و ناوەڕۆكی رۆمانەكە دەگەڕێتەوە كە دەبێت حەقی خۆیان وەرگرن بەگوێرەی تێربوونی دیمەن، یان ئەڵقەكە.
زۆرجار درێژی یان كورتی رۆمانێك بۆ خاوی یان خێرایی رەوت و ریتم دەگەڕێتەوە؛ تاڕەوتی رووداوەكان خێرابێت، ریتمی وەسفەكان خێرا بێت، داڕشتنی دیمەنەكان و ئەڵقەكان كورت دەبێت و ئەگەر خاوبێت درێژ دەبێت. خاوی و خێرایی ناوبراو بۆ جۆری رێباز، چنین، گێڕانەوە، بابەت، ناوەڕۆك و دواجار جۆری هەڵبژاردنی داڕشتن لەلایەن نووسەرەكەوە بۆ ئەو بەرهەمە دیاریكراوە دەگەڕێتەوە. هیچ ستانداردێكی دیاریكراوی نەگۆڕ و هیچ پێوەرێكی گشتی بۆ داڕشتنی توخمە ناوبراوەكان لەئارادا نییە كە بڵێت دەبێت بەم جۆرە بێت یان بەو جۆرە، ئەم شێوازە بەهێزە یان ئەو شێوازە؛ هەموو ئەوەی لەئارادایە، ئەوەیە فۆرمی رۆمانەكە بەگوێرەی ناوەڕۆكە دیاریكراوەكە شكڵی گرتبێت و ئەمەش دوورونزیك پەیوەندی بەدرێژی و كورتییەوە نییە. فۆرمی رۆمان بۆ كڵێشە كورت نابێتەوە تا لە رێگەی كتێبی''چۆن رۆمان دەنووسرێت'' رۆمانێكی باش بنووسرێت، راستە خوێندنەوەی ئەو جۆرە كتێبانە یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام بەتەنیا لەرێگەی كتێبێكەوە ئەوە بەدی نایەت. ژانری رۆمان ژانرێكی رۆژئاواییە و زانینی رۆنانی رۆمان لەوێ بەرهەمهاتووە، تەنانەت ئەگەر بەكوردی كتێب لەسەر چۆنییەتی نووسینی رۆمان نووسرابێت، وەكو وەرگێڕانی خراپ دەردەچێت، لەو بارەدا باشترین كار وەرگێڕانی ئەو جۆرە كتێبانەیە.
رۆماننووس ئازادە لەوەی چۆن بەندەكان بەسەر بەشەكاندا دابەش دەكات، یان چۆن خودی ئەڵقەكان لەنێو بەندەكان پێكەوە گرێ دەدات. بەشەكان دەشێت بەگوێرەی رووداو، شوێن، كات، بابەت، كارەكتەر، ئەڵقەڕیز، یان بەروو دواییان پێ بكات. دیاریكردنی جۆری ئەم دەستوەردانە كاریگەری لەسەر رەوت و ریتمی رۆمانەكە دادەنێت كە لای رەخنەگری بێئاگا وەكو درێژدادڕی یان كورتبڕی دەردەكەوێت. نووسەر رۆمانی نەفرەتی نەوبەهارانـی بەسەر 12 چیرۆكدا دابەشكردووە. ئەم دابەشكردنە رووی لەخوێنەرە و رۆماننووس بەناویدا گەمە فۆرمییەكانی خۆی تێدا دەنوێنێت تا تۆكمەیی زیاتر بەفۆرمەكەی بدات و ناوەڕۆكەكەی بەجوانترین شێوە بەخوێنەر بگەیەنێت. بەتەنیشت ئەوەوە، توێكاری جەستەی رۆمان كە لەلایەن رەخنەگرە ئەدەبییەكانەوە دەكرێت، گەمە فۆرمییەكانی نووسەر هەڵدوەشێننەوە و بەجۆرێكی تر ئەڵقە و بەندەكان  رێكدەخاتەوە، تاوەكو لەودیو چێژی دەقەوە بچێتە قووڵایی مانای رۆمانەكەوە. ئەگەر توێكاری بۆ جەستەی رۆمانی نەفرەتی نەوبەهاران بكەین، چیرۆكەكان(چ) كە دابەشكاری نووسەرەكەیە بۆ رۆمانەكەی، بەم جۆرە لەبەندەكاندا خۆی دەبینێتەوە: بەندی یەكەم (چ1 و چ2)، بەندی دووەم (چ3 و چ8)، بەندی سێیەم (چ4، چ5، چ6، چ9)، بەندی چوارەم (چ7)، بەندی پێنجەم (چ1٠ و چ11) و بەندی شەشەم (چ12). دەبینین ریزبەندی بەندەكان هێڵی نییە و بەروودوایی تێدایە، جگە لەوەش ریزبەندی هەندێ لە ئەڵقەكانی ناو بەندەكان دیسانەوە هێڵی نییە و بەروودوایی پێكراوە. 

 

رۆماننووس ئازادە لەوەی چۆن بەندەكان بەسەر بەشەكاندا دابەش دەكات، یان چۆن خودی ئەڵقەكان لەنێو بەندەكان پێكەوە گرێ دەدات. بەشەكان دەشێت بەگوێرەی رووداو، شوێن، كات، بابەت، كارەكتەر، ئەڵقەڕیز، یان بەروو دواییان پێ بكات

 

لە زۆربەی رۆمانەكاندا بەند و بەشەكان بەگوێرەی رووداوەكان دیاری دەكرێن؛ لەم رۆمانەدا وێڕای ئەوەی رووداوگەلی چاوەڕواننەكراو و سەرنجكێشی تێدایە، كەچی بەش و بەندەكان بەگوێرەی كارەكتەرەكان دانراون. ئەگەر لە روانگەی دابەشبوونی بەند و بەشەكانەوە تەماشای بكرێت، كارەكتەر لە رووداو لەپێشترە، لەگەڵ ئەوەشدا یەك كارەكتەری سەرەكی مرۆیی تێدا نییە، لەبری ئەوە چەندین كاراكتەری مرۆیی سەرەكی تێدایە. لەهەموو ئەوانەش گرنگتر كارەكتەری سەرەكی تێیدا، مرۆڤ نییە، بەڵكو وێنەیەكە، وێنەیەكی رووتی ژنێك (گێلاسی نەوبەهاران) كە دەبێتە چەقی تەواوی گرێچن، گێڕانەوە و ئەڵقەكان. راستە لە رۆمانەكەدا خاوەنی وێنە رووتەكەشی تێدایە، بەڵام لە درێژەی رۆمانەكەدا لە یەكتری جیا دەبنەوە و بە كات، شوێن، رووداو، فەزا، ئەڵقەی جیاوازدا دەڕۆن. هەركام لەوانە دەبنە خاوەن تیشكۆی خۆیان و چەندین ڕووداوی جیاواز بەناویاندا گوزەر دەكات.
ئەم جۆرە لەداڕشتن لەپەیوەند بەكارەكتەرەوە، كە باسكرا و خۆی لەفۆرمدا دەبینێتەوە، دەرەكی نییە سەر بەناوەڕۆكی رۆمانەكەیە. خوێنەر كاتێك رۆمانەكە دەخوێنێتەوە بەرئەوە دەكەوێت كە وێنەی گێلاس لەخودی گێلاس زیاتر كاریگەرە، جگە لەوەش لەخودی رۆمانەكەدا بەئاگاییەوە، ئاماژەی پێكراوە؛ وێنەكە بەپێچەوانەی مرۆڤەكانەوە كە بەهۆی لێكەوتەی وێنەكەوە دەمرن و لەناو دەچن، وێنەكە هەموو جارێك پاش مردنی لەخۆڵەمێشی خۆیەوە زیندوو دەبێتەوە، وەك ئەوەی نەمربێت و هەرجارە لەكاتی لەناوچوونی هەمان وێنەدا، گێڕەرەوە هەمووشتزانەكە، هەمان ئاماژە بە لەناوچوونی وێنەكە دەدات، بەوەی كە دەبێتەوە بەخۆڵەمێش. لەدوای بەخۆڵەمێشبوونی لەخوێنەردا جووت هەستی بەرانبەر وێنەكە دروست دەبێت، داخۆ تەواوبوو بەخۆڵەمێش یان ئەوەتا لەبەشی دواتردا زیندوو دەبێتەوە. وەك چۆن وێنە رووتەكە لەفۆرمدا بووە بەچەق، بەهەمان شێوە لەناوەڕۆكدا وێنە رووتەكە بووە بەچەق و ئەمەش هارمۆنییەكی تۆكمە بەفۆرمی رۆمانەكە دەبەخشێت؛ واتە چەقی ناوەڕۆكی رۆمانەكە بەجوانترین شێوە فۆرمی وەرگرتووە.
خوێنەر كاتێك رۆمان دەخوێنێتەوە لەگەڵ رۆمانەكەدا لاپەڕە بەلاپەڕە دەڕوات، لەهەر لاپەڕەیەكدا دەشێت بەر رووداوێكی نوێ بكەوێت یان نەكەوێت، دەشێت چەندین لاپەڕە بخوێنێتەوە، رووداوێك روونەدات و تەنانەت بەردیمەنێكیش نەكەوێت. دەشكرێت چەندین لاپەڕە هەر دیمەنێك، یان ئەڵقەیەك بێت. ئەوەی لەلای خوێنەر دەردەكەوێت وردەكاری توێكاریی جەستەی رۆمان نییە، بەڵكو دڵڕفێنی، سەرسامی، راكێشان و چێژبەخشینە بەخوێنەر، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت تووشی رامان و بیركردنەوەی بكات. لەلای خوێنەر وردەكاری توێكاریی دەرناكەوێت و سەری لێ دەرناكات، بەڵام بەبێ ئەوەی سەر لەو وردەكاریانە دەربهێنێت یان بیانزانێت، هەست بەوە دەكات چێژ لەخوێندنەوەی رۆمانەكە دەبینێت، یان نا و پاش خوێندنەوەی دیسانەوە هەست بەوەدەكات، رۆمانەكە لەلای دەمێنێتەوە، یان تەنیا چێژێكی كاتی پێ بەخشیوە، یاخود ئەوەتا لەپاڵ چێژەكەیدا تووشی رامان و بیركردنەوەی كردووە و بەناو ئەوەدا دەستكاری ئاگایی كردووە و گۆڕانكاری لە روانگەیدا بەدیهێناوە، پانتایی تر، یان كۆمەڵێك كەرەستەی هەستەكی تری پێ بەخشیوە كە باشتر و فراوانتر دەتوانێت دەوروبەر و خۆی ئەزموون بكات. بێگومان مەرج نییە بە تەواوی خوێنەر بتوانێت تەنیا لەڕێگەی هەستەوە جیاكاری لەنێوان رۆمانی جیدی و بەرز لەگەڵ رۆمانی تەرفیهی و نزمدا بكات؛ تەنانەت ئەگەر نەشتوانێت ئەوە بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بێت و رێی لە رۆمانی جیدی و بەرز بكەوێت لەیادگەیدا دەمێنێتەوە. بەتەنیشت ئەوەشەوە دەشێت لەگەڵ زۆر رۆمانی بەرز وجیدیشدا كارلێك نەكات و نەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دروست بكات؛ ئەمە بۆ چەشەی خوێنەر دەگەڕێتەوە تا چ ئاستێك و بە چ بەرهەمێك پەروەردە و گۆش كراوە. لە رۆمانی نەفرەتی نەوبەهاران-ی بەختیار عەلی دا هاوسەنگی نێوان چێژ و بیركردنەوە راگیراوە، ئەم دانسقەییە دەگمەنە لەڕێگەی فۆرمەوە بەرهەمهاتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان