راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
ماوەی چەند ساڵێك بوو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەهۆی وشكەساڵی و كەمی باران كەمی دەكرد و دوای دروێنەكردنیشی هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق ئامادەنەبوون لێیان بكڕن، بەڵام چەند ساڵێكە حكومەتی عیراق رێژەیەك لە گەنمەكەیان لێدەكڕێت و ئەمساڵیش بەهۆی زۆری رێژەی باران، بەرهەمیان زۆری كردووە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە حكومەتی عیراق بڕێكی زۆر كەمتر لەو گەنمەی چاندویانە لێیان وەردەگرێت و لە بازاڕیش نرخێكی وا ناكات كە سوودی لێ ببینن.
رێژەی باران بارین زۆر باش بووە
نامیق سۆربەشی یەكێكە لە جووتیارە دێرینەكانی هەولێر لە بارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وتی: ئەمساڵ بڕی بەرهەمی گەنم باشە هەر جووتیارێك بەشێوەیەكی باش خزمەتی گەنمە چانراوەكەی كردبێت، ئەوا لە هەر دۆنمێك زەوی، یەك تۆن و نیو بەرهەمی هەبووە یاخود هەر عەلبەیەك بەرهەمەكەی 20 تا 25 عەلبە گەنم بووە.
وتیشی: هەرچەندە لە سەرەتای وەرزی چاندنی گەنم، جووتیاران بەشێكیان ئاوی بەرهەمەكانیان بە ئاوی بیر دەدا، بەڵام دواتر بەهۆی زۆری رێژەی باران باران وازیان لەئاودان هێنا، هەندێك جۆری گەنم هەبوو بەهۆی تەرزە بارین زیانی بەركەوت، بەڵام بارانەكە هیچ زیانێكی نەبوو زۆر بەسوودیش بوو، چونكە گەنمی چێنراو لەساڵێكدا پێویستی بە 550 ملیمەتر باران هەیە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 700 ملیمەتر باران باری، بەڵام ناوچەش هەبووە بەهۆی لافاوەوە كە مادەی لم لەگەڵ خۆی بۆ سەر گەنمەكە دەهێنێت خاوەنەكەی زیانی بەركەوتووە.
حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەمساڵ بەرهەمی گەنم و رێژەی باران بارین زۆر باش بووە بەتایبەتی بەهۆی بارانی بەهار كە سوودی زیاتر بووە، چونكە لەوكاتەدا گەنم پێدەگات.
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمیش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە حسێن محەمەد وتی: رێژەی ئەمساڵیش لە وەرگرتنی گەنم زۆر كەمە كە تەنیا 650 هەزار تۆنی هەموو گەنمی هەرێمی كوردستان وەردەگرن لەوانەیە ئەمساڵ بەرهەمی گشتی گەنم بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن، چونكە ئەو گەنمەی بەشێوەی دێمیش چاندراون وەكو گەنمە بەراوەكان بەرهەمیان باش بووە، ئەو كارەی ئێستا حكومەتی عیراق لەگەڵ جووتیارانی هەرێم دەیکات ستەمێكی گەورەیە، چونكە بڕیاریداوە 100 %ی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی عەرەب وەردەگرێت و بەمەش جیاوازی لەنێوان جووتیارانی كورد و عەرەبدا دەكات، كاتێكیش لە حكومەتی عیراق دەپرسن دەڵێن هەرێم رێژەی زەوی چێنراو بە گەنمی كەمە، بەڵام ئەگەر رێژەكەش كەم بێت، دەبێت 100 %ی بەرهەمەكەمان لێوەربگرن.
حسێن محەمەد: داواكاریمان لە حكومەتی عیراق ئەوەیە جیاوازی لە نێوان جوتیارانی هەرێم و عیراقدا نەمێنێت داواش لە حكومەتی هەرێم دەكەین فشار بکات بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە
ئەمساڵ گەنم زۆرە
وتیشی: حكومەتی عیراق هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران دەكڕێتەوە كە نرخێكی باشە بۆ جووتیاران، بەڵام واباشتر بوو نرخی دروێنەش دیاریی بكرابایە بۆ ئەوەی ستەم لە جووتیار نەكرێت، چونكە ئەمساڵ گەنم زۆرە، بۆیە خاوەن دەڕاسە هەیە ئەمە دەقۆزێتەوە و نرخی دروێنە گران دەكات كە لەهەندێك ناوچە نرخی دورێنەكردنی عەلبەیەك گەنم بەرامبەرە بەعەلبەیەك هەقدەستی دەڕاسەكە یا ئەگەر بەرهەمەكەی كەم بێت بەبڕێك پارە دەیدورنەوە، خاوەن دەڕاسەكانیش مافی پێدانی بڕێك گازیان هەیە كە ئەوكات ئەوانیش نرخەكەی هەرزان دەكەن.
وتیشی: داواكاریمان لە حكومەتی عیراق ئەوەیە جیاوازی لەنێوان جووتیارانی هەرێم و عیراقدا نەمێنێت داواش لە حكومەتی هەرێم دەكەین كە فشار بخاتەسەر عیراق كە واز لەو جیاوازییە بهێنێت بۆ وەرگرتنی گەنم، هەروەها پێوستە ئامێری كشتوكاڵی كە دێتە عیراق بۆ هەرێمیش بهێنرێت هەروەها بنەتۆو و پەینی كیمیایی و دەرمانی قڕكەر بەجووتیاران بدرێت، چونكە ئەگەر خۆی بیكڕێت تێچوویەكی زۆر لەسەر جووتیار دەكەوێت، چونكە ئێستا تۆنێك بنەتۆ و پەینیش بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە دەرمانی قڕكەریش زۆربەی لە بازاڕی رەش دەكڕدرێت كە هەندێكجار نرخی گرانە یا ماوەی بەسەرچووە یان مادەكەی ناوی باش نین كە ئێستا حكومەتی عیراق پاڵپشتی جووتیارانی خۆی لەو شتانەدا دەكات، ئێستا زەویەكی زۆر بەر ماستەرپلانی شارەكان كەوتووەو حكومەت كاری پێیان نییە، بۆیە تا ئەوكاتەی دەیكات بەپڕۆژەیەك واباشترە بیدات بەجووتیاران و بەرهەمی تێیدا بچێنن بەتایبەتی ئێستا جگە لەو زەوییانەی بەر ماستەرپلان كەوتوون هیچ زەوییەك نەماوە لە هەرێم نەچێنرێت.
بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران
هەر لەبارەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەبارەت بەپڕۆسەی بەبازاركردنی گەنمی جووتیارانی هەرێم، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو رێكارێكی گرنگی گرتۆتەبەر بۆ ئەو مەبەستە كە کردنی رووپێوێكی زانستییە بەشێوازێكی (سەتەلایتی داتا) كە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم دەکرێت، كە بەشێكی دۆكیۆمێنت كراوە و پێشكەشی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كراوە كە ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە و رێژەی باران بارینیش باشە و پێشبینی بەرهەمی گەنم لە سەرووی دوو ملیۆن تۆنە.
وەرگرتنی گەنم یەكلایی نەبۆتەوە
وتیشی: حكومەتی عیراق رایگەیاندووە ئەمساڵ لە چوارچێوەی پلانی ئاسایشی خۆراك و دانەوێڵە بڕی 6 ملیۆن تۆن گەنم لە هەموو عیراقدا وەردەگرێت، بەڵام تائێستا بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵام لەڕۆژانی داهاتوودا بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و تیمی تەكنیكی وەزارەتەكە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لەسەر یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە كۆدەبنەوە كە شاندەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ جاری سێیەمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەكەن كە داوامان كردووە هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بەشێوەیەكی كراوە مامەڵەی یەكسان لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەروەك تیمێكی تەكنیكی شارەزایانی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە چەند هەفتەی رابردوو سەردانی كێڵگەكانی جووتیارانی هەرێمیان كرد و لەنزیكەوە شایەدی ئەوە دەدەن كە رێژەیەكی باش باران باریوە و رێژەیەكی زۆر زەویش بە بەرهەمی گەنم چێنراوە.
وتیشی: هەر بۆ مەبەستی یەكلاییكردنەوەی كێشەی بەبازاركردن و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و هاوشێوەی شارەكانی تری عیراق، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەڕۆژانی رابردوودا سەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری و وەزارەتی بازرگانی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی كردووە كە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم پێداگری لەوە دەكات ئەو كێشەیەی لە ساڵانی رابردوودا هەبوو ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە، چونكە لەساڵی 2022 تەنیا 300 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و لەساڵی 2023 شدا بەپێداگری و شەڕێكی زۆر تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە كە ئەو رێژەیە لە ویست و داواكارییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمدا نییە.