ئەمڕۆ مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگەداربوون لە تەندروستی، سەردانی هەڤاڵ عوسمان عەبدوڵڵا سوڵتان ناسراو بە (عوسمانی رابە)، فەرماندە و تێکۆشەری دێرینیان لە سلێمانی کرد.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا مەکتەبی سکرتاریەت وێڕای هەواڵ پرسین، هیوای سەلامەتی و کامەرانییان بۆ خواست و لە بەرامبەر مێژووی پاک و خزمەتەکانی لە کۆڕی تێکۆشان و پێشمەرگایەتیدا چەپکەگوڵی وەفا و ئەمەکدارییان پێشکەشکرد و جەختیانکردەوە کە لەسەر بڕیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی هەموو تێکۆشەران و ئەوانەی بەشێک بوون لە شۆڕشی نوێ و خەباتی کوردایەتی بەسەردەکرێنەوە و لە ئاست گەورەیی و خەباتیاندا خزمەتکاری راستەقینە دەبین.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ عوسمان عەبدوڵڵا بە پێزانیینەوە لەم هەوڵەی روانی و هیوای خواست بە پڕۆژە و خزمەتی زیاترەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بن کە ژیانی خۆیان کردە قوربانی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکان.