نوری شێخ فەرەج ساڵی 1932 لە سلێمانی گەڕەکی دەرگەزێن هاتۆتە دنیاوە، پۆلی پێنجی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵیە تەواو کردووە.
خولیا و حەزی زۆری هەبووە بۆ وێنەگرتن، ساڵی پەنجاکان چۆتە لای یەحیافەندی رەسام فێری ئەم هونەرە بووە، هەر لەو ساڵانەدا ستۆدیۆی خۆی داناوە بە ناوی ستۆدیۆ نوری خوار چایخانەی شەعب تەنیشت دەرمانخانەی شەوکەت.
هەمیشە دوکانەکەی شوێنی پیاوماقوڵانی شار بووە، پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆ و خۆشەویست و بە بەزەیی بووە، بەوە ناسراوە کە یارمەتی ئەو کەسانەی داوە کە ویستوویانە فێری وێنەگرتن ببن
ئەو کاتە لە سلێمانی تەنها وێنەی رەش و سپی هەبوو، بەڵام ئەم زۆر حەزی لە وێنەی رەنگاوڕەنگ بوو، بۆ ئەو مەبەستە چۆتە بەغدا و جیهازێکی هێناوەتە سلێمانی بۆشتنەوە و چاپکردنی وێنەی رەنگاوڕەنگ، ئەو جیهازە ناوی ئەنەلایزەر بووە، زۆربەی شەوان تا بەیانی لەماڵەوە کاری کردووە بۆ چاپکردنی وێنەکان .
لەماوەی کارکردنیدا وێنەی زۆربەی کەسایەتی و پیاوماقوڵ و شاعیر و نووسەری شار و بەردەرکی سەراو ناو سەرای بە کامێرەکەی خۆی گرتووە، بەهۆی شوێنی جوگرافی ستۆدیۆکەیەوە کە لەخوار سەرا بووە و لافاوەکانی سلێمانی زیاتر ئەو رێرەوەی گرتۆتەوە، وێنەی بەشێکی زۆری لافاوەکەی ساڵی 1957ی گرتووە .
شاگردی زۆری هەبووە، یەکێ لەوانە کاك عەلی بووە ناسراو بە عەلی ئاسۆ لەدواییدا ستۆدیۆی خۆی داناوە لەسەر پردەکە لەجادەی مەولەوی.
لەگەڵ کاری وێنەگرتندا کامێرای بۆ خەڵك چاك کردۆتەوە و لەهەکان کاتدا وەکیلی ئەجهیزەی دەقیقە بووە، کامێرا و کەلوپەلی وێنەگرتنی لا دەست دەکەوت، هەمیشە دوکانەکەی شوێنی پیاوماقوڵانی شار بووە، پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆ و خۆشەویست و بە بەزەیی بووە، بەوە ناسراوە کە یارمەتی ئەو کەسانەی داوە کە ویستوویانە فێری وێنەگرتن ببن، ساڵی 1965 لە قاهیرە بڕوانامەی باشترین وێنەگری پێ بەخشراوە .
سەردەمی مەلیك سەربازەکان بە کڵاشنکۆفەوە بەسەر دوکانەکەیاندا داوە و زیانیان بە کەلوپەلەکانی گەیاندووە، لەلایەن ئەمنەکانی رژێمی بەعسیشەوە بەهۆی تەقەکردنەوە چەند جارێ شوشەی جامخانەکەیان شکاوە.
کاتی لافاوەکەی ساڵی 1987 خۆی لە دوکان نەبووە بەڵام ئاواتی کوری لەوێ بووە و وێنەی ئەولافاوەی گرتوو.
دوو جار خێزانی پێكهێناوە، خاوەنی چوارکچ و پێنج کوڕ بووە.
لە سەرەتای نەوەتەکان لەبەرنەخۆشی نەیتوانیوە کار بکات، خالید و بەختیاری کوڕی ستۆدیۆکەیان بەڕێوە بردووە تاساڵی 2014
دواجار لە 25/12/2012 ماڵئاوایی لەژیان کردووە، لە گردی سەیوان بەخاك سپێردراوە، بەشێكی زۆری وێنەکانی بەردەرکی سەراو ولافاوەکانی ئەم شارەی بە ئەرشیفی سلێمانی بەخشیووە.