سودانی: مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دوانه‌كه‌وێت

فه‌رمانبه‌ران ده‌یانه‌وێت ئاسته‌نگ بۆ مووچه‌كانیان دروستنه‌بێت و دوانه‌كه‌وێت

11:44 - 2024-05-28
کوردستان
249 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا و ئیدریس جەبار

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا سه‌باره‌ت به‌ ته‌وتینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوایكردووه‌ «مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دوانه‌كه‌وێت». 
سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه‌ «محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كردووه‌ كه‌ تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوونی پرسی ته‌وتینكردنی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم رێكخراوه‌و تیایدا بڕیاریداوه‌ په‌له‌بكرێت له‌ ته‌واوكردنی تۆماری زانیارییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان».
سه‌باره‌ت به‌و باسه‌، د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: بڕیاری به‌نیشتمانیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێبكرێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێشدا تایبه‌ت به‌ ته‌وتینی مووچه‌، سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌ و داوای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی كردووه‌.
هه‌روه‌ها، د.گه‌یلان قادر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌ڵێت: په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی به‌نیشتمانیكردنی مووچه‌، ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ له‌ تۆماركردنی ناوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كاندا.
هەر لەوبارەیەوە، سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لەبارەی پرسی مووچە و پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی، بە كوردستانی نوێ‌-ی راگەیاند: دۆسێی بودجە پەیوەندیی بە پابەندبوونی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵەوە هەیە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە مووچەوە هەیە، ئەگەر بەو شێوەیەی كە لە خشتەی بودجەدا نێردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمساڵ كێشەی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نابێت.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان