بازاڕ و ترافیک لایتەکان پڕە لە منداڵی ئیشکەر

09:30 - 2022-06-19
ڕاپۆرت
891 جار خوێندراوەتەوە
كاركردنی چەند منداڵێک لە شەقامێکی هەولێر

هەولێر/ رەوەست نەوزاد

دیاردەی كاركردن و سواڵكردنی منداڵان لە هەولێر بە رێژەیەكی زۆر بڵاوبۆتەوە بەتایبەتی بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی هەلی کار و لەلایەكی تر هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق و وڵاتی سوریا كە رۆژانە بەسەدان منداڵ و تەنانەت مێردمنداڵیش لەسەر شەقام و بازاڕ و ترافیك لایتەكان بۆ سواڵكردن و شتن فرۆشتن دەبینرێن و بوونەتە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتیان بەتایبەت شوفێرانی ئۆتۆمبێل ئەو دیاردەیەش رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبێت و تائێستا چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
 
کارکردنی منداڵ رێگە پێدراوە
یوسف كەریمی 11 ساڵ خەڵکی موسڵە ماوەیەکە هاتوونەتە هەولێر و لە بازاڕی سەیداوە ئاو دەفرۆشێت و وتی،  وازم لە خوێندن هێناوە و بەهۆی هەژارییەوە کار دەکەم باوکم کرێکاری دەکات و ئەو پارەیە پەیدای دەکات بەشی بژێوی ژیانمان ناکات و رۆژی نزیکەی پێنج هەزار دینارم دەستدەکەوێت.
وتیشی، لەو ماوەیەی کار دەکەم  هیچ لایەنێكی وەك پۆلیس و رێكخراوەكان نەهاتوون رێگری كاركردنمان لێبكەن و بڵێن كارمەكەن.
مێرد منداڵێکی تری تەمەن 16 ساڵ کە ئاوارەن و لە بازاڕی سەیداوە کار دەکات وتی، باوكم تەندروستی خراپەو کەوتووە لەماڵەوە بۆیە من کاردەکەم هەرچەندە کارەکەشم قورسە بەڵام ناچارم لەبەر خێزانەکەم.
سەمیر عەزیز هاووڵاتیەکی شاری هەولێرە و لەسەر کارکردنی ئەو منداڵانە وتی، گواستنەوەی کەلوپەلی قورس لەلایەن ئەو منداڵانەوە کارێکی زەحمەتە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان دەبێت.

باوكیان كارناکات
مەسعود سابر دوكاندارێكی بازاڕەكە بوو باسی لەوەکرد، ئەو منداڵە حەماڵ و شت فرۆشانە بوونەتە هۆی بێزاركردنی كڕیار و دوكاندار و كاسبكارە خاوەن مێزەكانی بازاری سەیداوە زۆربەی منداڵەكان لە نەتەوەی عەرەبن زانیاریم هەیە هەندێكیان باوكیان كارناكەن لەچایخانە و قاوەخانەكانی شارەكە دانیشتوون كاتێك منداڵەكان كاردەكەن و دێن پارەی كارەكانیان لێدەسەنن.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند: لیژنەیەکیان پێکهێناوە  لە پۆلیسی نەوجەوانان و پۆلیسی رێككاری و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و کار لەسەر ئیشکردن بەو منداڵانە  دەكەن، رۆژانە ئەو لیژنەیە چەندین منداڵ لەسەر شەقامەكان كۆدەكەنەوە كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەلایەن بەخێوكەرەكانیان یا هەر كەسێكی تر رەوانەی سەر شەقامەكانی هەولێر كراون و کاریان پێدەکەن.

لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر خەت
وتیشی: لەماوەی رابردوودا لێپرسینەوەمان لەگەڵ چەند كەسێك بۆ ئەو دیاردەیە كردووە رێوشوێنەكان ئەوەیە كەیسەكانیان رەوانەی دادگا كراون، بەڵام زۆر بەتوندی هەوڵ دەدرێت  ئەو منداڵانە لەسەر شەقامەكان دووربخرێنەوە هۆكاری زۆر بوونی ئەو دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  بەهەزاران خەڵكی بیانی و ئاوارە لەهەولێر دەژین.
لەبارەی چارەسەرنەكردنی یەكجارەكی ئەو دیارەدەیە قائیمقامی هەولێر وتی: دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر خەت بەتایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و رێکخراوەکانی منداڵپارێز.

پێچەوانەی رێکەوتننامەی مافەکانی مرۆڤە
محەمەد گۆمەشینی توێژەری كۆمەڵایەتی دەربارەی كاركردنی منداڵان لە هەرێم وتی : كاركردنی منداڵان لە بنەڕەتدا پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتیەكان و رێكەوتننامەی مافەكانی مرۆڤە و بەشی زۆری ئەو منداڵانەی كاریان پێدەكرێت كاری لە خۆیان قورستریان پێدەكرێت جا چ كاركردن بێت یا سواڵكردن لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانە بەگەرما و سەرما و لەبەر خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە كاریگەری لەسەریان هەیە، هەروەها مەترسی هەراسان كردن و ئیستغلال كردن هەیە لەسەریان كە بۆ مەرامی تر بەكاردەهێنرێن كە ئەمانە وادەكەن ئایندەی ئەو منداڵانە ناڕۆشن بێت و لەگەڵ خەڵكی تر تێكەڵ بن زۆرجاریش بینیومانە  ئەو منداڵانە لەلایەن گروپە مافیاكانی سواڵكردن و دزیكردن بەكاردەهێنرێن.

دوو جۆر منداڵی ئیشكەر هەن
نایف سلێمان بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لەبارەی ئەو دیاردەیە رایگەیاند: دوو جۆر منداڵی ئیشكەر هەیە یەكێكیان پێی دەڵێن كاركردنی منداڵی رێكخراو، ئەوانە لە شوێنكارەكان ئیش دەكەن وەكو كافێ و كارگەكان و شوێنی تر، كارپێكردن و ئیستغلالكردنی منداڵی ناڕێكخراویش هەیە كە بریتیە لەكاری دەستگێڕی ترافیك و بازارەكان و شوێنە گشتیەكان یا ئەوانەی سواڵ دەكەن.
وتیشی: بەپێی یاسای عیراقی هەر منداڵێك لەخوار تەمەنی پانزە ساڵی بێت بۆی نییە كاربكات ئەوەی لەسەرووی ئەو تەمەنەش كاربكات ئەوە مەرجدارە نابێت كارەكە مەترسیدارو قورس بێت.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی خراپی دۆخی  ئابووری و هاتنی پەنابەر و ئاوارە كە سەرووی 85 % یان منداڵی ئاوارەن هەروەك 11 % یان پەنابەرن و رێژەكەی تریش منداڵی شارەکەن، ئێمە پڕۆسێسەرێكمان دەستپێكردووە بەتایبەتی ئەوانەی لەترافیكەكان كاردەكەن كە تائێستا ئێمە بەهاوبەشی لەگەڵ قائیمقامیەتی هەولێر دووجار لیستمان بەرزكردۆتەوە بۆ داواكاری گشتی و پارێزەرەكەش بەدواداچوونی بۆ دەكات دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە بۆ دادگای تایبەت ئەوانیش بۆ بنكەكانی پۆلیس بانگی دایك و باوكیان كردووەو رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
بەپێی ئامارێکی ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 تیمەكانیان دەستنیشانی 492 حاڵەتی كاركردنی منداڵی لەهەولێر كردووەو لەسێ مانگی یەكەمی 2022 شدا دەستنیشانی 186 حاڵەتی كاركردنی منداڵی لەو شارە كردووە كە زۆربەی ئەو منداڵانەی کاردەکەن ژیانیان لەمەترسیدایە.

#منداڵی ئیشکەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان